دوایین زانیاری و هه‌واڵ له‌سه‌ر كلاسیكۆ بزانه‌

چه‌ندان زانیاریی وردی تایبه‌ت به‌ هه‌ردوو یانه‌ له‌خۆگرتووه‌

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ كات 9:30ـی شه‌و به‌ كاتی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كلاسیكۆی ئیسپانیا له‌ یاریگه‌ی كامپ نو یانه‌ی بارسێلۆنا میوانداریی ریال مه‌دریدی ركابه‌ری ده‌كات، له‌م ڕاپۆرته‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هه‌واڵ و زانیاریی له‌ باره‌ی بارودۆخی بارسا و ریال، له‌گه‌ڵ چه‌ندان ورده‌كاری تر خراوه‌ته‌ ڕوو.

ـ هێرناندێز هێرناندێز ناوبژیوانییەتی کلاسیکۆ دەکات.

ـ هێرناندێز دوایین ناوبژیوانە کارتی سووری بەڕووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەرزکردبێتەوە، بەرامبەر کۆردۆبا بوو.

ـ هێرناندێز 8 یاری ریال مەدریدی بەڕێوەبردووە (6 بردنەوە و 2 دۆڕان).

ـ هێرناندێز 4 یاری بارسێلۆنای بەڕێوەبردووە (2 بردنەوە و دۆڕانێک و بەرامبەربوونێک).

ـ هێرناندێزی 33 ساڵان: 22 ساڵ لەمەوەبەر خەونم بەوە دەبینی ببمە ناوبژیوانی کلاسیکۆ.

ـ ئالڤارۆ ئاربێلوای 33 ساڵان بەتەمنترین یاریزانی کلاسیکۆی ئەمجارەیە.

ـ مونیر حەدادی بچوکترین یاریزانی کلاسیکۆی ئەمجارەیە.

ـ نرخی یاریزانەکانی پێکهاتەی سەرەکی ریال مەدرید لە کلاسیکۆ 707.3 ملیۆن یۆرۆیە.

ـ نرخی یاریزانەکانی پێکهاتەی سەرەکی بارسێلۆنا بۆ کلاسیکۆ 693 ملیۆن یۆرۆیە.

ـ سێکوچکەی BBC لەم وەرزە لە هەر 89 خولەکێک جارێک گۆڵیان کردووە.

ـ سێکوچکەی MSN لەم وەرزە لە هەر 99 خولەکێک جارێک گۆڵیان کردووە.

ـ کۆمپانیای نایک سپۆنسەریی 23 یاریزانی کلاسیکۆ دەکات، کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکێکە لەوانە.

ـ کۆمپانیای ئادیداس سپۆنسەریی 21 یاریزانی کلاسیکۆ دەکات، لیۆنێل مێسی یەکێکە لەوانە.

ـ مێسی یەک گۆڵی پێویستە بۆ ئەوەی ژمارەی گۆڵەکانی لە ژیانیی وەرزشیی خۆی بکاتە 500 گۆڵ.

ـ رۆناڵدۆ دەیەوێت ریکۆردی دی ستیفانۆ بشکێنێت و لە کامپ نوو ببێتە خاوەنی زۆرترین گۆڵ.

ـ لە کامپ نوو 110 کلاسیکۆ بەڕێوەچووە (62 بارسا، 25 ریال، 23 بەرامبەربوون).

ـ لە لالیگا 171 کلاسیکۆ بەڕێوەچووە (ریال 71، بارسا 68، بەرامبەربوون 32).

ـ لە مێژوو 231 کلاسیکۆی فەرمی بەڕێوەچووە (ریال 92، بارسا 90،بەرامبەربوون 48).

ـ یاریی کلاسیکۆ لە 184 وڵاتی جیاواز پەخش دەکرێت.

ـ پێشبینی دەکرێت نزیکەی 600 ملیۆن کەس لە جیهان سەیری یارییەکە بکەن.

ـ بلیتی کلاسیکۆ هەمووی فرۆشراوە و لە بازاڕی رەش دووبارە دەفرۆشرێتەوە.

ـ دیکۆ: هیچ یاریزانێکی ریال مەدرید توانای ئەوەی نییە لە بارسێلۆنا یاریی بکات.

ـ نزیکەی 700 راگەیاندنکار لە 33 وڵاتی جیاوازەوە لە کامپ نوو رووماڵی کلاسیکۆ دەکەن.

ـ مێسی دوو درێسی بە واژووی خۆی بۆ ساشا و مالیای کچی باراک ئۆباما نارد.

ـ لویز ئێنریکی: ئەگەر چوویتە سینەما و فیلمەکەت بە دڵ نەبوو بێزار دەبی، بۆیە دەمانەوێت لە کالسیکۆ یارییەکی جوان پێشکەش بکەین.

ـ لویز ئێنریکی: ریال مەدرید لە هێرشی پێچەوانە زۆر مەترسیدارە.

ـ زیدان: نامەوێت باسی شەڕی خۆم و ئێنریکی بکەم لە سەردەمی یاریزانبوونماندا.

ـ زیدان: کلاسیکۆم پێ لە یاریی چامپیۆنزلیگ گرنگترە.

ـ پەیامنێری کوردستان24 لە ئیسپانیا: ژمارەی پیاوانی ئاسایش لە شەقامەکان زۆرتربووە.

ـ پەیامنێری کوردستان24 لە ئیسپانیا: لە کاتی ئامادەبوونم لە پرێس کۆنفرانسی زیدان بۆ ماوەی 3 سەعات پۆلیس ئێمەی دواخست.

ـ پەیامنێری کوردستان24: رێکارە ئەمنییەکان لەم چەند رۆژەدا لە مەدرید و بارسێلۆنا زۆر توندبووە.

ـ هەر کاتێک سوارێز لەم وەرزە گۆڵی کردبێت بارسێلۆنا نەدۆراوە (44 یاری، 42 بردنەوە، 2 بەرامبەربوون).