جێگری سوپاسالاری ئیسرائیل: مانەوەی ئەردۆغان لە دەسەڵات کێشە دەنێتەوە

"دۆخەکە بە بوونی هێزی سەربازیی رووسیا لە سووریا باشە"

K24-هەولێر

جێگری سوپاسالاری ئیسرائیل، یائییر گۆلان رایگەیاند مانەوەی سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کە بۆچوونی ئیسلامیی هەیە و حزبەکەی لە دەسەڵات کێشە و ناکۆکیی بەردەوام لەگەڵ ئیسرائیل دروست دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە لێدوانەکانی یائییر گۆلان هاوکاتن لەگەڵ هەوڵەکانی ئاشتبوونەوە لە نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە دوای ناکۆکییەکانیان بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتی ئازادیی تورکیا لە ساڵی 2010.

جێگری سوپاسالاری ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکدا لە زانکۆی بار ئیلان لە ئیسرائیل کە لەبارەی ئاستەنگەکانی پێش سوپای ئیسرائیل سازکرا، راشیگەیاند: "بوونی رژێمی سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەبێتە هۆی مانەوەی ناکۆکییەکان لە پەیوەندییەکانماندا".

فەرماندە سەربازییکەی ئیسرائیل گوتیشی: "هەتا تورکیا لە ژێر دەسەڵاتی حزبێکدا بمێنێتەوە ئاراستەی ئیسلامیی قووڵی هەبێ بە سەرکردایەتی کەسێکی کێشە خوڵقێنەری وەکوو ئەردۆغان، پێویست دەکات پێشبینیی بوونی کێشە و ئاستەنگ بکەین".

جێگری سوپاسالاری ئیسرائیل، یائییر گۆلان ئاماژەشی کرد کە: پێویستە ئیسرائیل دۆخەکە لەگەڵ تورکیا خراپتر نەکات، چونکە تورکیا "دەوڵەتێکی گەورە و بەهێزە"، و جەختیشی کرد لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی ناکۆکی لەگەڵ تورکیا هاوکات لەگەڵ بەرگریکردن لەگەڵ "پەرەنسیپەکانی ئیسرائیل".

یائییر گۆلان لەبارەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە گوتی: "ئەمریکا لە چەند ساڵی رابردوو بەکارهێنانی هێزە سەربازییەکەی بە فراوانیی کردە بابەتێکی ئاسایی".

جێگری سوپاسالاری ئیسرائیل هاوکات لەبارەی بوونی سەربازیی رووسیا لە ناوچەکە و بەتایبەت لە سووریا گوتی: "ناکرێ ئەم بوونە پشتگوێ بخرێ، بەڵام مەرج نییە ئەم بوونە خراپ بێ، چونکە مۆسکۆ باش ئاشنای هێڵە سوورەکانی ئیسرائیلە".

سەرچاوە: CNN، ئا: ئا ، ف