نه‌وتی خاو كه‌مترین نرخی تۆماركرد له ماوه‌ی 13 ساڵی رابردوودا
چاوه‌ڕوانده‌كرێت هه‌نارده‌كانی نه‌وتی خاوی ئێران به‌رزببێته‌وه

K24 ـ هه‌ولێر:
له‌ساڵی 2003 وه تاكو ئێستا، نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان كه‌مترین نرخی تۆماركردووه، له‌كاتێكدا چاوه‌ڕوانده‌كرێت رێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاوی ئێران به‌رزببێته‌وه به‌هۆی لابردنی سزا ئابووریه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 18/1/2016 نرخی نه‌وتی خاو له‌جۆری (برنت) دابه‌زی بۆ 27.67 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، هه‌روه‌ها نرخی نه‌وتی خاوی ئه‌مریكا دابه‌زی بۆ 28.84 دۆلار بۆ یه‌ك به‌رمیل.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه دوێنێ یه‌كشه‌ممه وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئێران رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه بۆ زیادكردنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو بۆ 500 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا، به بۆچوونی شاره‌زایانی ئابووری، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئێران به به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو بۆ بازاڕه‌كانی جیهان له داهاتوودا، ده‌بێته هۆی دابه‌زینی زیاتری نرخی نه‌وتی خاو.