سەڵاح بەکر
نووسەر
بەرەو کۆنفیدراڵی
لە مێژووی عێراقی نوێدا، بەتایبەتی دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، گەلی کوردستان بە ئیرادەیەکی ئاشتیخوازانە و بە مەبەستی بنیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی و فرەپێکهاتە، سیستەمی فیدراڵیی وەک چوارچێوەی پێکەوەژیان قبووڵ کرد. ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای متمانە بە گرێبەستێکی سیاسی و دەستووری بوو کە تێیدا هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان کۆڵەکەی سەرەکیی حوکمڕانی بن. بەڵام تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە بەسەر ئەو قۆناخەدا سەلماندی کە عەقڵییەتی ناوەندگەرایی و خۆسەپێنی لە بەغدا نەک هەر باوەڕی بە هاوبەشیی راستەقینە نییە، بەڵکوو دەستووری ساڵی 2005 یشی کردووەتە ئامرازێک بۆ پەکخستنی مافەکانی گەلی کوردستان.
کاتێک دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق زیاتر لە شەست ماددەی دەستووری پێشێل و پشتگوێ دەخەن، ئیدی فیدراڵی وەک فۆرمێکی حوکمڕانی لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ دەبێتەوە. دانەمەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی و پەکخستنی بەئەنقەستی ماددەی 140 و هەوڵی بەردەوام بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەکارهێنانی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان وەک کارتی برسیکردن و گوشاری سیاسی، سنووردارکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم لە بواری سامانە سروشتییەکان و پێشمەرگە، و زاڵکردنی لۆژیکی زۆرینەی تائیفی و نەتەوەیی بەسەر بنەمای هاوبەشی و سازاندا، هەموو ئەمانە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لەسەر ئەوەی کە پڕۆژەی عێراقی فیدراڵی شکستی هێناوە لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان.
مانەوە لە چوارچێوەی ئەم واقیعەدا، بە واتای هێشتنەوەی قەوارەی دەستووری و سیاسیی کوردستان دێت لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی لاوازکردن و توانەوەدا. مێژوو فێرمان دەکات کە هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت چارەنووسی خۆی ببەستێتەوە بە دەقێکی دەستوورییەوە کە لایەنی بەرامبەر هیچ رێزێکی لێ ناگرێت. لەم خاڵە مێژووییەدا، وەستان و پێداچوونەوە بە شێوازی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا ئەرکێکی نیشتمانی و چارەنووسسازە. کۆنفیدراڵی لێرەدا تەنیا بژاردەیەکی سیاسیی کاتی نییە، بەڵکوو تاکە فۆڕمێکی واقیعی و یاساییە کە دەتوانێت ببێتە بنەمایەکی نوێ بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قۆناخی پاشکۆیەتی و پێشێلکاری.
جەوهەری بیرۆکەی کۆنفیدراڵی لەوەدایە کە پەیوەندیی نێوان کوردستان و عێراق لە پەیوەندیی ناهاوسەنگی "ناوەند و هەرێم"ـەوە دەگۆڕێت بۆ پەیوەندیی نێوان دوو قەوارەی خاوەن سەروەری و بڕیاری سەربەخۆ، کە تێیدا هاوکاری و پێکەوەکارکردن لەسەر بنەمای پەیماننامە و بەرژەوەندیی هاوبەش و رەزامەندیی هەردوولا دادەمەزرێت، نەک بڕیاری تاکلایەنەی بەغدا. لەم سیستەمەدا، هەرێمی کوردستان پارێزگاریی تەواو لە دامەزراوە شەرعییەکان، هێزی پێشمەرگە، سامانە سروشتییەکان و بڕیاری سیاسی و ئابووریی خۆی دەکات، و هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی ناتوانێت بە ناوی یاسا یان دادگاوە کوردستان بخاتە ژێر مەترسییەوە.
بۆ ئەوەی ئەم بیرۆکەیە ببێتە بناغەیەکی پتەو و پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گشتگیر، پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و هەموو هێز و لایەنەکان ئەم قۆناغە بکەنە خاڵی وەرچەرخان. پێویستە گفتوگۆیەکی نیشتمانیی قووڵ لەسەر ئاستی ناوخۆ دەست پێ بکات بۆ گەڵاڵەکردنی پەیماننامەیەکی سیاسیی یەکگرتوو، هاوکات تیمی پسپۆڕی یاسایی، دەستووری و دیپلۆماسی کار لەسەر داڕشتنی چوارچێوەی زانستی و یاسایی کۆنفیدراڵی بکەن و وەک پڕۆژەیەکی ئاشتیخوازانە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە پێشکەشی بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکرێت.
ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە گوتاری کورد لە داواکاریی جێبەجێکردنی ماددە پێشێلکراوەکانی دەستوورەوە بگۆڕێت بۆ داڕشتنی گرێبەستێکی نوێی مێژوویی. کۆنفیدراڵی ئەو بناخەیەیە کە دەتوانێت شکۆی سیاسی، سەقامگیریی ئابووری و ئایندەی نەوەکانی داهاتووی کوردستان لە بەردەم هەر هەڕەشە و پێشێلکارییەکدا بپارێزێت.