فەرماندەیەكی پێشمەرگە: داعش بۆمبی ژەهراوی دەھاوێژیتە سەنگەرەكان
"ئەو رۆژە چوو داعش بتوانێ خاكی كوردستان كۆنتڕۆڵ بكات"

K24 - دھۆك:
فەرماندەیەكی ھێزی پێشمەرگە رایگەیاند، چەكدارانی داعش داعش بۆمبی ژەهراوی دەھاوێژنە سەنگەرەكان، بەڵام ورە پێشمەرگە بەرزە و تازە داعش بستێك خاكی كوردستان داگیر بكات.
لە لێدوانێكیدا بۆ (كوردستان24) سەربەست لەزگین، نوێنەری سەرۆکی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی پێشمەرگە لە سنووری شنگال رایگەیاند: "چەكدارانی داعش ھەندێك بۆمب دەھاوێژنە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، ژەهراوین و چاككراون گازی ژەھراویان تێدایە".
سەربەست لەزگین گوتیشی: "ورەی پێشمەرگە بەرزە بە ئۆپەراسیۆن و سەركەوتنەكانی دوو ساڵی رابردوو، داعش گەیشتوەتە ئەو بڕوایە ئەو رۆژە چوو كە بتوانن خاكی ھەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵ بكات".
ھەر لە بارەی ورەی پێشمەرگە لەو سنوورە قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە لە شنگال بە (كوردستان24)ی گوت: "ئەو كاتەی ھێزێكی زۆری پێشمەرگە بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك ھاتە شنگال بڕیار نەبوو ئەگەرنا ئەو كات دەمانتوانی تا تەلەئفەر داعش راوبنێین".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەر لە لایەن سەرۆكی ھەرێمی كوردستان فەرمانمان پێ بكرێت، دەتوانین تەواوی ناوچەكە لە چەكدارانی داعش پاكبكەینەوە".
بە گوتەی فەرماندەكانی پێشمەرگە 25ی ئەم مانگە چەكدارانی داعش لە رێگە بۆمبەوە گازی ژەهراویان لە سنووری شارۆچكەی شنگال دژ بە ھێزی پێشمەرگە بەكارھێناوە، بە گوتەی سەرچاوە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا پێشتریش لە چەند میحوەرێكی دیكەی پێشمەرگە داعش چەكی كیمیایی و قەدەغەكراوی بەكارھێناوە.
داڕشتنەوە: ھ . م