وه‌زیری به‌رگری كاتی شه‌ڕی مووسڵی دیاریكرد
"كۆتایی شه‌ڕه‌كه په‌یوه‌سته به گۆڕانكارییه‌كان"
K24 – قاهیره:
خالید عوبه‌یدی وه‌زیری به‌رگری عێراق رایگه‌یاند: "شه‌ڕی رزگاركردنه‌وه‌ی مووسڵ له نیوه‌ی ئه‌مساڵ ده‌ستپێده‌كات".
له په‌ڕاوێزی سه‌ردانێكی بۆ قاهیره، وه‌زیری به‌رگری عێراق كاتێكی بۆ كۆتایی هێنانی شه‌ڕی مووسڵ دیاریی نه‌كرد و بۆ رۆیته‌رز گوتی: "ده‌توانرێت كاتی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ دیاری بكه‌ین، به‌ڵام كۆتاییه‌كه‌ی په‌یوه‌سته به‌و گۆڕانكارییانه‌ی رووده‌ده‌ن".
خالید عوبه‌یدی روونیكرده‌وه: "پلان دانرابوو، شه‌ڕی رومادی له ماوه‌ی مانگێك تا دوو مانگ ته‌واو بێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له رومادی روویاندا و له‌به‌رچاوگرتنی هاووڵاتیان و ژێرخانی شاره‌كه و پلانه‌كانی داعش به‌كاریی هێنا، شه‌ڕه‌كه شه‌ش مانگ به‌رده‌وامبوو".
له‌باره‌ی ئه‌و سێ ئه‌مریكییه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو له به‌غدا رفێندران، ئه‌و وه‌زیره‌ی عێراق گوتی: "گرووپێكی چه‌ته‌ی رێكخراو سێ ئه‌مریكییه‌كه‌ی رفاندووه، ناتوانین دیاریی بكه‌ین ئه‌و گرووپه شیعه‌یه یان سوننه‌یه، به‌ڵام ئه‌و گرووپه كاری رفاندن و ئیبتیزاز ده‌كات".
ئاشكراشیكرد: "ئه‌و گرووپه چه‌ند جارێك هاتنی ئه‌و سێ ئه‌مریكییه‌ی بۆ ئه‌و شوێنه‌ی به‌غدا دیاریكردووه، مه‌زه‌نده‌ش ده‌كه‌م ئه‌و شوێنه جێگای گومان بێت".
رۆژی 15كانوونی دووه‌م/یه‌نایر2016، سێ ئه‌مریكی كه دوویان به ره‌چه‌ڵه‌ك عێراقی و جه‌زائیرین، له ماڵێك له ناوچه‌ی دۆره‌ی باشووری به‌غدا رفێندران.
سه‌رچاوه‌كانی حكوومه‌تی ئه‌مریكا رایانگه‌یاندووه: "ئاژانسی هه‌واڵگریی ئه‌مریكا كه لێكۆڵینه‌وه له رفاندنی ئه‌و سێ ئه‌مریكییه ده‌كات، لێكۆڵینه‌وه‌كانی له‌سه‌ر سێ گرووپی شیعه چڕكردووه‌ته‌وه، ئه‌وانیش كه‌تیبه‌كانی حزبولڵا و عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق و رێكخراوی به‌درن"، ئه‌مانه‌ش په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له حكوومه‌تی ئێران، ره‌تیكرده‌وه وڵاته‌كه‌ی له دواوه‌ی رفاندنی ئه‌مریكییه‌كان بێت له عێراق.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه به ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی "سپوتنیك"ی رووسی راگه‌یاندووه: "ئه‌وه‌ی راگه‌یاندنه‌كان له سه‌رچاوه ئه‌مریكییه‌كانه‌وه گواستوویانه‌ته‌وه، سێ گرووپی چه‌كداری شیعه‌ی سه‌ر به ئێران، ئه‌و سێ ئه‌مریكییه‌ی له عێراق رفاندووه، به ته‌واوه‌تی دووره له راستییه‌وه".
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز