سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق داوای دادگاییکردنی هێرشکەران دەکەن بۆ سەر پەرلەمان

K24-هەولێر
سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە دوای کۆبوونەوەیان لە بەغدا رایانگەیاند ئەوەی دوێنێ لە بەغدا روویدا و هەڵکوتانە سەر پەرلەمان رووداوێکی ترسناکە و پێویستە هێرشکەران دادگایی بکرێن.
سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکوومەتی عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ سەرکردەی چەند لایەنێکی سیاسیی لە بەغدا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی دوا پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بەتایبەت رووداوەکانی ئێوارەی دوێنێ کە خۆپێشاندەرانی لایەنگری رەوتی سەدر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراقیان بۆ ماوەیەک داگیر کرد.
لە کۆبوونەوەکەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق هەر یەک لە سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبیی و سکرتێری گشتیی رێکخراوی بەدر هادی عامریی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق عەممار حەکیم بەشداربوون.
سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دوا بە دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکدا گوتیان: "هەڵکوتانە سەر ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) و دەستدرێژیکردنە سەر ئەندامانی ئەنجوومەنەکە و ئەوەی روویدا پێشێلکارییەکی ترسناکە بۆ سەر شکۆی دەوڵەت و پێشێلکردنێکی روونی دەستوورە و پێویستە هێرشکەران دادگایی بکرێن".
سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق هاوکات جەختیان کردەوە لەسەر پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکان و هانیان دان بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆیان هەستن بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی گشتیی بۆ هاوڵاتییان و دامودەزگاکانی دەوڵەت لە هەر دەستدرێژییەکی هەر لایەنێک بێت و رێگە دەستوورییەکان پەیڕەو بکرێن بۆ سەپاندنی یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت".
سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە راگەیەندراوەکەیاندا ئاماژەش دەکەن: "لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا چاوپێکەوتنەکانی لایەنە سیاسییەکان بەردەوام بن و لە چەند رۆژی داهاتوودا چڕتر بکرێنەوەبۆ مسۆگەرکردنی رەوتی چاکسازیی لە پرۆسەی سیاسیدا بە شێوەیەکی بنچینەیی".
ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ شەممە خۆپێشاندەران کە دەگوترێ بەشی هەرە زۆریان لایەنگرانی رەوتی سەدری شیعە مەزهەبن لە بەغدا هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە بەغدا و بۆ ماوەیەک داگیریان کرد.
هاوکات خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر چەند پەرلەمانتارێکی عێراقیی و ئەشکەنجەیان دان و دوابەدوای رووداوەکە حکوومەتی عێراق باری لەناکاوی لە بەغدا راگەیاند.
ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامبوونی نەرەزایەتییەکانی خۆپێشاندەران لە بەغدا کە داوای ئەنجامدانی چاکسازیی دەکەن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات دەکەن لە عێراق دوور لە بەشبەشینەی سیاسیی و نەتەوەیی و مەزهەبیی.
پەرلەمانی عێراق هەفتەی رابردوو لە دانیشتنێکدا متمانەی بەخشییە بەشێکی کاندیدانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکانی نێو حکوومەتە نوێیەکەی عەبادیی، بەڵام رووداوەکانی دوێنێ رێگربوون لە پێش پێدانی متمانە بە تەواوی کاندیدەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
ئا: ئا ، ف