ترەمپ هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان لە ئێران دەکات

 سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەرەو وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە لە جەنگی دژی ئێران دەچێت. ترەمپ جەختیکردەوە، لە نزیکترین کاتدا بڕیارێکی گەورە سەبارەت بەو وڵاتە دەدات، رەنگە ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان لەلایەن ئەمریکاوە.

پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆس گوتی: "بڕیاری لەناوبردنی ئێران بڕیارێکی گەورەیە و هەموو ئەگەرەکان کراوەن. من لە گەمارۆ دەریاییەکان و رێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران رازیم،".

سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، بڕیارێکی چارەنووسساز لەبەردەمدایە سەبارەت بە دەستێوەردان و لەناوبردنی رژێمی ئێران. ترەمپ جەختیکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەگەری شەڕێکی بەرفراوان دژی ئێران ئامادەن.

ترەمپ سەبارەت بە هەڵوێستی هاوپەیمانە هەرێمییەکان رایگەیاند، ئەمریکا پابەندبوون بە پاراستنیان. ئەو گوتی: "دەمەوێت کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکاربهێنم بۆ ئەوەی راستەوخۆ گوێ لە راو بۆچوونیان بگرم سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو لە جەنگەکەدا".

سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، ئێرانییەکان پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە و هێشتا دەیانەوێت بگەنە رێککەوتنێک.

پێگەی ئەکسیۆس لە زاری چەند بەرپرسێکەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ فەرمانی کردووە ئاستی ئێستای هێزەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا کۆتایی ئەمساڵ بە جێگیری بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر پێویست بوو بگەڕێنەوە بۆ شەڕکردن.

ئەمریکا و ئیسرائیل 28ـی شوباتی رابردوو هێرشیان کردە سەر چەند ئامانجێک لە ناو ئێران و تاران وەڵامی دایەوە. هەروەها لە ناوەڕاستی حوزەیرانی رابردوو، ئێران و ئەمریکا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ راگرتنی چالاکییە سەربازییەکان واژۆ کرد، پێش ئەوەی هەردوو لا جارێکی دیکە هێرشەکان بۆ سەر یەکتر دەستپێبکەنەوە.