توركیا بە بەهای 8 ملیار دۆلار لە رێگەی ھەرێمی كوردستانەوە بازرگانیی کردووە
"ملیۆنێک و 760 ھەزار ئۆتۆمبێل لە باشووری كوردستانەوە ھاتوونەتە نێو خاكی توركیا، كە دەكاتە 40%ی رێژەی ھاتن و چوون لە توركیا"
K24- ھەولێر:
بەڕێوەبەری بازرگانیی و گومرکی هاورێشمی توركیا رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێكدا بە بڕی 8 ملیار و 500 ھەزار دۆلار توركیا بە رێگەی ھەرێمی كوردستانەوە بازرگانیی کردووە.
تونجای بایراكتار، بەڕێوەبەری بازرگانیی و گومرکی ھاوریشمی توركیا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند: "لە ماوەی ساڵێكدا ئاڵوگۆری بازرگانیی توركیا لەگەڵ عێراق دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و بڕی 2 ملیار و 500 ھەزار دۆلار دابەزیوە".
تونجای بایراكتار گوتیشی: "لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە بڕی 8 ملیار و 500 ھەزار دۆلار تورکیا بە رێگەی ھەرێمی كوردستانەوە بازرگانیی کردووە و یەك ملیۆن و 760 ھەزار ئۆتۆمبێل لە باشووری كوردستانەوە ھاتوونەتە نێو خاكی توركیا، كە دەكاتە 40%ی رێژەی ھاتن و چوون لە توركیا".
بەڕێوەبەری بازرگانیی و گومرکی ھاوریشمی توركیا ئاماژشی کرد کە: "رۆژانە 5 ھەزار ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر لە نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا هاتووچۆ دەکەن، لە ماوەی ساڵێكدا 3 ملیۆن و 600 ھەزار كەس بە رێگەی دەروازەی سنووریی ئیبراھیم خەلیل سەردانی توركیایان كردووە."
بەرپرسە تورکەکە ئەوەشی خستەڕو کە: "لە ماوەی ساڵێكدا لە تورکیا 375 حاڵەتی بە قاچاغبردن ئاشکرا کراوە و قازانجی حكوومەت لە ئاشکراکردنی ئەم حاڵەتانە 24 ملیۆن دۆلار بووە".
توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی پەیوەندیی بازرگانیی بەھێزی لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا ھەیە، زۆربەی ئاڵوگۆرە بازرگانییەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیلەوەیە.
بەھۆی شەڕی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) و سوپای توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی باكووری كوردستان، چەندین جار دەروازەی ئیبراھیم خەلیل بە رووی بازرگانی و گەشتیاراندا داخراوە، ئەمەش لە رووی ئابوورییەوە زیانی بە ھەردوولا گەیاندووە.
و: ھەڤاڵ مەلا