پێشمەرگەكان یادی رۆژی خۆشەویستیی دەكەنەوە
شاعیران لە میحوەری خازر بە ھۆنراوەی نیشتمانیی گوزارشتیان لە خۆشەویستیی نێوان پێشمەرگە و نیشتمان كرد
.jpg)
K24- هەولێر:
لە ژێر درووشمی (پێشمەرگەكان گەورەترین عاشقی نیشتمانن) و لە یادی رۆژی خۆشەویستیی ڤاڵانتاین دا ژمارەیەك شاعیر و نووسەر كۆڕێكی شیعرییان بۆ پێشمەرگەكان لە میحوەری خازر رێكخست و بە ھۆنراوەی نیشتمانیی گوزارشتیان لە خۆشەویستیی نێوان پێشمەرگە و نیشتمان كرد.
چەندین شاعیر بە مەبەستی یادكردنەوەی رۆژی جیھانیی خۆشەویستیی سەردانی میحوەری خازریان كرد، لەو بارەیەوە شاعیر، تارق نامیق گوتی: "بە پێویستمان زانی ئەمڕۆ لەگەڵ برادەران بێینە سەنگەری پێشمەرگە و ئەو یادە لەگەڵ ئەڤیندارە راستەقینەكانی نیشتمان بكەمەوە".
ئەندامی دەستەی رێكخەری سەردانەكە، سۆزان عەبدوڵڵا گوتی: "پێشمەرگە پارێزەری مرۆڤایەتیی، عەشق، خاك، نەتەوە و ئاڵاییە و گیانی بە نرخی خۆی فیدای خاك و وڵات دەكات".
پێشمەرگە و خۆشەویستیی بۆ نیشتمان لە سەرەتای بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردەوە بووەتە ھەوێنی شعر و چێرۆكی شاعیرانی ھەر چوار پارچەی كوردستان.
دوای ئەوەی لە مانگی 8ی 2014، داعش ھێرشی كردە سەر خاكی كوردستان، ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و بە ھەزاران خۆبەخش چوونە ریزی پارێزەرانی خاكی كوردستانەوە و بە دەیان پێشمەرگەی ئەو كوردستانە لەو پێناوەدا شەھیدبوون.
پێشمەرگەكان بە بۆنەی رۆژی ڤاڵانتاینەوە خۆشەویستیی خۆیان بۆ كوردستان دەردەبڕن و دەڵێن: ئەو رۆژە بۆ ئێمە پیرۆزە بتوانین خاكی خۆمان بپارێزین، بەرگریی لە خاكی پیرۆزی كوردستان ئەركە، ئەڤین بە واتای خۆشەویستیی بۆ خاك دێت و ھەتا دلۆپێك خوێن لە لەشمان مابێت بەرگریی لەو خاكە پیرۆزە دەكەین.