رفێنەرانی فڕۆکە میسرییەکە رێگەیان دا سەرنشینانی میسریی لە فڕۆکەکە دابەزن

"هێشتا سەرنشینانی بیانیی لە نێو فڕۆکەکە ماون"

K24-هەولێر

چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە وڵاتی قوبرسی یۆنانی رایانگەیاند رفێنەرانی فڕۆکە میسرییەکە رێگەیان دا سەرنشینانی میسریی لە فڕۆکەکە دابەزن، بەڵام هێشتا سەرنشینانی بیانیی لە نێو فڕۆکەکە ماون.

وەزارەتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی میسر، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "یەکێک لە سەرنشینانی فڕۆکەکە هەڕەشەی لە فڕۆکەوانی فڕۆکەکە رفێندراوەکەی سەر بە کۆمپانیای میسر بۆ فڕۆکەوانیی کردووە و گوتوویەتی کە پشتێنەیەکی بۆمبرێژکراوی پێیە".

وەزارەتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی میسر گوتیشی: "فڕۆکەوانی فڕۆکەکە، عومەر ئەلجەمەل رایگەیاند کە یەکێک لە سەرنشینان هەڕەشەی کردووە و گوتوویەتی پشتێنەیەکی بۆمبرێژکراوی پێیە" و فڕۆکەوانەکەی ناچار کردووە لە فڕۆکەخانەی لارنکا بنیشێتەوە".

هاوکات کۆمپانیای میسر بۆ فڕۆکەوانیی رایگەیاند: ژمارەی سەرنیشینانی فڕۆکەکە 81 سەرنشینە و هێشتا 4 سەرنشینی بیانیی و تیمی فڕۆکەکە کە ژمارەیان 7 کەسە لە نێو فڕۆکەکە ماون.

بەپێی پۆلیسی قوبرس رایگەیاند: "رفێنەرەکان کاتژمێر 05:30 بە کاتی گرینیچ پەیوەندیان بە تاوەری چاودێریی (فڕۆکەخانەی لارنکاوە کرد) و کاتژمێر 05:50 بە کاتی گرینیچ رێگە درا فڕۆکەکە بنیشێتەوە و تا ئێستا رفێنەرەکان داواکارییەکانیان ئاشکرا نەکردووە و شانەیەکی قەیران نێردراوە بۆ فڕۆکەخانەکە".

سەرچاوە: SKY، ئا: ئا ، ف