فڕۆکەیەکی میسریی بە سەر نشینەکانییەوە رفێندرا
"فڕۆکەکە لە قوبرس نیشتەوە"
K24-هەولێر
چەند سەرچاوەیەکی فڕۆکەوانیی مەدەنیی و پۆلیس رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، فڕۆکەیەکی سەر بە کۆمپانیای میسر بۆ فڕۆکەوانیی کە گەشتێکی لە شاری ئەسکەندەرییەوە بۆ قاهیرە ئەنجام دەدا لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراو رفێندرا و ناچار کرا لە وڵاتی قوبرس بنیشێتەوە.
بەپێی پۆلیسی قوبرس و بەرپرسێک لە فڕۆکەخانەی قاهیرە لە میسر: "فڕۆکەکە سەر بە کۆمپانیای میسرە بۆ فڕۆکەوانیی و 55 سەرنشین لەخۆدەگرێ لەگەڵ تیمی فڕۆکەوان و خزمەتگوزارانی نێو فڕۆکەکە کە ژمارەیان 7 کەسە لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە رفێندرا و ئەمڕۆ سێشەممە ناچار کرا لە فڕۆکەخانەی لارنکا لە قوبرس بنیشێتەوە".
پۆلیسی قوبرس راشیگەیاند: "رفێنەرەکان کاتژمێر 05:30 بە کاتی گرینیچ پەیوەندیان بە تاوەری چاودێریی (فڕۆکەخانەی لارنکاوە کرد) و کاتژمێر 05:50 بە کاتی گرینیچ رێگە درا فڕۆکەکە بنیشێتەوە و تا ئێستا رفێنەرەکان داواکارییەکانیان ئاشکرا نەکردووە و شانەیەکی قەیران نێردراوە بۆ فڕۆکەخانەکە".
هاوکات ئاژانسەکانی هەواڵ دەڵێن: یەکێک لە رفێنەرانی فڕۆکەکە گوتوویەتی پشتێنەیەکی بۆمبرێژکراوی پێیە.
هەروەها سەرچاوە ئەمنییەکان لە فڕۆکەخانەی قاهیرە ئاشکرایان کردووە کە: فڕۆکەکە جۆری ئێرباس A320 ە.
سەرچاوە: SKY NEWS، ئا: ئا ، ف