کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان؛ هەنگاوێکی گرنگ بەرەو بەهێزکردنی دیموکراسی

کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان؛ هەنگاوێکی گرنگ بەرەو بەهێزکردنی دیموکراسی
کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان؛ هەنگاوێکی گرنگ بەرەو بەهێزکردنی دیموکراسی

دوای دوو ساڵ لە پەککەوتنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان، کاراکردنەوەی ئەم دامەزراوە هەڵبژێردراوە، هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە لە رێگای پاراستنی ئەزموونی دیموکراسی و بەهێزکردنی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەم هەنگاوە تەنیا سەرکەوتنی حزبێک یان لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکوو شانازییەکە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و هیوایەکی نوێیە بۆ داهاتوویەکی سەقامگیرتر.

پەرلەمان نوێنەرایەتیی ئیرادەی هاووڵاتییان دەکات و یەکێکە لە گرنگترین کۆڵەکەکانی سیستەمی دیموکراسی. هیچ وڵاتێکی دیموکراتیک ناتوانێت بەبێ پەرلەمانێکی چالاک، دادپەروەر و خاوەن دەسەڵاتی چاودێری، پێشکەوتنێکی بەردەوام بەدەست بهێنێت. بۆیە دووبارە دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان، گەڕانەوەی دەنگی هاووڵاتییانە بۆ ناو ناوەندی بڕیاردانی سیاسی و یاسادانان.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024، وێنەی ئیرادەی سیاسیی دەنگدەران بوون. لە سیستەمی دیموکراسیدا، هەڵبژاردن تەنیا رۆژی دەنگدان نییە، بەڵکوو پەیمانێکە لەنێوان هاووڵاتی و نوێنەرانی. رێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، رێزگرتنە لە گەل و لە بنەماکانی دیموکراسی. هیچ جیاوازییەکی سیاسی نابێت ببێتە هۆی ئەوەی دامەزراوە دەستوورییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ لە کار بخرێن.

لە هەمان کاتدا، دیموکراسی تەنیا بە زۆرینە پێناسە ناکرێت؛ بەڵکوو بە رێزگرتن لە مافەکانی کەمینە، بەشداریی هەموو حزبەکان، گفتوگۆ و قبووڵکردنی جیاوازییەکانیش پێوانە دەکرێت. پەرلەمانی کوردستان دەبێت ماڵی هەموو لایەنە سیاسییەکان بێت، جا لە دەسەڵات بن یان لە ئۆپۆزسیۆن. بەشداریی هەمووان، هێز و رەوایی زیاتر بەم دامەزراوەیە دەبەخشێت.

ئەمڕۆ پێویستە هەموو لایەنەکان، سەرباری ناکۆکی و جیاوازییە سیاسییەکانیان، بەرژەوەندیی باڵای کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندیی حزبی و کەسی. نیشتمانپەروەرانی راستەقینە ئەوانەن کە لە ساتە هەستیارەکاندا ئاسایش، یەکگرتوویی و سەقامگیریی نیشتمان دەخەنە سەرووی هەموو حیساباتێکی سیاسی. خۆشەویستیی نیشتمان تەنیا بە دروشم ناپێورێت؛ بەڵکوو بە کردار، بە بەرپرسیارێتی و لە ئامادەیی بۆ سازان لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا دەردەکەوێت.

کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزی و مەترسیدا هەڵکەوتووە. بۆیە یەکڕیزیی ناوخۆیی، بەهێزیی دامەزراوەکان و پاراستنی ئاسایشی هەرێم، پێویستییەکی ستراتیژین. ناکۆکیی سیاسی نابێت ببێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی دەستووریی هەرێم یان دروستبوونی مەترسی بۆ ئارامیی هاووڵاتییان. هێزی راستەقینەی کوردستان لە یەکڕیزی و لە بوونی دامەزراوەی بەهێز و بەرپرسیاردا خۆی دەبینێتەوە.

لە دیدارەکانم لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی، هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا لە گفتوگۆکانم لەگەڵ بەرپرسانی ئەورووپی، بە روونی گرنگیی دووبارە چالاککردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراتیکەکان خراوەتەڕوو. ئەو پەیامەی لەم گفتوگۆیانەدا بەرچاو بووە، پشتیوانی لە سەقامگیری، بەردەوامیی کاری دامەزراوەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە رێگەی دیالۆگ و میکانیزمە دەستوورییەکانەوە بووە.

لەم چوارچێوەیەدا، هەڵوێستی نوێی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شایانی سەرنجە. گوتەبێژی ئەو وەزارەتە جەختی کردووەتەوە کە ئەمەریکا پشتیوانی لە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و خۆڕاگر دەکات، کە وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی لە پەیوەندییە فراوانەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراقدا دەمێنێتەوە. هەروەها داوا لە هەموو لایەنەکان کراوە بە خێرایی و بە شێوەیەکی بنیاتنەر کار بکەن بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەم هەڵوێستە پەیامێکی گرنگی هەیە: پێگەی نێودەوڵەتیی کوردستان و هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانانی، بە بەهێزیی دامەزراوەکان، یەکگرتوویی سیاسی و پابەندبوون بە بنەماکانی دیموکراسی زیاتر پارێزراو دەبێت.

بەڵام کاراکردنەوەی پەرلەمان دەبێت سەرەتای قۆناخێکی نوێ بێت، نەک کۆتاییی ئەرکەکان. پێویستە هەنگاوی داهاتوو بریتی بێت لە چالاککردنی لیژنەکانی پەرلەمان، بەهێزکردنی چاودێری بەسەر حکوومەتدا، خێراکردنی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ و کارکردن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری، مووچە، ئابووری و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە هەموومان بە رۆحی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، دەستی یەکتر بگرین. هیچ حزبێک بە تەنیا ناتوانێت داهاتووی کوردستان بە تەواوەتی بنیات بنێ، بەڵام هەموومان پێکەوە دەتوانین کوردستانێکی بەهێزتر و سەقامگیرتر بنیات بنێین.

دووبارە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان شانازییەکە بۆ هەمووان؛ بەڵام پاراستنی ئەم شانازییە بەرپرسیارێتیی هەموومانە.

با جیاوازییەکانمان ببنە سەرچاوەی دەوڵەمەندیی دیموکراسی، نەک هۆی دابەشبوون. با نیشتمان لە سەرووی حزب، بەرژەوەندیی گشتی لە سەرووی بەرژەوەندیی تایبەتی بێت؛ چونکە کوردستان شایستەی داهاتوویەکی روون، ئارام و پڕ لە هیوا و سەرکەوتنە.

ئێستا هەموو دۆستەکانمان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی چاویان لەسەر ئێمەیە کە چۆن پێکەوە ئەم قۆناخە پڕ لە ئاڵنگارییە تێپەڕ دەکەین و بە دۆست و دوژمن دەسەلمێنین کە کوردستان شیاوی بەردەوامیی پشتیوانی و هاوکارییە.