پێشێلکارییە دەستووری و یاساییەکانی حکومەتی فیدراڵ لە بەرامبەر مافە داراییەکانی حکومەتی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی

پێشێلکارییە دەستووری و یاساییەکانی حکومەتی فیدراڵ لە بەرامبەر مافە داراییەکانی حکومەتی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی
پێشێلکارییە دەستووری و یاساییەکانی حکومەتی فیدراڵ لە بەرامبەر مافە داراییەکانی حکومەتی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی

 پێشێلکارییە دەستووری و یاساییەکانی حکومەتی فیدراڵ لە بەرامبەر مافە داراییەکانی حکومەتی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی:

یەکەم / ماددەکانی هاتوو لەیاسای کارگێریی و دارایی ژمارە (6)ی ساڵی 2019ی هەموارکراو:

1- پاڵپشت بە ماددەی (1 / هەشتەم) دەقەکە دەلێت بودجەی هەرێم: لە خۆ دەگرێت خشتەکانی خەملاندنی داهات و پێشبینی کردنی خەرجیەکان وە توحید دەکرێت لە چوارچێوەی بودجەی گشتی فیدراڵی لە دوای ئەوەی کە وەزارەتی دارایی و پلان دانانی فیدراڵ گفتوگۆ و بڕیاری لەسەر دەدات بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2027 دەیەوێت بەشێوەیەک بودجەی هەرێم توحید بکات لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵی بە کەمکردنەوەی رێژەی لە سەدا (56%)ی پێشبینی کردنی خەرجیەکان بەو پێیەی پێشبینی کردنی خەرجیەکانی هەرێم (28) ترلیۆنە بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ (13)ترلیۆن دیناری دیاریکردووە ئەمەش پێچەوانەی ئەم ماددەیە، ئەمە لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای لە هەرێم کردبوو گەشەی بودجە لە سەدا(3%) زیاد بکات لە کۆی خەرجی کرداری ساڵی 2025 کە (14،672،000،000،000) چواردە ترلیۆن و شەش سەدو حەفتاو دوو ملیار دینارە جگە لە خەرجی وەبەرهێنان بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بڕی ئەوەی رێژەی لە سەدا (3%) زیاد بکات زۆر زیاتر لەم رێژەی کەمکردۆتەوە. 

2-پاڵپشت بە ماددەی (4/ سێ یەم) ئامادە دەکرێت بودجە بە دیاریکردنی سنووری زۆرترین خەرجیەکانی (جاری و استسماری) بۆ هەر یەکەیەک لە یەکەکانی خەرجی، بۆیە پێویستە سنووری زۆرترین خەرجی دیاری بکرێت لە ئامادەکردنی بودجە وە نابێ لەم بڕەش تێپەر بکات، و وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەمەی بۆ خۆی جێ بەجێ کردوە لە چوارچێوەی رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2027 کە 217 ترلیۆن دینارە بەڵام بۆ حکومەتی هەرێم کەمترین سنووری خەرجی دیاریکردووە بە شێوەیەک کە زۆر کەمترە لە خەرجی کرداریەکەی(خەرجی فعلیەکەی). 

 3- پاڵپشت بە ماددەی (2 / سێ یەم) دەقەکە دەلێت بودجەی گشتی فیدراڵی پێک دێت لە داهات و خەرجیەکانی هەرێم بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای گەراندنەوەی لە سەدا (100%) داهات دەکات وە بەبێ ئەوەی تەواوی خەرجیەکانی حکومەتی هەرێم دابپۆشێت کە خۆی دەبینێتەوە لە خەرجیەکانی ( مستلزمات سلعیە، مسلتزمات خدمیە، سیانە الموجودات، موچەی ئەو فەرمانبەرانەی بەشێوەی گرێبەست دەوام دەکەن، خەرجی کۆکردنەوەی خۆل و خاشاک، چاپکردنی پەرتوک بۆ قوتابخانەکان، خواردنی بەندیخانەکان، درووست کردنی رێگا و پرد و بەنداو، هتر) جگە لە موچە ئەمەش پێچەوانەی ئەم ماددە و وە ماددەی(121/سێ یەم) لە دەستوری عیراقە کە دەقەکە دەلێت: پێویستە داهاتی فیدڕاڵی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت بەسەر هەرێم و پارێزگاکان وە بە شێوەیەک دابەش بکرێت بەشی ئەو بارگرانی و بەرپرسیارەتیانە بکات کە هەیە لەسەر هەرێم و پارێزگاکان ، بە لەبەرچاوگرتنی داهات و پێداویستیەکانیان وە ژمارەی دانیشتوان، کە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیە لە نە بوونی یاسای بودجە لە هەرێمی کوردستان:

بوودجەی گشتی هەرێمی کوردستان :

 لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و درووستبوونی حکومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تا ئێستا حکومەتی هەرێم لە کۆی (34) ساڵی تەمەن (23)ساڵی بە بێ یاسای بودجە بووە و (11) ساڵ یاسای بودجەی هەبووە کە پێک دێت لەم ساڵانە (1993-1996 – 1997 – 2001 – 2007 - 2008-2009 – 2010 – 2011 -2012 – 2013 ) بە پێی سایتی فەرمی پەڕلەمانی کوردستان بوودجەی گشتی بۆ یەکەم جار لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (1993) پەسەند کرا یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 1993 یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان، کە تەرخانکراوی بودجەی (1,234,869,400) دیناربوو، و

 حکومەتی هەرێم تەنانەت لە شەڕی ناوخۆیی کە لە ساڵی 1994 تاکو ساڵی 1998 بووە لە ماوەی ئەم چوار ساڵە حکومەتی هەرێم دوو ساڵ یاسای بودجەی پەسەندکردووە کە ساڵی 1996 و 1997 بوون، وە لە ساڵی 2005 تاکو 2013 زۆربەی زۆری ساڵەکان یاسای بودجەی پەسەند کردووە بەڵام لە ساڵی 2014 تاوەکو ساڵی 2026 بەبێ یاسای بودجە بووە کە هۆکاری سەرەکیش نە ناردنی شایستە داراییەکان بووە لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ. 

4- ماددەی (29) :دەگەرێتەوە بۆ ئەژماری پارێزگا ئەم داهاتە داراییانەی خوارەوە:

أ-50% رسوم و باجی فیدڕاڵی بەدەر لەو بڕە پارەیەی وەردەگیرێت لە داهاتی رسوماتی گومرکی.

ب- پشکی پارێزگا لە داهاتی خاڵە سنوورییەکان و پترۆ دۆلار کە لەیاسای بودجە ڕێژەكە دیاری دەکرێت. (لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ساڵی 2023 رێژەی 50% دیاری کرابوو بۆ پارێزگاکان بەڵام بۆ ساڵی دارایی 2027 تاوەکو ئێستا ڕێژەكە دیاری نەکراوە).

ج- داهاتەکانی ناوخۆیی کە کۆدەکرێتەوە پاڵپشت بەو یاسایانەی کە دەرچوون لە هەرێم لە سەدا (100%) دەگەرێتەوە بۆ ئەژماری پارێزگاکان لە هەرێم.

د- داهاتەکانی تایبەت بە داموو دەزگاکانی شارەوانی.

پاڵپشت بەم ماددەیە دیاری دەکرێت پشکی خەزێنەی گشتی لە داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێم.

دووەم / ماددەکانی هاتوو لە دەستوور عیراق :

1-پاڵپشت بە ماددەی (14 و 16) هەموو عیراقییەکان لەبەردەم یاسادا یەکسانن، وە دەوڵەت پابەندە یەکسانی دەرفەتی دامەزراندن بۆ هەموویان دابین بکات. بۆیە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نابێت لە رووی دەرفەتی دامەزراندن ، وە کاتی وەرگرتنی موچە و مافە داراییە یاساییەکانیانەوە جیاوازییان لەگەڵ هاوتاکانیان لە پارێزگاکانی تری عیراقدا هەبێت، وە بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە 224 لە ساڵی 2024 ئەم مافەی پشتڕاست کردووەتەوە.

3- پاڵپشت بە ماددەی (106) لە دەستوری عیراق یاسای (الهیأە العامە لمراقبە تخسیس الواردات الاتحادیە ) ژمارە 55 ساڵی 2017 دەرچوو بە مەبەستی چاودێریکردنی داهاتەکانی فیدڕالی، وە پاڵپشت بەم یاسایە ئەم دەستەیە پێک دێت لە کەسانی شارەزا و پسپۆر لە سێ نوێنەری حکومەتی فیدڕالی و نوێنەرێکی حکومەتی هەرێم و نوێنەری هەریەک لە پارێزگاکان وە ئەم بەر پرسیارەتیانەی خوارەوەیان دەکەوێتە ئەستۆ:

یەکەم : دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتەکانی فیدڕاڵی بە گوێرەی شایستەکانی هەرێم و پارێزگاکان.

دووەم: بەدیهێنانی دادپەروەری لە دابەشکردنی هاوکاری و بەخشین و قەرزی نێودەوڵەتی کە عیراق وەریدەگرێت، بە گوێرەی شایستەکانی هەرێم و پارێزگاکانی نەبەستراو بە هەرێم.

سێ یەم: بەکارهێنانی سەرچاوەکانی دارایی فیدراڵ بە باشترین شێوە 

چوارەم: گەرەنتی شفافیەت و دادپەروەری لە تەرخانکردنی داهات بۆ حکومەتی هەرێم و پارێزگاکانی نەبەستراو بە پارێزگا لە هەرێم، بە گوێرەی رێژەی بڕیار لەسەر دراو.

ئامانج لە دەرچوونی ئەم یاسایە ئەوەیە ئەم دەستەیە هەوڵبدات بە دیبهێنێت دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتی فیدراڵی لە ئامادەکردنی پڕۆژەی بودجەی گشتی بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و هەریەک لە پارێزگاکان مافی دەنگدانیان نیە لە بڕیار، وە ئەندامی بەژداریکەری راستەقینە نین تەنیا وەکو کەسانی شارەزا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاریەکان، وە بە هۆکاری لاوازی ادای دەستەو وڵام نەدانەوەی نوسراوەکانیان لەلایەن وەزارەتەکان و پاڕێزگاکان ئەم دەستەیە نەیتوانیوە رۆلی خۆی بگێرێت، بەو پێیەی بتوانێت دادپەروەری بکات لە دابەشکردنی داهاتەکانی فیدڕاڵی بە گوێرەی شایستەکانی هەرێم و پارێزگاکان، وە داهاتی فیدڕاڵی و نا فیدڕاڵی لە یەکتر جیا بکاتەوە پاڵپشت بە ماددەی (61 ، 110 ، 114 ، 115) لە دەستوری عیراق، وە هەروەها ئەم دەستەیە نەیتوانیوە بەدیبهێنێت دادپەروەری لە دابەشکردنی هاوکاری و بەخشین و قەرزی نێودەوڵەتی کە عیراق وەریدەگرێت، بە گوێرەی شایستەکانی هەرێم و پارێزگاکانی نەبەستراو بە هەرێم کە ئەمانە ئامانجی سەرەکی ئەم دەستەیەن، حکومەتی عیراق دانەوەی ئەو قەرزانەی کە وەری گرتووە لەگەل فوائیدەکەی لە چوارچێوەی خەرجی سیادی پۆلێنی کردووە وە لە خەرجی فعلی دەردەکرێت ئینجا پشکی هەرێمی لێ دەدرێت وە پشکی هەرێمی کوردستانی بە ڕێژەیەكی زۆرکەم داوە لە قەرزی وەرگیراو، بۆ ساڵی دارایی 2023 لەکۆی (36) بنک و موسسات کە قەرزی لێ وەرگرتوون تەنیا لە وەرگرتنی قەرزی دوو بنک پشکی هەرێمی لێ داوە بە بڕی (48)ملیۆن دۆلار ئەوانیش بنکی جایکای یابان و بنکی دولیە ئەمەش پێچەوانەی ئەم ماددەیە . 

ماددەی (121 / سێ یەم) :

پێویستە داهاتی فیدڕاڵی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت بەسەر هەرێم و پارێزگاکان وە بە شێوەیەک دابەش بکرێت بەشی ئەو بارگرانی و بەرپرسیارەتیانە بکات کە هەیە لەسەر هەرێم و پارێزگاکان ، بە لەبەرچاوگرتنی داهات و پێداویستیەکانیان وە ژمارەی دانیشتوان، کە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیە لە نە بوونی یاسای بودجە لە هەرێمی کوردستان.

 بێگومان یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبونی خەرجی حکومەت زیادبونی ژمارەی دانیشتوانە بەو پێ یەی پێویستی بە ئەمن و ئاسایشی زیاتر و وە خزمەتگوزارییەکانی تری وەک (ئاو و ئاوەڕۆ ، تەندروستی ، رێگاوبان ، پەروەردە، کارەبا) زیاتر هەیە، و زیادبونی خەرجی حکومەت بەهۆی زیادبونی ژمارەی دانیشتوان ئەوە ناگەیەنێت کە جۆر و بڕی خزمەت گوزارییەکان باشتر و زیاتر کراون، بەڵکو هەمان بڕو جۆرن بەڵام بە هێزی زیادبونی ژمارەی دانیشتوان، بە گوێرەی دواین سەرژمێری ئەنجامدراو لە لایەن وەزارەتی پلاندانانی عیراق رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (14.14%)یە بەڵام رێژەی (12.7%) وەک پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە لە یاسای بودجە بە بیانوی نیشتەجێبونی هاوڵاتیانی شارەکانی تری عیراق و پەنابەرانی کورد لە هەرێمی کوردستان ، هەرچەندە ئەگەر وادابنێین بەم شێوەیە ئایە ئەم هاوڵاتیانە پێویستیان بە ئەمن و ئاسایش نیە ئایە پێویستیان بە دابینکردنی ئاو کارەبا و رێگاوبان نیە ئایە ئەمانە هەمووی نەبنە هۆی زیادبونی خەرجی حکومەتی هەرێم.