مافە دەستوورییەکان سازش هەڵناگرن

مافە دەستوورییەکان سازش هەڵناگرن
مافە دەستوورییەکان سازش هەڵناگرن

لە کاتێکدا عێراق و ناوچەکە بە قۆناخێکی هەستیاری سیاسیدا تێدەپەڕن، ئەزموون و بەرپرسیارێتیی یاسادانان و چاودێری وا دەخوازێت کە بە زمانێکی عەقڵانی، هاوسەنگ و دوور لە گرژی، هەڵوێست و تێڕوانینەکان لەسەر پرسە نیشتمانی و ئابوورییەکان بخرێنە روو؛ چونکە بەهێزیی هەر دەوڵەتێک لە رێزگرتنی دامەزراوەکان و پابەندبوونی بە دەستوور و بنەمای شەراکەتی راستەقینەوە سەرچاوە دەگرێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا و وەک ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە روونی رایگەیاندووە و جەختی لێ کردووەتەوە، پشتگیریی تەواو لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی لە سەرانسەری عێراقدا دەکات و ئامادەییی تەواو هەیە بۆ هەماهەنگییەکی بەرپرسانە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، بە مەبەستی بنبڕکردنی بازرگانیی نایاسایی و رێکخستن و کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان.

راستییەکی مێژوویی و حاشاهەڵنەگرە کە هەرێمی کوردستان زۆر لە پێش حکوومەتی فیدراڵەوە دەستی بۆ ئەم دۆسیە چارەنووسسازە بردووە و لە رێگەی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیـیەوە، وەرچەرخانێکی گەورە و نموونەیی لە کارگێڕی و دارایی گشتیدا بەدی هێناوە. بە مەبەستی چەسپاندنی شەفافیەت و دادپەروەری، لەسەر بنەمای دیدگا و هەوڵە بێوچان و سەرکەوتووەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خواستی چاکسازیی راستەقینە و رێکخستنەوە و کۆکردنەوەی سەرجەم داهاتەکان لە خەزێنەی گشتیی حکوومەتدا سەری هەڵداوە و بە سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە قۆناخی گرنگی بڕیوە. ئەم هەنگاوە ستراتیژییە و هەماهەنگییە دەستوورییە، کاتێک لە چوارچێوەی یاسادا بێت، بنەمایەکی پتەوە بەرەو چەسپاندنی سەروەریی یاسا، پاراستنی داهاتی گشتی، و رێگریکردن لە هاوردەکردنی کاڵای نەشیاو و بێکواڵیتی؛ کە دواجار دەبێتە مایەی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و سەقامگیریی ئابووری لە بەرژەوەندیی تەواوی هاووڵاتیاندا.

لەم قۆناخە هەستیارەشدا، پەیامی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرجەم لایەن و هێزە سیاسییەکانی کوردستان، گوزارشت لە ئیرادەیەکی یەکگرتوو و نیشتمانیی باڵا دەکات بۆ رەتکردنەوەی هەر بڕیار و رێکارێک کە لە دەرەوەی یاسا و دەستوور بدرێت. ئەم یەکڕیزییە سیاسی و نیشتمانییە پەیامێکی روون و یەکلاکەرەوەیە کە پاراستنی قەوارەی دەستووری و مافەکانی هەرێمی کوردستان، ئەولەوییەتی لەپێشینەی هەموو لایەکە و هیچ بڕیارێکی دەرەوەی چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەکان مایەی جێبەجێکردن نییە. لەم سۆنگەیەوە، بە هەموو شێوەیەک ئەو بڕگە و بڕیارانە رەت دەکرێنەوە کە دەستدرێژین بۆ سەر دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان؛ چونکە بەپێی دەقی روونی ماددەکانی (112و 114)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بەڕێوەبردنی نەوت و گومرگ دەسەڵاتی هاوبەشن و تایبەت نین بە هیچ لایەنێک تا بە بڕیاری تاکلایەنە قۆرخ بکرێن.

 سەپاندنی هەر ئیرادەیەکی تاکلایەنە بەسەر ئەم دۆسیانەدا، پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستوور و لێدانە لە بنەماکانی فیدراڵیەت و شەراکەتی راستەقینە؛ هەر بۆیە سازش لەسەر مافە دەستوورییەکان ناکرێت و پابەندبوون تەنها بۆ ئەو رێککەوتنانە دەبێت کە لەسەر بنەمای هاوبەشیی دەستووری و لە چوارچێوەی یاسادا دامەزراون. مافی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان و دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نەوت و گومرگ، مافێکی دەستووریی چەسپاوە کە لە ساڵی 2005دا بووە پەیمانێکی نیشتمانی بۆ بنیاتنانی عێراقی نوێ؛ دەستوورێک کە گەلی کوردستان بەشێکی سەرەکی بوو لە داڕشتن و پەسەندکردنیدا. هەر لەم چوارچێوەیەدا و بە پشتبەستن بە سەرکەوتنی پرۆسەی چاکسازی، هەرێمی کوردستان بە متمانە و شەفافیەتێکی تەواوەوە هەنگاو دەنێت و هیچ شتێکی نییە لە کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکاندا بیشارێتەوە؛ دەرگای هەرێم واڵایە بۆ هەر لیژنەیەکی هاوبەش و پسپۆڕ کە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا و بە هەماهەنگیی فەرمیی حکوومەتی هەرێم، کاری پشکنین و وردبینی ئەنجام بدات.

هاوکات، گەیاندنی پەیام و هەڵوێستەکانی بەغدا لە رێگەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە—کە لەگەڵ سروشتی گفتوگۆ و هەماهەنگییە فەرمی و مەدەنییەکان یەک ناگرێتەوە—جێگەی هەڵوەستەی جددییە و خزمەت بە زمانی دیپلۆماسی و بنەمای هاوبەشیی راستەقینە ناکات. بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و چەسپاندنی سەروەریی یاسا، پێویستی بە هەماهەنگیی دامەزراوەیی و رێزگرتن لە دەسەڵاتە دەستوورییەکان هەیە، نەک گۆڕینی دۆسیەیەکی یاسایی و ئابووری بۆ گوتارێکی ئەمنی و تاکلایەنە. سەرەڕای ئەمەش، راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەو بەرپرس و فەرماندانەی لەسەر دۆسیەی قاچاخچێتی دوور خراونەتەوە، سەر بە دامەزراوە و پێکهاتەکانی حکوومەتی فیدراڵین؛ بۆیە لادانێکی ئاشکرایە لە بنەماکانی دادپەروەری و سەروەریی یاسا، ئەگەر کەموکوڕیی دامەزراوە فیدراڵییەکان بکرێنە بیانوو بۆ سزادان و فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان.

بەرگریکردن لە خاک، قەوارە و مافە دەستوورییەکانی هەرێم، ئەرکێکی نیشتمانیی بنەڕەتی و چەسپاوە؛ تاکە رێگەی سەقامگیریی بەردەوام و سەروەریی یاساش لە سەرانسەری عێراقدا، گەڕانەوەیە بۆ لێکتێگەیشتنی سیاسی و پابەندبوونی راستەقینە بە دەستوورەوە. لە کۆتاییدا، لە روانگەی بەرپرسیارێتیی یاسادانان و چاودێرییەوە، جەخت لەوە دەکرێتەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیری، ئاوەدانی و پابەندبوون بووە بە بنەما دەستوورییەکانەوە، بەڵام قەوارەی دەستووریی هەرێم و مافە رەواکانی گەلەکەمان هێڵی سوورن و بە هیچ شێوەیەک ناکەونە ژێر باری بڕیاری تاکلایەنە و دەرەوەی یاسا؛ بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و حکوومەتی فیدراڵ، زمانی دیالۆگ، هاوبەشیی ڕاستەقینە و گەڕانەوە بۆ حوکمی دەستوور بکەنە تاکە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان، تا لە رێگەی رێزگرتن لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی یەکترەوە عێراقێکی سەقامگیر و ئایندەیەکی گەش بۆ سەرجەم هاووڵاتیان بونیاد بنرێت.