گێنەڵ ئینێرجی: هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە
حکوومەتی تورکیا رێوشوێنی ئەمنیی بۆ پاراستنی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی کوردستان-جەیهان توند کردووە
K24- هەولێر
کۆمپانیای گێنەڵ ئینێرجی رایگەیاند پێشبینیی دەکات لە دوو رۆژی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بە رێگەی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت کوردستان-جەیهان دەستپێبکاتەوە.
موراد ئۆزگویل، سەرۆکی کارگێڕیی گێنەڵ ئینێرجی، کە لە کێڵگەی نەوتی تەق تەق لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکات، راشیگەیاند: "پێشبینیی دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوت لە نێوان باکووری عێراق و تورکیا دەستپێبکاتەوە".
موراد ئۆزگویل گوتیشی: "حکوومەتی تورکیا رێوشوێنی ئەمنیی بۆ پاراستنی بۆڕییەکە توند کردووە و چاوەڕوان دەکرێت ئەم گۆڕانکارییانە وەستانی کارکردنی بۆڕییەکە لە ئەم ساڵدا کەمتر بکەنەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی تەقینەوەی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی کوردستان-جەیهان لە 17/2/2016وە لە ناوچەی شرناخ لە باکووری کوردستان هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بە رێگەی بۆڕییەکە وەستاوە.
کۆمپانیای گێنەڵ ئینێرجی یەکێکە لە دوو کۆمپانیای سەرەکیی کە لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن.
پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "بەھۆی ھێرشكردنە سەر بۆڕییە نەوتییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا ھەناردەكردنی نەوت وەستا".
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گوتیشی: "لە نزیك شاری ئورفە لە باكووری كوردستان ھێرشكراوەتە سەر بۆڕییە نەوتییەكانی ھەرێمی كوردستان و بەھۆی ئەو ھێرشانەوە ھەناردەی نەوت لە 16 ئەم مانگەوە (شوبات/فەبرایەر) وەستێنراوە".
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە مانگی یەکی ساڵی 2016 راپۆرتی پەیوەست بە قەبارەی ھاناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە و ئاشکرای کرد کە: "لە مانگی یەکی ئەم ساڵ 18 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رێی بەنەدەری جەیھانی توركیا ھەناردە كردووە".
بەڵام نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ناتوانم هیچ لایەنێک بە تەقاندنەوەی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی کوردستان تۆمەتبار بکەم.
ئا: ئا ، ف