ئه‌عزاز به‌ردى بناغه‌ى كوردستانى سووريا داده‌نێت و توركيا ده‌خاته سه‌ر ئاگر
K24 – هه‌ولێر:
به گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌ى شاره‌زايانى ستراتيژى كێ ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌عزازدا بگرێت و كۆنترۆڵى بكات، داهاتوو بۆ خۆى بنياتده‌نێت و ئه‌گه‌ر يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل ئه‌و شاره كۆنترۆڵ بكه‌ن، ئه‌وا؛ بۆ يه‌كه‌مجار له مێژووى سووريادا به‌ردى بناغه‌ى يه‌كخستنى رۆژئاواى كوردستان داده‌نێن. گرنگى ستراتيژى ئه‌عزاز چييه و بۆچى توركيا له په‌رۆشى بۆ ئه‌عزاز كه‌وتووه‌ته سه‌ر ئاو و ئاگر..
ململانێ نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمايه‌تييه‌كان له شارۆچكه‌يه‌كى بچو‌وكدا له سووريا چڕ بوونه‌ته‌وه.
حه‌له‌ب له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى ناكۆكييه‌كان ده‌ركه‌وت
كاتێك چاوێك به جوگرافياى ته‌واوى سووريادا ده‌خشێنيت پێش هه‌موو شوێنێك سه‌ره‌تا له پايته‌ختى سياسيى سووريا نزيكده‌بيته‌وه، به‌ڵام به‌ر له چه‌ند هه‌فته‌يه‌ك سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر پايته‌خته ئابوورييه‌كه‌ى سووريا واته حه‌له‌ب چڕ بوونه‌ته‌وه و ره‌وشى حه‌له‌ب بووه‌ته سه‌رباسى سه‌ره‌كيى ميدياى جيهان.
ماوه‌ى پێنج ساڵه شه‌ڕ له سووريا به‌رده‌وامه، به‌ڵام له ئێستادا شه‌ڕ له ناوچه‌ى ئه‌عزاز، كه بووه‌ته هێڵى جياكه‌ره‌وه‌ى نێوان ناوچه كوردييه‌كانى سووريا و هێڵى پشتيوانى و كۆمه‌ككردنى به‌رهه‌ڵستكارانى سووريا سه‌رنجى زۆر له‌سه‌ر چڕ كراوه‌ته‌وه.
ئه‌عزاز وێستگه‌يه
ياريزانه هه‌رێمايه‌تى و نێوده‌وڵه‌تييه‌كان له‌و بڕوايه‌دان، چاره‌نووسى ئه‌عزاز وێستگه‌يه‌كى سه‌ره‌كى ده‌بێت بۆ يه‌كلابوونه‌وه‌ى چاره‌نووسى حه‌له‌ب و دواتريش، چاره‌نووسى نه‌خشه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.
كێ له‌و شاره بچووكه‌دا سه‌ركه‌وێت، پێگه‌ى هێنده به‌هێز و كاريگه‌ر ده‌بێت، تا به‌شدارى بكات له ره‌نگڕێژكردنى سيستمى نوێى هه‌رێمايه‌تى و دووباره ره‌نگڕێژكردنه‌وه‌ى ئه‌و سنووره‌ى بريتانى و فه‌ره‌نساييه‌كان له رێككه‌وتننامه‌ى سايكس – پيكۆ دايان نابوو و ئێستا ئه‌مريكاييه‌كان و رووسه‌كان دواى سه‌د ساڵ ده‌يانه‌وێت دايبڕێژنه‌وه.
شه‌ڕێكى بچووك، به‌ڵام جيهانى
وه‌ك رۆژنامه‌ى واشنتن پۆست ئاماژه‌ى بۆ كردووه، له حه‌له‌ب و ده‌وروبه‌ريدا، شه‌ڕێكى بچووكيى جيهانى به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئه‌و شه‌ڕه زياتر كڵپه‌ى سه‌ندووه، به هۆى راگه‌ياندنى كۆمه‌ڵه‌ى وڵاتانى پشتيوان له سووريا، كه پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو له ميونخى ئه‌ڵمانيا بڕيارياندا كرده‌وه‌ى سه‌ربازى رابگرن وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رييه‌ك بۆ راگه‌ياندنى ئاگر به‌ست.
ميحوه‌رى ئێران – رووسيا پێشڕه‌وى ده‌كه‌ن
بۆردومانى فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى رووسيا له ئاسمانه‌وه، بوونه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى ميليشياكانى ئێران و حزبوڵڵاى لوبنان و لايه‌نگرانى ئه‌سه‌د له ده‌وروبه‌رى حه‌له‌ب پێشڕه‌وى بكه‌ن.
ميليشياكانى سه‌ر به سوپاى ئازاد، كه له لايه‌ن ژوورى پرۆسه سه‌ربازييه‌كانه‌وه پشتيوانيان لێده‌كرێت و ئه‌و ژووره له لايه‌ن هه‌واڵگرى عه‌ره‌بى و خۆرئاواييه‌وه به سه‌رۆكايه‌تى ئه‌مريكا به‌ڕێوه‌ده‌برێت. شه‌ڕێكى سه‌ختييان ده‌ستپێكردووه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له ناوچه‌كانى باكوورى حه‌له‌ب بمێننه‌وه و له‌و چوارچێوه‌يه‌شدا مووشه‌كى زه‌وى – زه‌وييان پێگه‌يشتووه.
هه‌ريه‌ك له ئه‌نقه‌ره و رياز، وه‌ك دوو وڵاتى هاوهه‌ڵوێست له پرسى سووريا ئاماده‌ييان ده‌ربڕيوه له‌شكركێشى بكه‌نه سه‌ر سووريا، ئه‌گه‌ر بێت و هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش بڕيار له‌و باره‌يه‌وه بدات.
توركيا هه‌راسانه
له سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌يه‌وه تا دوێنێ، تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا به چڕى و بۆ ماوه‌ى چوار رۆژ له‌سه‌ر يه‌ك بۆردومانى باره‌گاى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه)يان له ناوچه‌كانى رۆژئاواى كوردستان و باكوورى حه‌له‌ب و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى ئه‌عزاز كرد، به ئامانجى رێگرتن له پێشڕه‌وييه‌كانى ئه‌و هێزه به‌ره‌و ئه‌عزاز.
داعش، كه گرووپێكى فره ره‌هه‌ند و زۆر سه‌ره، ده‌ستيگرتووه به‌سه‌ر كه‌رتى خۆرهه‌ڵاتى شارى حه‌له‌ب و قه‌ڵه‌مڕه‌وييه‌كه‌ى تا ره‌ققه‌ى نزيك عێراق ده‌رێژ ده‌بێته‌وه.
ميليشياكان گه‌مارۆ دراوون
گرووپ و ميليشيا به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى ئه‌سه‌د، له ده‌وروبه‌رى حه‌له‌ب گه‌مارۆ دراوون و له سێ قۆڵه‌وه له شه‌ڕدان. داعش له خۆرهه‌ڵاته‌وه و ميليشيا و هێزه‌كانى ئه‌سه‌د له باشووره‌وه و هێزى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل و هێزه‌كانى سوپاى سوورياى ديموكرات له خۆرئاواى شاره‌كه‌وه گه‌مارۆيان داوون. ئاسمانيشيان به فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى رووسيا و سووريا لێ ته‌نراوه.
خودى شارى حه‌له‌بيش، له 2012دا، دابه‌ش بووه بۆ چه‌ند به‌شێك.
نه‌خشه‌ى سه‌ربازيى حه‌له‌ب
به‌شى خۆرهه‌ڵاتى شاره‌كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتى گرووپه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانه و له ناويشياندا به‌ره‌ى نووسره هه‌يه، كه ده‌ستيگرتووه به‌سه‌ر وێستگه‌ى كاره‌باى شاره‌كه.
به‌شى خۆرئاواى شاره‌كه‌ش، له ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌كانى رژێمى ئه‌سه‌د ماوه‌ته‌وه.
له نێوان هه‌ردوو به‌شى شاره‌كه‌دا، به سه‌رپه‌رشتيى رێكخراوى مانگى سوورى سووريا، رێككه‌وتنێك واژوو كراوه بۆ ئاڵوگۆڕى خزمه‌تگوزارييه مه‌ده‌نييه‌كان بۆ هاووڵاتييان.
له سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌وه، هێزه‌كانى سه‌ر به ئه‌سه‌د به پشتيوانى فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى رووسيا، هێرشه‌كانيان بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كانى ديكه‌ى حه‌له‌ب ده‌ستپێكردووه، به تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى زياتر له ساڵێكه له هێرشه‌كانيان بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كان شكستيان هێنابوو.
هێزه‌كانى ئه‌سه‌د، له باكوور و باشوورى ده‌وروبه‌رى حه‌له‌به‌وه له جموجۆڵدان.
ئه‌وان توانيويانه رێگه‌ى سه‌ره‌كى حه‌له‌ب و ناوچه‌كانى باكوورى، به تايبه‌تى ئه‌و رێگايانه‌ى به‌ره‌و توركيا ده‌ڕۆن و حه‌له‌ب به‌و وڵاته‌وه ده‌به‌ستنه‌وه كۆنترۆڵ بكه‌ن. ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى پشتوێنى گه‌مارۆى سه‌ر به‌رهه‌ڵستكاره‌كان توندتر بكه‌نه‌وه.
يه‌په‌گه
يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل، سه‌ر به پارتى يه‌كێتيى ديموكراتين، ساڵح موسليم هاوسه‌رۆكى ئه‌و پارته‌يه، ئه‌نقه‌ره به هاوپه‌يمان و درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه)، هه‌ژمارى ده‌كات، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانيان له سوپاى شۆڕشگێڕانى سه‌ر به سوپاى ئازادى سووريا، له تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى ساڵى رابردوودا، هێزێكى نوێيان له ژێر ناوى هێزه‌كانى سوورياى ديموكراتيى پێكهێناوه و شه‌ڕى داعش و ميليشيا به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى سووريا ده‌كه‌ن.
ئه‌و هێزه نوێيه پشكى له‌و بودجه‌يه به‌ركه‌وتووه، كه كۆنگرێسى ئه‌مريكا له چوارچێوه‌ى پرۆگرامى راهێنان و پڕچه‌ككردنى ئۆپۆزيسيۆنى سووريا په‌سنديكردووه.
دواى ئه‌وه‌ى كۆشكى سپى ئه‌و به‌رنامه‌يه‌ى له پايزى رابردوودا راگرت، ئه‌و هێزه بووه هاوپه‌يمانى سه‌ره‌كى هاوپه‌مانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له خۆرهه‌ڵاتى رووبار‌ى فورات.
ئه‌مريكا له په‌يوه‌نديدايه له‌گه‌ڵيان
برێت ماك گۆڕك، نوێنه‌رى سه‌رۆكى ئه‌مريكا له هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له ماوه‌ى رابردوودا سه‌ردانى ئه‌و ناوچانه‌ى كرد، كه يه‌په‌گه و هێزه‌كانى سوورياى ديموكراتى كۆنترۆڵيان كردوون.
هه‌رچى له خۆرئاواى فوراته، هێزه‌كانى سوورياى هاوپه‌يمانى رووسيا هه‌ن.
فڕۆكه‌كانى رووسيا، بوونه‌ته پشتيوانێكى سه‌ره‌كى بۆ هێزه‌كانى ئه‌سه‌د و له ژێر سايه‌ى فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى رووسيادا، هێزه‌كانى ئه‌سه‌د خه‌ريكى پێشڕه‌ويين.
هێڵه‌كه ده‌بڕن
دواى ئه‌وه‌ى هێزه‌كانى سه‌ر به ئه‌سه‌د له كه‌رتى باكوورى حه‌له‌به‌وه پێشڕه‌وييان كرد و به‌ره‌و ناوچه‌ى ئه‌عزاز هه‌ڵكشاوون و ده‌يانه‌وێت هێڵى په‌يوه‌ندى نێوان حه‌له‌ب و توركيا ببڕن.
هێزه‌كانى سووريا توانيان ده‌ستبگرن به‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى منگى سه‌ربازييدا و بۆ يه‌كه‌مجار له دواى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى له ئابى 2012ه‌وه له لايه‌ن به‌رهه‌ڵستكارانه‌وه، ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌يه كه‌وته‌وه ده‌ست هێزه‌كانى ئه‌سه‌د.
له دوو رۆژى رابردوودا، يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل و هێزه‌كانى سوورياى ديموكراتى، توانيان شارۆچكه‌ى مارع و ژماره‌يه‌ك گوندى خۆرئاواى مارع كۆنترۆڵ بكه‌نه‌وه.
گوندى شێخ عيسا، هه‌ڵكه‌وتوو له خۆرئاواى مارع، مۆڵگه‌ى سه‌ره‌كى به‌ره‌ى شامى ميراتگرى ليواى ته‌وحيدى لايه‌نگرى داعش بوو، كه به بێ شه‌ڕ كه‌وتبووه ده‌ستى ئه‌و گرووپه و دوێنێ هێزه‌كانى سوورياى ديموكراتيى توانيان كۆنترۆڵى بكه‌ن و به‌ره‌ى شاميى ده‌رپه‌ڕێنن.
گرنگى ستراتيژى ئه‌عزاز
پێگه‌ى جوگرافى و ستراتيژى ئه‌عزاز ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوو هۆكار:
يه‌كه‌ميان: ئه‌و شارۆچكه‌يه كه‌وتووه‌ته سه‌ر هێڵى سه‌ره‌كى گه‌يشتنى هاوكارى توركيا بۆ گرووپ و ميليشيا به‌رهه‌ڵستكاره‌كان له ده‌وروبه‌رى حه‌له‌ب و به‌شێكى شارى حه‌له‌ب. به تايبه‌تيش له رێگه‌ى ده‌روازه‌ى سه‌لامه، كه ميليشياى ئه‌حرارى شاميى ئيسلاميى زاڵن به‌سه‌ريدا.
دووه‌ميان: ئه‌عزاز هه‌ڵكه‌وته‌ى به جۆرێكه كه هێڵى يه‌كتربڕى هه‌ردوو كه‌نارى خۆرئاوا و خۆرهه‌ڵاتى رووبار‌ى فوراته. هه‌روه‌ها گرنگترين خاڵه كه كانتۆنه‌كانى ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى كورديى له جزيره و كوبانێ له كه‌نارى خۆرهه‌ڵات و كانتۆنى عفرين له خۆرئاواوه به يه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و به‌وه‌ش رۆژئاواى كوردستان ده‌بێته‌وه يه‌كپارچه و ده‌كه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل.
چالاكانى كورد، ناوى ئه‌عزازيان گۆڕيوه بۆ ئه‌رفاد و به كۆنترۆڵكردنى ئه‌و شاره له لايه‌ن كورده‌وه، يه‌كينه‌كان به‌ردى بناغه‌ى دامه‌زراندن و درووستكردنى كيانێكى يه‌كپارچه بۆ كوردستانى سووريا داده‌نێن و به درێژايى سنوورى توركيا ناوچه‌كان كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن و تا ئه‌و شاره كۆنترۆڵ نه‌كرێت، كورده‌كانى سووريا ناتوانن پرۆژه‌يه‌كى كوردستانييان هه‌بێت و ده‌بێت هه‌ر له چوارچێوه‌ى ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى و كانتۆنى بچووك بچووك له چوارچێوه‌ى سوورياى نوێ بمێننه‌وه.
ئه‌نقه‌ره: ئه‌عزاز بڤه‌يه
حكومه‌تى ئه‌نقه‌ره، رايگه‌ياندووه، ئه‌عزاز هێڵى سووره به نسبه‌ت توركياوه و به‌شێكه له ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى توركيا.
هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌يه، پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى ئيسلاميى توركيا بڕواى وايه كۆنترۆڵكردنى ئه‌و شاره له لايه‌ن كورده‌وه ماناى ئه‌وه‌يه كوردستان سووريا له پاڵ كوردستانى عێراق درووست ده‌بێت و ئه‌وه‌ش ده‌رگاى ئه‌وه ده‌كاته‌وه كوردستانى توركيا بێته كايه‌وه، كه به‌شێكه له خه‌ون و ئامانجه سياسييه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه).
ناوچه‌ى ئارام يان پشتێنه‌ى توركيا
توركيا ده‌يه‌وێت، ناوچه‌يه‌كى ئارام له نێوان توركيا و سووريا بێته ئاراوه و ئه‌و ناوچه‌يه له جه‌رابلوسه‌وه تا ئه‌عزاز درێژبێته‌وه به درێژايى 100 كيلۆمه‌ترو قوڵى 45 كيلۆمه‌تر له ناو خاكى سووريا درووستبكرێت. به‌ڵام ئيداره‌ى ئۆباما ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه.
دواى ده‌ستتێوه‌ردانى رووسيا له شه‌ڕى سووريا به تايبه‌تى له ئه‌يلوولى ساڵى رابردووه‌وه و دامه‌زراندنى سيستمى به‌رگرى مووشه‌كى ئێس 400 له سووريا، كه دواى ئه‌وه هات، توركيا فڕۆكه‌يه‌كى رووسياى له تشرينى دووه‌مى رابردوو خسته‌خواره‌وه، فڕينى فڕۆكه‌ى توركيا له ئاسمانى سووريا بووه‌ته مه‌حاڵ و هه‌ر بۆيه، له ئێستادا سوپاى توركيا له رێگه‌ى تۆپخانه‌كانى سوپاكه‌يه‌وه تۆپبارانى يه‌په‌گه ده‌كات و به قوڵايى 60 كيلۆمه‌تر باره‌گاى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌لى كردووه‌ته ئامانج.
توركيا داواى له يه‌كينه‌كان كردووه له فڕۆكه‌خانه‌ى مينگ بكشێنه‌وه، به‌ڵام هاوسه‌رۆكى په‌يه‌ده، رايگه‌ياند، يه‌كينه‌كان، فڕۆكه‌خانه‌ى مينگيان له به‌ره‌ى نووسره‌ى سه‌ر به ئه‌لقاعيده رزگاركردووه و لێى ناكشێنه‌وه.
له باره‌ى گه‌مارۆى حه‌له‌به‌وه، دوێنێ پێكدادانى نێوان هێزه‌كانى كورد و ميليشيا به‌رهه‌ڵستكاره‌كان له ده‌وروبه‌رى حه‌له‌ب زياتر بوو.
بێ ئه‌مريكا چييان به‌سه‌رهات
شاره‌زايانى په‌يمانگه‌ى توێژينه‌وه‌كانى شه‌ڕ و په‌يمانگه‌ى ستراتفۆرى تايبه‌ت به توێژينه‌وه ئه‌منييه‌كان له‌و بڕوايه‌دان، ده‌ستبه‌رداربوونى ئه‌مريكا له گرووپه‌كانى سووپاى ئازادى سووريا، بووه‌ته خاڵى گۆڕانكارى له ملاملانێكانى سووريا. چونكه ئه‌و سياسه‌ته‌ى ئه‌مريكا سێ كاردانه‌وه‌ى لێكه‌وتووه‌ته‌وه:
يه‌كه‌م: بووه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى 300 هه‌زار كه‌س له ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى به‌رهه‌ڵستكاران بكه‌ونه ژێر گه‌مارۆوه و رژێمى ئه‌سه‌د و لايه‌نگرانى سياسه‌تى به‌چۆكداهێنان يان برسيكردن له دژيان به‌كار بهێنن. به جۆرێك كه 18 ناوچه كه كۆى دانيشتوانيان نزيكه‌ى مليۆنێك كه‌س ده‌بن، بوونه‌ته نێچيرى گه‌مارۆى رژێمى ئه‌سه‌د.
له ئێستاشدا به‌رهه‌ڵستكاران ترسيان لێنيشتووه له‌وه‌ى ئه‌سه‌د گه‌مارۆى هاوشێوه بسه‌پێنێت به‌سه‌ر ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتيياندا له حه‌له‌ب.
دووه‌م: ئاواربوونى زياتر له 150 هه‌زار كه‌س له‌و ناوچانه و ئاواره‌بوونى 70 هه‌زار كه‌سى ديكه له ده‌وروبه‌رى حه‌له‌ب. كه ئه‌مه‌ش بووه‌ته مايه‌ى فشارى زياتر بۆ سه‌ر توركيا.
په‌يمانگه‌ى توێژينه‌وه‌كانى جه‌نگ رايگه‌ياندووه، سه‌رۆكى رووسيا، ڤلاديمێر پۆتين، كارتى په‌نابه‌ران له دژى ئه‌وروپا به گشتيى و ئه‌ڵمانيا به تايبه‌تى به‌كارده‌هێنێت. ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى مێركڵى راوێژكارى ئه‌ڵمانيا پشتيوانى له سياسه‌تى توركيا بكات بۆ دامه‌زراندنى ناوچه‌يه‌كى ئارام له سه‌ر سنوورى توركيا و سووريا.
په‌يمانگه‌ى ستراتفۆر، ئه‌وه‌ى روونكردووه‌ته‌وه، كه رووسيا، كارتى په‌نابه‌ران له‌سه‌ر مێزى دانووستان له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا و وڵاتانى ديكه‌ى ئه‌وروپا به‌كار ده‌هێنێت. به تايبه‌تى وڵاتانى ئه‌وروپاى خۆرهه‌ڵات بۆ به‌رگرتن له هه‌ژموونى ئه‌مريكا له‌و وڵاتانه‌دا.
هه‌روه‌ها په‌يمانگه‌ى بروكينگى ئه‌مريكى رايگه‌ياندووه، ئه‌مريكا ده‌سته‌وه‌ستانه به‌ڵام داوايكردووه، واشنتن كارتى سزا سه‌پاندن به‌سه‌ر رووسيادا به‌كاربهێنێت له باره‌ى سوورياوه و هاوشێوه‌ى دۆسيه‌ى سربنيچا كار بۆ رزگاركردنى حه‌له‌ب بكات، به‌ڵام دۆسيه‌ى ئۆكرانيا له دژى رووسيا نه‌وروژێنێت.
رووسيا چه‌ند جارێك رايگه‌ياندووه، پێويسته هه‌ماهه‌نگيى له نێوان سوپاى هه‌ردوو لاياندا له سووريا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن قۆناغه‌كه ده‌رباز بكه‌ن و رووبه‌ڕووى يه‌كدى نه‌بنه‌وه.
سێيه‌م: په‌يمانگه‌ى توێژينه‌وه‌كانى جه‌نگ، رايگه‌ياندووه، ده‌ستبه‌رداربوونى ئه‌مريكا له سوپاى سوورياى ئازاد، بووه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى ميليشيا ميانڕه‌وه‌كان له به‌رامبه‌ر داعش و به‌ره‌ى نووسره‌دا لاواز ببن. و ئه‌حرارى شامى هاوشێوه‌ى داعش و به‌ره‌ى نووسره و ميليشيا توندڕه‌وه‌كانى ديكه به‌هێز ببن و ئه‌وه‌ش بووه هۆى ئه‌وه‌ى رووسيا بێته سه‌ر خه‌ت و به په‌له ده‌ستتێوه‌ردان بكات له كاروبارى ناوخۆى سووريا.
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ى حه‌يات، چاپى له‌نده‌ن.
وه‌رگێڕان: ئ.هـ