نادال و جۆکۆڤیچ پەڕینەوە قۆناخی چوارەمی ئیندیانا وێڵز

چەند تێنسزانێکی دیکەش گەیشتنە قۆناخی چوارەم

 

رکابەرییەکانی پاڵەوانییەتی تێنسی ئیندیانا وێڵزی ئەمێریکی ١٠٠٠ خاڵی بەردەوامی ھەیە و لە ئاستی پیاوان چەند تێنسزانێک گەیشتنە قۆناخی چوارەمی پاڵەوانییەتیەکە.

لە قۆناخی سێیەمی پاڵەوانییەتیەکە رافایل نادالی ئیسپانی بە دوو سێتی بێ وەڵام سەرکەوتنی بەسەر فێرناندۆ فێرداسکۆی ھاونیشتمانی تۆمارکرد.

نادال سێتی یەکەمی بە ئاسانی بە ئەنجامی شەش سفر بردەوە, بەڵام لە سێتی دووەمدا رووبەرووی زەحمەتی بووەوە و ئەم سێتەی بە ئەنجامی 7-6 لەبەرژەوەندی خۆی یەکلا کردەوە و لەو قۆناخەدا نادال رووبەڕووی ئالێکساندێر زڤێریڤی تێنسزانی لاوی ئەڵمانی دەبێتەوە.

لەیارییەکی دیکەدا جۆ وێلفرێد تسۆنگاش سەرکەوتنی بەدەستھێنا و ئەویش قۆناخی سێیەمی تێپەڕاند.

تسۆنگا بە دوو سێتی بێبەرامبەر لە سام کوێری بردەوە و لەسەر خاک و لە بەردەم جەماوەرەکەی لەو تێنسزانە ئەمریکییەی بردەوە، ئەنجامی سێتەکان 6-3 و 6-4 بوون.

تسۆنگا بە درێژایی یارییەکە کۆنتڕۆڵی یارییەکەی کردبوو و ھەردوو سێتی بە ئاسانی لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلاکردەوە.

ھەر لە ئاستی پیاوان نۆڤاک جۆکۆڤیچ لە قۆناخی سێیەمی سەرکەوتنی بەدەستھێنا و ئەویش گەیشتە قۆناخی چوارەم کۆتایی پاڵەوانیەتییەکە.

جۆکۆڤیچ بە دوو سێتی بێبەرامبەر لە فیلیپ کۆلشرایبەری بردەوە و ئەنجامی سێتەکان ھاوشێوە و ھاوسیناریۆ بوون و نۆلێ بە ئەنجامی 7-6 لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلاکردنەوە.

پێشەنگی تێنسزانەکانی جیھان کە دوو ساڵی رابردوو بووەتە پاڵەوانی ئەم پاڵەوانیەتییەکە لە قۆناخی داھاتوو رووبەڕووی فیلیسیانۆ لۆپێز دەبێتەوە.

دۆمێنیک تیمی نەمسایی دوای بردنەوەی لە جاک سۆک یەکێکی دیکە بوو لەوانەی گەیشتە قۆناخی قۆناخی چوارەمی ئیندیانا وێلز.

تێمی یازدەمی ریزبەندی پاڵەوانیەتییەکە سەرەتا سێتی یەکەمی بە ئەنجامی 7-5 بردەوە، بەڵام سێتی دووەمی بە ئەنجامی 7-6 دۆڕاند، کەچی دواجار جلەوی یارییەکەی گرتەوە دەست و سێتی سێیەمی بە ئەنجامی 6-1 بردەوە و گەیشتە قۆناخی چوارەم و بەسەر تێنسزانە ئەمریکییەکەدا سەرکەوت.

Fly Erbil Advertisment