ئه‌نجامی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆی خولی نایابی كوردستان بزانه
ته‌نیا یه‌ك سه‌ركه‌وتنی تێدا تۆمار كرا

K24 ـ هه‌ولێر
ئێواره‌ی ئه‌مرۆ له چوارچێوه‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕی دووه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، 3 یاری به‌ڕێوه چوون، دوو یاری به یه‌كسانبوون كۆتایی هات و ته‌نیا یه‌ك سه‌ركه‌وتنیشی تێدا تۆمار كرا.
له شارۆچكه‌ی پیرمام یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر میوانداریی یانه‌ی دهۆكی كرد، یارییه‌كه‌یش به یه‌كسانبوون به گۆڵێك كۆتایی هات.
یانه‌ی پێشمه‌رگه له ده‌ستپێكی گێمی یه‌كه‌م له ڕێگه‌ی به‌رگریكاری یانه‌كه (عه‌بدوڵڵا عه‌لی) به لێدانێكی سه‌ر گۆڵی پێشكه‌وتنی تۆمار كرد.
دواتر یانه‌ی دهۆك فشاره‌كانی بۆ سه‌رگۆڵی به‌رانبه‌ر ده‌ستپێكرد و كۆڵیان نه‌دا تا گۆڵی یه‌كسانبوونه‌وه‌یان له رێگه‌ی یاریزانی نوێی یانه‌كه‌یان (راكان عه‌بدولقادر)ـه‌وه تۆمار كرد. یارییه‌كه‌یش تا كۆتایی به‌م ئه‌نجامه ته‌واو بوو.
له یارییه‌كی دیكه‌یشدا كه له شاری هه‌ولێر به‌رێوه چوو، هه‌ردوو یانه‌ی برایه‌تی و نه‌ورۆزی شاری سلێمانی رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌وه و یارییه‌كه‌ی ئه‌وانیش ناونیشانه‌كه‌ی یه‌كسانبوون بوو به گۆڵێك بۆ هه‌ر لایه‌كیان.
دوایاریی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه له نێوان گاره و سۆلاڤ بوو، كه تێیدا یانه‌ی گاره‌ی شاری دهۆك به 2 گۆڵی بێوه‌ڵام یارییه‌كه‌ی برده‌وه.
دوای ته‌واوبوونی یارییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه، یانه‌ی دهۆك به 13 خاڵ له لوتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی مایه‌وه، یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێریش به 11 خاڵ له خانه‌ی دووه‌م وه‌ستا.
یانه‌ی نه‌ورۆزیش له گه‌یشتن بۆ قۆناخی دووه‌م بێهیوا بوو، به‌ڵام یانه‌ی برایه‌تی به‌م تاكه خاڵه و به‌سوود وه‌رگرتنی له ئه‌نجامی یارییه‌كانی دیكه هیوای بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه، یانه‌ی سۆلاڤیش له لێواری مه‌رگ و دابه‌زین بۆ خولی پله‌یه‌ك نزیك بووه‌ته‌وه.