سعودییە یارمەتیی سەربازیی بۆ لوبنان رادەگرێت
حزبوڵڵای لوبنان بەرامبەر ئەو بڕیارەی ریازھەڵوێستی وهرگرت.
K24 – ھەولێر:
سعودییە یارمەتیی ماڵیی خۆی بە بڕی 3 ملیار دۆلار بۆ ھێزی سەربازیی لوبنان و ھێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە ھەڵوەشاندوە.
سعودییە رایگەیاند: "بە ھۆی ھاوئاھەنگ نەبوونی پەیوەندی سعودییە و لوبنان، بەتایبەت بە ھۆی كردەوەكانی حزبوڵڵا و بێھەڵوێستی حكوومەتیی ئەو وڵاتە سەبارەت بەو ھێرشانەی لە دوو شاری تاران و مەشھەدی ئێران كرانە سەر باڵوێزخانەی ریاز، بڕیارمانداوە یارمەتییە داراییەكانمان بۆ ھێزی سەربازیی ئەو وڵاتە رابگرین".
سەرۆك وەزیرانی لوبنان، تەممام سەلام، نیگەرانی خۆی لەو بڕیارهی سعودییە دەربڕی و گوتی: "ھیوادارم سعودییە بەو بڕیاری خۆییدا بچێتەوە".
ھەر لەو چوارچێوەیەدا حزبوڵڵای لوبنان بەیاننامەیەكی دەركرد و رایگەیاند: "بڕیاری سعودییە بۆ راگرتنی یارمەتیی ماڵی بە سوپای لوبنان و ھێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە چاوەڕوانكراو بوو. بەرپرسانی حكوومیی و وەزارەت و ناوەندە سەربازییەكانی لوبنان ئاگاداری ئەوە بوون كە سعودییە لە مێژە ئەو بڕیارەیداوە و پێدەچێت ئەو بڕیارە لە سەرەتای ھاتنە سەر كاری پاشای ئێستای سعودییەوە درابێت و ئێمە زۆرجار لە میدیا ناوخۆیی و بیانییەكاندا باسمان كردووە".
حزبوڵڵای لوبنان ئەوەشی خستووەتەڕوو: "جیھان و ھاووڵاتیانی لوبنانیش بۆیان دەركەوتووە، سعودییە بە ھۆی شەڕی یەمەن و پیلانەكانی بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیھانی، تووشی قەیرانێكی دارایی گەورە بووە".
حزبوڵڵا، سعودییەی بەوە تۆمەتباركرد، كە راستییەكان دەشارێتەوە و لەوبارەیەوە گوتی: "سعودییە راست ناكات و راستییەكان دەشارێتەوە، ئەو بڕیارەی ریاز ئاشكرای دەكات، نەك ھەر دژایەتی تیرۆریزم ناكات، بەڵكو پشتیوانی سەرەكیی تیرۆریزمە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەوڵی نانەوەی ئاژاوە لە جیھانی عەرەب و ئیسلامدا دەدات".
ئەوە لە كاتێكدایە ئیمارات و بەحرێن پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو بڕیارەی سعودییە دەربڕیوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، "ئەو بڕیارەی سعودییە بەدوای كردەوە نالۆژیكییەكانی لوبناندا ھات. سەرەڕای ئەوەی بە درێژایی مێژوو سعودییە پشتیوانی لە لوبنان كردووە و لە بارودۆخە دژوارەكاندا یارمەتی ئەو وڵاتەی داوە، بەڵام ئێمە گهواھی ئەوە دەدەین بهیروت لەبەرامبەر ریازدا نالۆژیكییانە ھەڵوێست دەگرێت".
ھاوكات سەرۆك وەزیرانی پێشووی لوبنان، سەعد حەریری لە بەیاننامەیەكدا پاڵپشتی خۆی بۆ ئهو بڕیارەی سعودییە راگەیاند و جەختیكردەوە: ئهوان "درك بەو بڕیارەی ریاز دەكەن و ھیوادارن سەركردەكانی سعودییە بە چاوی برای گەورە سەیری لوبنان بكەن".
سەرچاوە: رۆيتهرز، ئیسنا
وەرگێڕان: لەیلا قادریی