ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: ملیۆنێك بەرمیل نەوتی زیاد لە بازاڕەكانی جیھاندا ھەیە

ئەمە وایكردووە نرخی نەوت زیاتر دابەزێت

K24- هەولێر

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند ملیۆنێك بەرمیل نەوتی زیاد لە بازاڕەكانی جیھاندا ھەیە، ئەمەش وایكردووە نرخی نەوت زیاتر دابەزێت.

كاریگەریی بەردەوامی دابەزینی نرخی نەوت و دروستبوونی فشاری گەوەری ئابووریی، وڵاتانی رێکخراوی وڵاتانی بەرهەمهێنەوری نەوتی (ئۆپیك) و دەرەوەی (ئۆپیك) لەوە نزیککردووەتەوە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت بدەن.

عێراق و رووسیا و ڤەنزوێلا رەزامەندیان نیشانداوە بەرھەمھێنانی نەوت كەمبكەنەوە، بەڵام سعودییە بەمەرجێك رازییە بەرھەمی نەوتی كەمبكاتەوە، وڵاتانی دەرەوەی (ئۆپیك) بەرھەمھێنانی نەوتیان كەمبكەنەوە.

ئاژانسە جیھانییەكان باسی گرێدانی كۆبوونەوەی وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت دەكەن لە نێوان وڵاتانی ئەندامی (ئۆپیك) و دەرەوەی (ئۆپیك)، بەڵام بەرپرسێكی ئێران بە ئاژانسی (داوجۆزی) راگەیاند کە: "ئێران بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیە ناكات".

ھاوکات ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاشكرای كرد کە: سەرەڕای ھەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەی بەرھەمی نەوت، بەڵام تا كۆتا چارەکی یەكەمی ئەمساڵ ئەوەی دەخرێتە بازاڕ 95 ملیۆن بەرمیل نەوتە لە رۆژێكدا، لە كاتێكدا داواكاریی لە سەر نەوت رۆژانە تەنھا 94 ملیۆن بەرمیلە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

Fly Erbil Advertisment