ئەو پەتاتە و پیازانەی لە ئۆكراینا ھاوەردەی كوردستان دەكرێن مەترسی ئەوەیان لێدەكرێت یۆرانیۆمیان تێدابێت
"ھەموومان ئاگادارین لە سەدەی رابردوو دا بەھۆی تەقینەوەی كۆمپانیای ئەتۆمی و یۆرانیۆم، ئۆكراینا، ھەناردەی میوەی لێ قەدەغەكراوە"

K24- ھەولێر:
ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، ئەو پەتاتەو پیازەی لە ئۆکرایناوە هێنراوهته باشووری کوردستان مەترسی ئەوەیان لێدەکرێت مادەی یۆرانیۆمیان تێدا بێت.
عەباس غەزالی ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵی لە پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە (کوردستان24) راگەیاند، لیژنەیەکەیان لە رێگەی تیمی تایبەتەوە دەست بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پەتاتەو پیازانە دهكات و هۆشداریش دەداتە هاووڵاتیان.
ھەروەھا عەباس غەزالی دەشڵێت: "چەند رۆژێكە لە مەیدانی میوە فرۆشان ھەستكراوە، كە پەتاتە و پیاز لە ئۆكراینا دێن، ئەمەش مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی خۆراك لە ھەرێمی كوردستان، چونكە ھەموومان ئاگادارین لە سەدەی رابردوو دا بەھۆی تەقینەوەی كۆمپانیای ئەتۆمی و یۆرانیۆم، ئۆكراینا، ھەناردەی میوەی لێ قەدەغەكراوە، چونكە یۆرانیۆم تا دوو سەدە زیاتر كاریگەری دەمینێت، بۆیە ئێمە دەستمان بە لێكۆڵینەوە كردووە".