به‌ختیار حاجی حه‌مه‌د
نووسەر
تێڕامانێك له ره‌هه‌نده ده‌ستووری و سیاسییه‌كان له دابه‌شكردنی هه‌رێمی كوردستان
له‌م رۆژانه‌ی دواییدا، باس باسی پرۆژه و هه‌وڵه‌كانی پارچه پارچه‌كردن یان له‌تكردنی هه‌رێمی كوردستانه له رێگه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه له هه‌رێمی كوردستان و دروستكردنی هه‌رێمێكی نوێ! زۆر جار ده‌كه‌وینه ناو بازنه‌یه‌ك له ململانێی ئاڵۆزی سیاسییه‌وه، به‌ڵام كاتێك ئه‌م پرسه ده‌خه‌ینه باوه‌شی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق (٢٠٠٥) و واقعی بزاوت و ناكۆكییه سیاسییه‌كانی به‌غدا، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌ر هه‌وڵێكی له‌م شێوه‌یه له بنه‌ڕه‌تدا سه‌رناگرێت و تووشی بنبه‌ست ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای دوو هۆكاری سه‌ره‌كی: یه‌كه‌میان ده‌ستوورییه‌و ئه‌وه‌یتریان سیاسییه.
یه‌كه‌م: هۆكاره ده‌ستوورییه‌كه:
له‌ڕووی یاسایی و ده‌ستوورییه‌وه، ده‌ستووری عێراق له مادده‌ی (117) بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) زۆر به ڕاشكاوی دانی به هه‌رێمی كوردستان ناوه وه‌ك هه‌رێمێك و له بڕگه‌ی (دووه‌م)ی هه‌مان مادده باس له دروستكردنی هه‌رێمی نوێ ده‌كات و له مادده‌ی (١١٩) دا زۆر بەڕوونی رێگه‌ی بۆ پێكهێنانی هه‌رێمی نوێ خۆش كردووه و ده‌ڵێت:
«پارێزگایه‌ك یان زیاتر، ده‌توانن هه‌رێم پێكبهێنن به یه‌كێك له‌و دوو رێگه‌یه‌ی خواره‌وه:
1. پێشكه‌شكردنی داواكارییه‌ك له‌لایه‌ن یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای داواكار.
2. پێشكه‌شكردنی داواكارییه‌ك له لایه‌ن ١٠٪ی ده‌نگده‌رانی هه‌ر یه‌كێك له‌و پارێزگایانه‌ی داوای به هه‌رێم بوون ده‌كه‌ن.
بڕگه‌كانی ئه‌م مادده‌یه تایبه‌ته به پارێزگا نه‌لكێندراوه‌كان به هه‌رێمێك و وپارێزگاكانی هه‌رێم ناگرێته‌وه، و له كاتی ئێستا ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم به بڕیاری دادگای فیدراڵی هه‌ڵوه‌شێندراونه‌ته‌وه و توانای پێشكه‌شكردنی داواكاریه‌كی له‌م جۆره‌یان نیه، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌شیانبێت به‌پێی ده‌ستوور پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌رن له ده‌قی سه‌ره‌وه.
دووه‌م: هۆكاره سیاسییه‌كه:
سه‌ره‌ڕای بوونی ده‌قی ده‌ستووری بۆ دروستكردنی هه‌رێم له عێراق، به‌ڵام له ئاراسته و ئیراده‌ی سیاسیی عێراقدا ره‌وشه‌كه ته‌واو پێچه‌وانه‌یه. ناوه‌ندی سیاسی له به‌غدا، به هه‌موو باڵ و پێكهاته باڵاده‌سته‌كانییه‌وه له‌گه‌ڵ دروستكردنی هیچ هه‌رێمێكی تری فیدراڵی نییه، جگه له هه‌رێمی كوردستان (که له ده‌ستووردا هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی پێشینه په‌سه‌ند كراوه).
لای حوكمڕانان و هێزه سیاسییه‌كانی عێراق، هه‌ر هه‌وڵێك بۆ هێنانه كایه‌ی هه‌رێمێك له هه‌ر كونجێكی عێراق، ئه‌گه‌رچی له ده‌ستوور رێگا پێدراوه و نه‌خشه‌ی بۆ كێشراوه، به "هه‌وڵێك بۆ ته‌سفیه و له‌تكردنی قه‌واره‌ی گشتی عێراق" و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌بینرێت. ئه‌م فۆبیا و ترسه سیاسییه مێژووییه له دابه‌شبوون، وایكردووه كه ئیراده‌ی سیاسی له به‌غدا هه‌میشه دژایه‌تیی توندی هه‌ر هه‌وڵێكی له‌م شێوه‌یه بكات و رێگری له دروستبوونی هه‌رێمی نوێ بكات.
ده‌رئه‌نجام
له کۆتاییدا ده‌توانین بڵێین، پرسه‌كه له خاڵی ململانێی نێوان «ده‌قه سارد و یاساییه‌كانی ده‌ستوور» و «گه‌رموگوڕی و به‌رژه‌وه‌ندییه توندوتیژه‌كانی ئیراده‌ی سیاسیی ناوه‌ند» دا چڕده‌بێته‌وە. هه‌ر هه‌وڵێك بۆ له‌تكردنی هه‌رێمی كوردستان، هه‌م له‌ڕووی سیاسییه‌وه به‌هۆی ترسی حوكمڕانانی عێراق له ده‌ستپێكردنی زنجیره‌یه‌كی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه شكست ده‌هێنێت، چونكه رێگه‌دان به هێنانه كایه‌ی هه‌رێمێك له چوارچێوه‌ی هه‌رێمێكی دانپێندراو له ده‌ستوور وه‌ك قه‌واره‌یه‌ك و رێگه نه‌دان به له‌تكردنی ئه‌م هه‌رێمه هه‌ر به ده‌ستوور، بیانوو ده‌داته پارێزگا نه لكێندراوه‌كان به هه‌رێم، بكه‌ونه داوای هێنانه كایه‌ی هه‌رێم و دروستبوونی چه‌ند هه‌رێمێك له عێراق. بۆیه ئه‌م جۆرە پرۆژانه ته‌نیا كارتی فشاری كاتی و كڵاوڕۆژنه‌ی سیاسین كه له گۆڕه‌پانی كرداردا سه‌رناگرن.