تایبه‌تمه‌ندییه‌ ده‌گمه‌نه‌كانی سێرجی رۆبێرتۆی یاریزانی بارسێلۆنا

راھێنەرەکەی چۆنی بوێت لەو شوێنە یاری دەکات

K24 ـ هه‌ولێر

سێرجی رۆبێرتۆ یاریزانێکی لاوی قوتابخانەی لاماسیا خاوەن لەشولارێکی ١٧٧ سانتیمەتری، یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم یاریزانە ئەوەیە راھێنەرەکەی چۆنی بوێت لەو شوێنە یاری دەکات بەبێ کەموکوڕی

لویس ئینریکێ رۆڵێکی گرینگی ھەیە لە پەرەپێدانی توانی ئەو یاریزانە بەو شێوەیەک تا ئێستا چەندین رۆڵی بۆ گێراوە و لەگەڵ ھەموو تاکتیکێکی بارسێلۆنە گونجاندوویەتی

سێرجی لەم وەرزە ٢٥ یاری لەگەڵ بلوگرانا ئەنجام داوە و تێیدا لە حەوت شوێنی جیاوازی یاری کردووە.

سێرجی لەو یارییانەی ئەنجامی داوە 6 جار وەک یاریزانی لای راست یاری کردووە و یارییەکیش بووەتە یاریزانی لای چەپ.

لە ١٣ یاریش وەک ناوەڕاستکاری بەرگریکار رۆڵی بینیوە، لەپاڵ پیکێ و ماسکیرانۆ بوونەتە دیواری شین و سورەکان.

ھەروەھا ئینریکێ لە سێ یاری لەسەر یەک وەک ناوەڕاستکاری ھێرشبەری لای راست یاری پێ کردووە و و جارێکیش لە لای چەپ لەپاڵ ھێرشبەرەکان رۆڵێکی گرینگی لە مەترسییەکان بۆسەر تیمی بەرامبەر ھەبووە.

لە دوو یاریش سێرجی رۆبێرتۆ لە ناوەراستی تیمەکەی یاری کردووە لەوێش تەنیا رۆڵی وەستاندنی ھێرشی یانەی بەرامبەر و دوور خستنەوەی تۆپەکان بووە.

ھەموو ئەو بەھێزییەش بۆ ئینریکێ دەگەڕێتەوە ھەندێکیش دەڵێن سێرجی لە داھاتوو شوێنی سێرجۆ بۆسکێس دەگرێتەوە، خەممان نییە لە رۆشتنی بۆسکێس با سێرجۆ نەبێ سێرجی بێت.

جگە لەوەش ئەو یاریزانە دەتوانێت بە ھەردوو قاچی یاری بکات ھێزی لێدانەکانی بە قاچی چەپ و راستی وەکو یەکە.

لەپاڵ ئەوەش توانای جەستەیی سێرجی بە درێژایی یاری وەکو یەکە لە سەرەتای یاری تا کۆتایی بە یەک ئاست و خێرایی یاری دەکات.

لەسەردەمی تاتا مارتینۆی راھێنەری پێشووی بارسێلۆنە ھەمیشە ئەو یاریزانە لەسەر کورسی یەدەگ بوو، بەڵام دوای ئەوەی توانای ئەو یاریزانەیان بۆ دەرکەوت بەرپرسانی یانەی بلوگرانا ھەم گرێبەستیان بۆ درێژ کردەوە، ھەمیش موچەی ھەفتانەکەیان بۆ زیاد کرد بۆ ئەوەی ھیچ یانەیەک نەتوانێ دەست بۆ جۆکەرە گرانبەھاکەیان ببات.

 

Fly Erbil Advertisment