هۆشداری دەدرێت لە بوونی سێ خۆکوژی دیکە لە بەغدا
بزووتنەوەی نوجەبا هۆشداری دەدات لە کردەوەی زیاتری خۆکوژی لە عێراق

K24 - هەولێر
بزووتنەوەی نوجەبا هۆشداری دەدات لە کردەوەی زیاتری خۆکوژی لە عێراق و دەڵێ "ئێستا، سێ کەس کە بەنیازی کردەوەی خۆکوژین و ئازادانە دەسووڕێنەوە".
نەسر شەمەری، گوتەبێژی بزووتنەوی نوجەبا شەوی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئیتجاهی عێراقی، زانیاری لەبارەی خۆکوژەکانی رۆژی پێنجشەممەی بەغدا ئاشکرا کرد.
دەگوترێت یەکێک لە خۆکوژەکانی داعش ناسنامەی سعودی بووە، بۆیە نەسر شەمەری داوا دەکات تووندترین سزا بەسەر دەستگیرکراوانی سعودی لە عێراقدا بسەپینرێت.
هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی "پێنج کەس، بەنیازبوون لەو رۆژەدا خۆیان بتەقێننەوە، دووانیان خۆیان تەقاندەوە و سێ کەسیان ماون، ئەوان هێشتا ئازادانە دەسوڕێنەوە و رەنگە لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا خۆیان بتەقێننەوە".
لە دوو تەقینەوە خۆکوژییە خوێناوییەکەی رۆژی پێنجشەممەی بەغدا، 35 کەس کوژران، زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی نوجەبا زانیاری لەنێو رێکخراوی داعش بەدەست گەیشتووە و بەگوتەی خۆی "زیاتر لە 15 کەس بەنیازبوون تەقینەوە بکەن لە بەغدا و جورف سەخر، هەروەها دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بۆ تەقاندنەوە ئامادەکراون و لەنزیک بەغدان".
دەشپرسێت "کوا هێزە ئەمنییەکان؟ حکومەت تەنیا دەرگای ناوچەی سەوز بەسەر خۆیدا دادەخات و چەند ئەفسەرێک دووردەخاتەوە، کە ئەوانە لایەنی جێبەجێکار نین".
هـ.ر.