دەیان ئافرەت لە بندەستی تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە رزگارکران

لەشفرۆشییان پێوە دەکردن

K24-هەولێر

هێزەکانی ناوخۆی لوبنان رایانگەیاند کە ترسناکترین تۆڕی بازرگانیکردنیان بە مرۆڤ لە لوبنان ئاشکرا کرد و 75 کچیان لە بندەستیان رزگار کردووە کە ئەشکەنجەیان دەدان و ناچاریان دەکردن لەشفرۆشیی بکەن.

هێزەکانی ناوخۆی لوبنان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە: "دوای چاودێریی ورد گرووپێکمان ئاشکرا کرد کە چەندین کەس لەخۆدەگرێ و ترسناکترین تۆڕی بازرگانیکردنیان بە مرۆڤ پێکهێناوە لە لوبنان و لە ناوچەی جونییە دەستگیرکران و 75 کچ کە زۆربەیان سووریین لە بندەستیان رزگار کران و ئەو کچانە لە رووی دەروونی و جەستەوە ئەشکەنجە دراون و بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە رووتەکانیان و چەند رێگەیەکی دیکە ناچار کراون لەشفرۆشیی بکەن".

هێزەکانی ناوخۆی لوبنان دەشڵێن: "بەشێک لەو کچانە بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە جەستەیان شێوێنراوە و هێزە ئەمنییەکان دە پیاویان دەستگیر کردووە لەپاڵ هەشت کرێکاری ئافرەت کە پاسەوانی کچەکانیان دەکرد لەو شوقانەی کە (لەشفرۆشییان تێدا دەکرا) و دوو لە داواکراوەکان کە تۆڕەکەیان بەڕێوەدەبرد هەڵاتوون و خۆیان حەشار داوە و یەکێک لە ئەندامانی تۆڕەکە پزیشکێکی لوبنانییە تەمەن 55 ساڵ و دانی بەوەدا ناوە کە 200 نەشتەرگەریی لەباردبردنی منداڵی بۆ ئەو کچانە ئەنجامداوە".

ئا: ئا ، ف