سعودییه و رووسیا له‌سه‌ر ئاستی هه‌ناردەکردنی نه‌وت رێككه‌وتن
"ئه‌و هه‌نگاوه سه‌قامگیریی بۆ بازاڕی نه‌وت ده‌گێڕێته‌وه"

K24- هه‌ولێر:
وه‌زیری وزه‌ی قه‌ته‌ر رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی نه‌وتی سعودییه و رووسیا و ڤه‌نزوێللا رێككه‌وتین هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له ئاستی مانگی رابردوو بهێڵینه‌وه، به‌و مه‌رجه‌ی گه‌وره به‌رهه‌مهێنه‌رانی نه‌وت له‌و هه‌وڵه‌ی ئه‌واندا به‌شداربن.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی داخراو له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی نه‌وتی سعودییه و رووسیا و ڤه‌نزوێللا له ده‌وحه‌ی پایتەختی قەتەر، وه‌زیری وزه‌ی قه‌ته‌ر، محه‌مه‌د بن ساڵح ساده، گوتی: "ئه‌م هه‌نگاوه سه‌قامگیریی بۆ بازاڕی نه‌وت ده‌گێڕێته‌وه".
لای خۆیه‌وە، وه‌زیری نه‌وتی سعودییه، عەلی ئەلنوعەیمی گوتی: "هێشتنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به هه‌مان ئاستی مانگی كانوونی دووه‌می رابردوو به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخی بازاڕی نه‌وتی خاو باشبكات".
عه‌لی ئەلنوعەیمی گوتیشی: "ده‌بینین به‌هۆی ئه‌و نرخانه‌ی ئێستا دابینكردنی نه‌وت بۆ بازاڕه‌كان كه‌مده‌بێته‌وه، هاوكات داخوازییه‌كان له‌سه‌ر نه‌وت زیاتر ده‌بێت".
وه‌زیری نه‌وتی سعودییه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "ئه‌و كاره زۆر گرینگه، نامانه‌وێت نرخه‌كان له بەرزبوون و دابه‌زینی گه‌وره‌دا بن، ده‌مانه‌وێ داواكارییه‌كان دابینبكه‌ین و نرخی نه‌وت سه‌قامگیر بێت".
هاوکات ئه‌لیكسانده‌ر نۆڤاك، وه‌زیری وزه‌ی رووسیا گوتی: "وڵاته‌كه‌ی و سعودییه و قه‌ته‌ر و ڤه‌نزوێللا ئاماده‌ن، ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له ئاستی مانگی كانوونی دووه‌می رابردوو بهێڵنه‌وه، ئه‌گه‌ر وڵاتانی دیكه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت به‌شداریی له‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌واندا بكه‌ن".
پێشتر له راپۆرتی مانگانه‌یدا، ئۆپیك رایگه‌یاندبوو: "له مانگی رابردوودا، رۆژانه 32.33 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌كردووه، به‌مه‌ش هه‌نارده‌ی رۆژانه‌ی به بڕی 130 هه‌زار به‌رمیل له مانگی پێشووتر زیاتر بووه".
له مانگی حوزه‌یرانی 2014، نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت 115 دۆلاری ئەمریکیی بوو، بەڵام ئێستا بۆ نزیكه‌ی 30 دۆلار دابه‌زیوه.
به گوێره‌ی شیكردنه‌وه‌یه‌كی ماڵپه‌ڕی جه‌زیره‌ش، چوار هۆكاری سه‌ره‌كیی بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌مشێوه‌یه دابه‌زێت، هۆكاره‌كانیش بریتین له:
له شه‌ش ساڵی رابردوودا، ئاستی بهرههمهمهێنانی نه‌وتی ئه‌مریكا به‌رزبووه‌ته‌وه.
تا ئێستا وڵاتانی ئه‌ندامانی رێكخراوی هه‌نارده‌كاریی نه‌وت (ئۆپیك) به ته‌واوی رێكنه‌كه‌وتوون، ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه‌مبكه‌نه‌وه.
دابه‌زینی ئاستی داواكاریی له‌سه‌ر نه‌وت.
به‌رزبوونه‌وه‌ی بەهای دۆلار.
بە رای پسپۆران به‌رزبوونه‌وه‌ی بەهای دۆلار یه‌كێك بووه له هۆكاره‌كانی دابه‌زینی ئاستی داواكاریی له‌سه‌ر نه‌وت، چونكه نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان به دۆلاری ئه‌مریكیی ده‌فرۆشرێت، به‌مه‌ش نرخی نه‌وت به دراوه‌كانی دیكه به‌رزتر ده‌بێت.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز+جه‌زیره، و: موحسین حوسێن