زیندانیە سیاسییەكان دڵنیا دەكرێنەوە مووچەكانیان پێدەدرێت

K24 - ھەولێر:

 لە بارەی مووچەی دواكەوتنی مووچەكانیان سەرۆكی كۆمكاری زیندانه‌ سیاسییه‌كانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، دڵنیای دەدەین لەگەڵ مووچەی كەسوكاری شەھیدان مووچەی زیندانیانی سیاسی دابەش دەكرێت.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) نه‌وزاد شێخه‌، سه‌رۆكی كۆمكاری زیندانه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان راگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەوڵی بەردەوام دایە بۆ دابینكردنی مووچەكەمان، بۆیە زیندانییە سیاسییەكان دڵنیا دەكەمەوە ھەر كاتیك مووچەی كەسوكاری شەھید و ئەنفالكراوان ھات، ئەوا مووچەی زیندانییە سیاسییەكانیش لەگەڵ ھی ئەوان دابەش داكرێت".

سەرۆكی كۆمكاری زیندانییە سیاسییەكان گوتیشی: "نازانم ئەو مووچەی كە پێمان دەدرێت ھی مانگی چەندە، بەڵام دڵنیام لەگەڵ مووچەی شەھید و ئەنفالكراوان مووچەی زیندانیانی سیاسی دابەش دەكرێت".

لە ساڵی 2016 تا ئێستا زیندانییە سایسییەكان ھیچ مووچەیەكیان پێنەدراوە، چەند جارێك لە رێگەی گردبوونەوە و ناڕەزای داوای مووچەكەنیان كردووە.

زیندانیانی سیاسی ئەو كەسانەن كە لە ماوەی دەستەڵاتی رژێمی بەعس بە ھۆكاری سیاسی زیندانی كراون، بەشێك لەو كەسانە پێشمەرگەی شاخ و كادیرە دیارەكانی پارتە سیاسییەكانی باشووری كوردستانن، لە ماوەی رابردوودا چەند جارێك گلەیی لەوەكراوە كە ناوی چەند كەسێك خراوەتە ناو لیستەكە زیندانی نەكراون.