كوه‌یت پێشبینی نوێ بۆ نرخی نه‌وت ده‌كات
خواست له‌سه‌ر نه‌وت به‌رزده‌بێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زیری نه‌وتی كوه‌یت به وه‌كاله‌ت پێشبینی ده‌كات، تا سێ ساڵی دیكه نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌نێوان 40-60 دۆلار بێت.
ئه‌نه‌س ساڵح، وه‌زیری نه‌وتی كوه‌یت به وه‌كاله‌ت، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له كوه‌یتی پایته‌خت، گوتی: "به گوێره‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كان بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی داواكاری نه‌وت له كۆتایی ئه‌مساڵ، پێشبینی ده‌كه‌م تا 2017-2018 نرخی نه‌وت كه‌مێك له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه به‌رزتر بێته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ ساڵه‌دا نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت له‌نێوان 40 دۆلار بۆ 60 دۆلار جێگیر ده‌بێت".
لێدوانه‌كانی ئه‌و وه‌زیره كوه‌یتییه له‌كاتێكدایه، كه ئه‌مڕۆ نه‌رخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی برێنت به كه‌متر له 40 دۆلار له بازاڕه‌كانی جیهان فرۆشراوه.