بەغدا سەلامەتیی مریشكی ھەرێمی كوردستانی راگەیاند
"ئەنفلۆنزای باڵندە نەگەیشتووەتە ھەرێمی كوردستان و ھیچ حاڵەتێك لە ھەرێم تۆمار نەكراوە"
K24 - ھەولێر:
لە نێوان ھەولێر و بەغدا، لیژنەیەك پێكھێنراوە كە ھەردوو وەزیری تەندروستیی وكشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و ئەمینداریی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی تێداییە، لیژنەکە رایگەیاند مریشكی ھەرێمی كوردستان سەلامەتە.
عەدیلە حموود، وەزیری تەندروستیی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەگەڵ ھەردوو وەزیرانی تەندروستیی و كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە بەڕێوەچوو، ئەنفلۆنزای باڵندە نەگەیشتووەتە ھەرێمی كوردستان ھیچ حاڵەتێك لە ھەرێم تۆمار نەكراوە".
عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی:"ماوەیەك لەمەوبەر حكوومەتی عێراق، ھەناردەی بەرهەمی پەلەوەرییەكانی ھەرێمی كوردستانی بە بەھانەی ھەبوونی ئەنفلونزای باڵندە قەدەغەكردبوو، ئێمە داوامانكرد لیژنەی تەندروستیی خۆیان بنێرن داوی ھاتنی لیژنەكەیان دەركەوت ھیچ حاڵەتێكی ئەنفلۆنزای باڵندە لە ھەرێمی كوردستان بوونی نییە".
ماوەیەك لەمەوبەر حكوومەتی عێراق بڕیاری قەدەغەكردنی ھاوردەی مریشك و بەرھەمە پەلەوەرییەكانی ھەرێمی كوردستانی دا بۆ عێراق، لە بەرامبەردا ھەرێم ھەناردەی ھەموو جۆرە بەروبوومێكی بۆ عێراق راگرت و ھەڕەشەی كەمكردنەوەی ئاوی لە بەغدا كرد.
داڕشتنەوەی: شنۆ محەممەد