قاميشلۆ.. به‌شێك له‌ رۆژنامەنووسان لە ئاسایش نیگەرانن

به‌شێكيش له‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ دژى تۆمه‌تباركردنى ئاسايشن.

K24 – قامیشلۆ:

ژمارەیەك رۆژنامەنووس لە رۆژئاوایی كوردستان، رایانگەیاند، رۆژنامەنووسان رووبەڕووی لێدان و ئەشكەنجەدان دەبنەوە و نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بە ئاسایش دەربڕى، به‌شێكيش له‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ دژى تۆمه‌تباركردنى ئاسايشن.

شەھنازعوسمان، ھاوسەرۆكی یەكێتی راگەیاندنی ئازاد لە رۆژئاوایی كوردستان بە كوردستان 24ی راگەیاند، "وەك رۆژنامەنووسان دەپرسین لە ئاسایش ئەوە ئاشكرا بكات بۆچی و كێن ئەو كەسانەی رۆژنامەنووسان ئازار و ئەشكەنجە دەدەن؟ تا ئێستا دیارنەكراوە ئەو كەسە نەناسراوانە كێن، رۆژنامەنووسانیش بۆیە ئاسایش تۆمەتبار دەكەن".

ھەندێك لە رۆژنامەنووسان پێیانوایە لە شۆڕش و جەنگدا مافی رۆژنامەنووسان نا پارێزرێت، لەو بارەیەوە ئەمیر موراد، بەڕێوەبەری رادیۆی ھێڤی لە رۆژئاوایی كوردستان گوتی: "لە شۆڕش و جەنگدا بە شۆڕشە پێشكەوتووەكانیشەوە مافی رۆژنامەنووسان پارێزراونەبووە".

بەشێك لە رۆژنامەنووسانی رۆژئاوا لەگەڵ ئەوەنین ئاسایش لە بەرامبەر ئەو كردەوانە تۆمەتبار بكرێت، دڵشاد عەبدوڵڵا، كارمەندی رادیۆی وڵات دەڵێ: "ھەر شتێك ئاسایشی پێی تاوانبار بكەین ھەڵەیە و لەگەڵ ئەو مەترسیانەی لەسەر رۆژنامەنووسان ھەیە رۆژنامەگەری كوردی بەرەو پێش دەچێت".

رۆژنامەنووسان لە رۆژئاوای كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئێستا، كە رۆژنامەنووسان لە بارودۆخێكی خراپدا كار دەكەن، پێویستە یاسای كاری راگەیاند لە رۆژئاوای كوردستان بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.