حەسیبە گەردی
نووسەر
کوردستان لەبەردەم قۆناخێکی چارەنووسسازدا
یەکهەڵوێستی ئەرکێکی نیشتمانییە
لە قۆناخێکی هەستیار و چارەنووسسازدا، کە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی فشارە سیاسییەکان، ئاڵنگارییە دەستوورییەکان و هەوڵی سنووردارکردنی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی بووەتەوە، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان، هێزە نیشتمانییەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکان لە ئاستی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و نیشتمانیی خۆیاندا بن.
ئەمڕۆ کوردستان پێویستی بە یەکهەڵوێستییەکی روون، بەهێز و یەکگرتوو هەیە؛ یەکهەڵوێستییەک کە لە سەرووی ناکۆکییە حزبی و بەرژەوەندییە تەسکەکانەوە بێت و لەسەر بنەمای پاراستنی ماف، قەوارەی دەستووری و داهاتووی سیاسیی کوردستان دامەزرابێت. مەبەست لەو یەکهەڵوێستییە تەنیا بەرگریکردن لە مافەکانمان نییە، بەڵکوو کۆکردنەوەی ئیرادەی نیشتمانییە بۆ پاراستنی ئەو پێگە فیدراڵییەی کە بە خوێن، قوربانی و خەباتی چەندین نەوە بەدەست هاتووە.
ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا روویداوە، نابێت تەنیا لە چوارچێوەی چەند بڕیارێکی ئیداری یان هەنگاوێکی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی بخوێندرێتەوە؛ بەڵکوو پێویستی بە لێکدانەوەیەکی قووڵتری سیاسی و دەستووری هەیە، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە سنووری دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، مافی بەڕێوەبردنی هەرێم و هاوسەنگیی پێکهاتەی سیاسیی عێراقەوە هەیە.
کاتێک گفتوگۆ لەسەر گرتنەدەستی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان، کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکان لە ناوچەکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین، هەروەها هاتنەناوەوەی هێزە فیدراڵییەکان دێتە ئاراوە، ئەوا پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە کام دەزگا ئەو کارانە ئەنجام دەدات؛ پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی کام دەسەڵاتی دەستووری و بە چ رێکارێکی یاسایی و هەماهەنگییەک جێبەجێ دەکرێن؟
ئایا بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و پاراستنی سەروەریی عێراق دەبنە پاساو بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم؟ ئایا دەتوانرێت بە ناوی یەکپارچەیی دەوڵەتەوە، بنەماکانی هاوبەشی و فیدراڵیزم لە کرداردا پەک بخرێن؟
ئێمە دژی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، گەندەڵی و هەر پێشێلکارییەکی یاسایی نین؛ بە پێچەوانەوە، داوای جێبەجێکردنی یاسا بەسەر هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراقدا دەکەین. بەڵام جێبەجێکردنی یاسا دەبێت بە بەڵگە، رێکاری یاسایی، هەماهەنگی و رێزگرتن لە دەسەڵاتە دەستوورییەکان بێت، نەک بە هەنگاوی تاکلایەنە کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئاڵۆزیی سیاسی و ئەمنیی نوێ.
دەستووری عێراقی ساڵی 2005، بنەمای فیدراڵیزم و هاوبەشیی نێوان پێکهاتەکانی عێراقی چەسپاندووە. ئەم دەستوورە بەڵێنی عێراقێکی نوێی دا، عێراقێک کە تێیدا دەسەڵات سنووردارە بە یاسا، مافەکان پارێزراون و هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە بە دڵی خۆی هاوسەنگیی دەستووری بگۆڕێت. بەڵام لە کرداردا بەشێک لە بنەما و ماددە جەوهەرییەکانی بە تەواوی جێبەجێ نەکراون یان بوونەتە جێی ناکۆکی و لێکدانەوەی سیاسی.
گرنگترین ئەو ماددە دەستوورییانەی کە لە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندیی سیاسیدا پەکخراون یان پێشێل کراون، بریتین لە:
1. ماددەکانی 4 و 13: ماددەی 4 زمانی کوردی و عەرەبی بە دوو زمانی فەرمیی عێراق دەناسێنێت؛ ماددەی 13یش سەروەریی دەستوور و باڵادەستییەکەی بەسەر هەموو یاسا و بڕیارەکاندا دەچەسپێنێت. واتە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت لە دەرەوەی سنووری دەستووردا مامەڵە بکات.
2. ماددەکانی 46 و 47: ماددەی 46 رێگری لە سنووردارکردنی ماف و ئازادییەکان بە شێوەیەک دەکات کە جەوهەری ئەو مافانە تێک بدات؛ ماددەی 47یش بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری چەسپاندووە. ئەم دوو ماددەیە بنەمایەکی گرنگن بۆ رێگریکردن لە کۆکردنەوەی دەسەڵات و مامەڵەکردنی تاکلایەنە.
3. ماددەکانی 48 و 65: ماددەی 48 دەسەڵاتی یاسادانان بە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدراڵی دەبەخشێت، ماددەی 65یش پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی دیاری دەکات. بەڵام ئەم دامەزراوە دەستوورییە هێشتا بە شێوەیەکی تەواو نەبووەتە دامەزراوەیەکی کارا؛ ئەمەش پرسیار لەسەر تەواوبوونی بنەمای نوێنەرایەتیی هەرێم و پارێزگاکان لە سیستەمی فیدراڵیدا دروست دەکات.
4. ماددەکانی 105، 106 و 107: ئەم ماددانە رێکخستنی سێ دامەزراوەی گرنگ دەستنیشان دەکەن: دەستەی گەرەنتیکردنی بەشداریی دادپەروەرانەی هەرێم و پارێزگاکان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان، دەستەی چاودێری و دابەشکردنی داهاتە فیدراڵییەکان و ئەنجوومەنی خزمەتگوزاریی گشتیی فیدراڵی. جێبەجێنەکردنی تەواوی ئەم بنەمایانە، پرسیاری دادپەروەری و هاوسەنگی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا دێنێتە پێشەوە.
5. ماددەکانی 110، 111 و 112: ماددەی 110 دەسەڵاتە هەنووکەییەکانی حکوومەتی فیدراڵی دیاری دەکات؛ ماددەی 111 نەوت و گاز بە موڵکی هەموو گەلی عێراق دەزانێت؛ ماددەی 112یش بنەمای بەڕێوەبردنی هاوبەشی نەوت و گاز و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکان دیاری دەکات. بەڵام بەردەوامبوونی ناکۆکی لەسەر بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان و نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی فیدراڵیی تەواو و ڕوون بۆ نەوت و گاز، یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی بەردەوامبوونی کێشەی هەولێر و بەغدا.
6. ماددەی 115: ئەم ماددەیە بنەمایەکی گرنگی فیدراڵیزمە؛ چونکە لە بابەتە هاوبەشەکاندا، لە کاتی ناکۆکیی نێوان یاسای هەرێم و یاسای فیدراڵی، پێشینە بە یاسای هەرێم دەدات. ئەمە واتای ئەوەیە کە دەستوور خۆی سنووری دەسەڵاتەکان و مافی هەرێمی دیاری کردووە.
7. ماددەکانی 117 و 121: ماددەی 117 هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی دەناسێنێت؛ ماددەی 121یش دەسەڵاتە یاسادانانی، جێبەجێکردنی و دادوەرییەکانی هەرێم، دەسەڵاتی ئاسایشی ناوخۆ و مافی بەشداریی دادپەروەرانە لە داهاتە نیشتمانییەکان دیاری دەکات. ئەم مافانە بەخششی هیچ حکوومەتێک نین، بەڵکوو مافێکی دەستوورین.
8. ماددەی 126: ئەم ماددەیە پاراستنێکی تایبەتی بۆ دەسەڵاتەکانی هەرێم دابین دەکات؛ بە شێوەیەک کە هیچ گۆڕانکارییەکی دەستووری نابێت دەسەڵاتەکانی هەرێم لە دەرەوەی دەسەڵاتە حەسرییەکانی فیدراڵی کەم بکاتەوە، مەگەر بە ڕەزامەندیی دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێمی پەیوەندیدار و پەسەندکردنی زۆرینەی هاووڵاتیانی لە ریفراندۆمدا. ئەمە بەڵگەیەکی روونی دەستوورییە بۆ ئەوەی مافی هەرێم نابێت ببێتە قوربانیی بڕیاری تاکلایەنە.
9. ماددەی 140: ئەم ماددەیە رێکاری دەستووریی چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان دیاری کردووە و دوا وادەی جێبەجێکردنی لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2007 بووە. بەڵام نەجێبەجێکردنی ئەم ماددەیە تا ئێستا یەکێکە لە گەورەترین نموونەکانی پەکخستنی بەڵێنە دەستوورییەکان. ئەمە تەنیا کێشەیەکی ئیداری نییە، بەڵکوو بابەتێکی پەیوەندیدار بە ماف، ناسنامە، خاک و سەقامگیریی ناوچەکەیە.
ئەم ماددانە کۆمەڵێک دەق و ژمارەی یاسایی نین کە تەنیا لە دەستووردا بمێننەوە؛ ئەمانە بنەمای ئەو ڕێککەوتنە نیشتمانییەن کە عێراقی نوێ لەسەری دامەزراوە. بۆیە هیچ دەسەڵاتێک نابێت تەنیا ئەو ماددانە جێبەجێ بکات کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی دەگونجێن و ئەوانی دیکە پشتگوێ بخات.
فیدراڵیزمی راستەقینە؛ بنەمای سەقامگیریی عێراق
ئەوەی لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە پەیوەندیی هەولێر و بەغدا بینراوە، نیشانەی کێشەیەکی قووڵترە: کێشەی جێبەجێکردنی هاوسەنگ و یەکسانی دەستوور. لە پەکخستنی دامەزراوە دەستوورییەکان و دواخستنی یاسا جەوهەرییەکانەوە بگرە، تا ناکۆکییە بەردەوامەکان لەسەر بودجە، داهات، نەوت، گاز و مووچەی فەرمانبەران، هەموویان نیشانەی ئەوەن کە بنەمای هاوبەشیی فیدراڵی هێشتا بە شێوەیەکی تەواو جێبەجێ نەکراوە.
قەیرانی مووچە و دواکەوتن و راگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، تەنیا کێشەیەکی ژمێریاری و دارایی نەبووە؛ بەڵکوو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، متمانەی گشتی و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە. نابێت مووچە و شایستە داراییەکانی هاووڵاتیان و فەرمانبەران ببنە ئامرازی فشار و ناکۆکیی سیاسی.
ئەگەر دەستوور بە تەواوی و بەبێ هەڵبژاردەیی جێبەجێ کرابا، زۆرێک لەو کێشانەی ئەمڕۆ بەردەوامن، لە چوارچێوەی دامەزراوە و ڕێکارە دەستوورییەکاندا چارەسەر دەکران. بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: ئایا دەستوور تەنیا بۆ ئەو کاتانەیە کە لەگەڵ بەرژەوەندیی حکوومەتی فیدراڵیدا دەگونجێت؟ ئایا مافەکانی هەرێم تەنیا لەسەر کاغەز ناسێنراون، بەڵام لە کرداردا بە بڕیاری سیاسی و مامەڵەی کاتی دیاری دەکرێن؟.
ئەگەر عێراق بەڕاستی دەوڵەتێکی فیدراڵییە، ئەوا فیدراڵیزم دەبێت لە کرداردا هەبێت، نەک تەنیا لە ناونیشان و دەقە یاساییەکاندا. هاوبەشی واتای رێزگرتنی دوولایەنەیە؛ واتای ئەوەیە نە هەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا دەسەڵاتی خۆی تێپەڕێنێت و نە ناوەند بە پاساوی سەروەریی دەوڵەتەوە دەسەڵاتە رەواکانی هەرێم پەراوێز بخات.
نابێت ئەو ڕاستییە مێژووییەش لەبیر بکرێت کە گەلی کورد بەشێکی گرنگ و کاریگەری پرۆسەی گۆڕانکاریی سیاسیی عێراق بووە؛ لە خەبات و بەرەنگاربوونەوەی رژێمی بەعسەوە تا بەشداری لە دامەزراندنی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستووری ساڵی 2005. کورد بەو هیوایەوە بەشداریی ئەو پرۆسەیەی کرد کە عێراقێکی دیموکرات، فیدراڵ و فرەڕەنگ دابمەزرێت؛ عێراقێک کە ماف و ئیرادەی هەموو پێکهاتەکانی بپارێزێت و هیچ گەل و پێکهاتەیەک بەهۆی ناسنامە و مافە رەواکانییەوە بێبەش نەکرێت.
ئەم بەشدارییە مێژووییە نابێت بە کەمکردنەوەی دەسەڵات و بێبەشکردنی کورد لە مافە دەستوورییەکانی وەڵام بدرێتەوە. کورد بەشێک بووە لە دروستکردنی عێراقی نوێ؛ بۆیە مافی ئەوەی هەیە ئەو عێراقە ببینێت کە بەڵێنی پێ دراوە، نەک عێراقێک کە تەنیا لە دروشمدا فیدراڵی بێت و لە کرداردا بەرەو ناوەندگەرایی بگەڕێتەوە.
بۆ ئەم مەبەستە و پابەندبوونی گەلی کورد بە بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان، خۆپیشاندانەکانی 26ـی تشرینی دووەمی 2026 لە هەولێر و شار و ناوچەکانی دیکەی هەرێم، لە چوارچێوەی ئەو دۆخە سیاسی و پێشێلکارییە دەستوورییەدا، پەیامێکی مەدەنی و سیاسیی لەخۆ گرتبوو: هاووڵاتیی کوردستان دەیەوێت دەنگی خۆی بۆ پاراستنی ماف، کەرامەت و پێگەی دەستووریی خۆی بگەیەنێت.
ئەو دەنگە نابێت بە هیچ پاساوێک پشتگوێ بخرێت؛ نە بە ناوی ناکۆکیی سیاسی، نە بە پاساوی ئاسایش و نە بە هەر هۆکارێکی دیکە. ڕێزگرتن لە دەنگی هاووڵاتیان و پاراستنی مافی دەربڕینی ناڕەزایی مەدەنی، بەشێکی گرنگە لە هەر سیستەمێکی دیموکرات و فیدراڵیدا.
ئەمەش زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە یەکهەڵوێستیی کوردستانی دەخاتە پێشەوە؛ یەکهەڵوێستییەک کە نابێت خاوەندارێتیی حیزبێک یان لایەنێکی سیاسی بێت، بەڵکوو دەبێت ببێتە هەڵوێستی هاوبەشی هەموو هێزە سیاسییەکان، کەسایەتییە نیشتمانییەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان.
یەکهەڵوێستی؛ لەسەر مافەکان، نەک لەسەر جیاوازییەکان
یەکهەڵوێستی واتای لەناوبردنی جیاوازییە سیاسی و فکرییەکانمان نییە؛ واتای ئەوەش نییە هەموومان لە هەموو بابەتێکدا هەمان بیر و هەڵوێستمان هەبێت. بەڵکوو یەکهەڵوێستی واتای ئەوەیە کە لەسەر مافە دەستوورییەکان، قەوارەی فیدراڵی و چارەنووسی کوردستان هیچ لایەنێک بە تەنیا و بە بەرژەوەندیی حزبی مامەڵە نەکات.
ناکۆکیی ناوخۆیی نابێت ببێتە خاڵی لاوازیی ئێمە لە بەرامبەر هیچ هەوڵێک کە پێگەی دەستووریی هەرێم بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە، ئەوەیە هەموو لایەنەکان بزانن کە مافەکانی کوردستان سەرووی هەر بەرژەوەندییەکی تاکەکەسی و حزبین.
یەکڕیزی لەسەر بنەمای ماف و دەستوور، بەهێزترین وەڵامە بۆ هەر هەوڵێک کە بیەوێت کوردستان لە ناوخۆ لاواز و لە دەرەوە بێدەنگ بکات.
مافی بڕیاردان لە چارەنووس؛ پرسیارێکی سیاسی و نیشتمانییە
ئێمە داوای مافێکی زیادە ناکەین؛ داوای جێبەجێکردنی ئەو دەستوورە دەکەین کە بەشداریی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە نووسینەوە و پەسەندکردنیدا هەبووە. داوای فیدراڵیزمێکی راستەقینە دەکەین، نەک سیستەمێک کە تەنیا ناوی فیدراڵی بێت، بەڵام لە کرداردا هەموو دەسەڵات و بڕیارەکان لە ناوەنددا کۆببنەوە.
بەڵام ئەگەر ئەم بنەمایە بەردەوام پێشێل بکرێت، ئەگەر مافە دەستوورییەکان بەردەوام پشتگوێ بخرێن و ئەگەر فیدراڵیزم لە واتای راستەقینەی خۆی بەتاڵ بکرێتەوە، ئەوا پرسیاری چارەنووسی سیاسیی گەلی کوردستان بە شێوەیەکی جددی و بنەڕەتی دێتەوە ئاراوە.
گەلی کوردستان مافی ئەوەی هەیە دەربارەی داهاتووی خۆی بیر بکاتەوە، داوای دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بکات و لە چوارچێوەی پرەنسیپەکانی مافی نێودەوڵەتی و رێکارە یاساییە پەیوەندیدارەکاندا، پرسیاری داهاتووی سیاسیی خۆی بخاتە بەردەم گفتوگۆ و بڕیاردان. ئەمە پرسیارێکی نیشتمانییە کە نابێت بە هەڕەشە، ترس یان فشار وەڵامی بدرێتەوە.
بەڵام ئەوەی لەم قۆناخەدا بە روونی دەیڵێین ئەوەیە: هیچ سیستەمێک بە پێشێلکردنی ماف و پەراوێزخستنی ئیرادەی گەلەکان ناتوانێت سەقامگیریی بەردەوام مسۆگەر بکات. سەقامگیری بە دادپەروەری، هاوبەشی، رێزگرتن لە دەستوور و پاراستنی مافەکان دروست دەبێت، نەک بە کۆکردنەوەی دەسەڵات و سنووردارکردنی ماف.
پابەندبوون بە دەستوور و هاوبەشیی راستەقینە تاکە رێگەی بەهێزبوونی سیستەمی فیدراڵییە نەک ناوەندگەرایی؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەبێت بزانێت سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بەندە بە پاراستنی مافە فیدراڵییەکانی هەرێم، نەک فشار و پەراوێزخستن. کوردستان ماڵی هاوبەش و قەوارەی دەستووریی گەلێکە کە بە مێژوو و قوربانیدان پێکەوە بەستراونەتەوە؛ پاراستنی ئەم ماڵە و داهاتووی نەوەکان ئەرکی هاوبەشی هەموومانە لە قۆناخێکی چارەنووسسازدا کە مێژوو هەڵوێست و بەرپرسیارێتیی هەموومان تاقی دەکاتەوە.
یەک دەنگ، یەک هەڵوێست و یەک بەرپرسیارێتیی نیشتمانی؛ ئەمە ئەو پێویستییەیە کە ئەمڕۆ کوردستان دەخوازێت.