د. محەمەد شوکری: ئامانجمانە سەرچاوەکانی داهات هەمەچەشن بکەین

"گرنگی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی دراوە"

K24 - ھەولێر

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستەی وەبەرهێنان کۆمەڵێک مۆڵەتی کاری بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار و 560 ملیۆن دۆلار دەرکردووە، تا ئێستاش 101 مۆڵەتی پڕۆژەی گەورە دراون، لەگەڵ پەسەندكردنی 556 پڕۆژەی وەبەرهێنان.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە کوردستان 24 رایگەیاند: "ئەو مۆڵەتانەی ئێستا دەردەکرێن جیاوازن لەو مۆڵەتانەی پێشتر دراون، مۆڵەتەکان هەمەچەشن کراون و گرنگی زۆر بە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی دراوە".

گوتیشی: "كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گرنگی بە ھەموو سێكتەرەكان دەدات، بەتایبەتی سێكتەری پیشەسازی ھەم پیشەسازی ھەمەچەشن ھەمیش پێشەسازی خۆراك، تا ئێستا مۆڵەتمان بە 40 پڕۆژەی پیشەسازی داوە، خۆشبەختانە رێژەی مۆڵەت دان بە پڕۆژەی كشتوكاڵی بەرزبووەتەوە ئێستا گەیشتووەتە 7.6 پێشتر 5.7 بووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو پلانەی لە كارنامەی كابینەی نۆیەم ھاتووە و سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان زۆر جەختی لەسەرە دەكاتەوە، ھەوڵدەدرێت بۆ زیادكردنی داھات، گرنگی بەو كەرتانە دەدرێت كە داھات بۆ خەڵك و حكومەت زیاد دەكەن".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئاماژەی بەوەشدا: "جگە لە وەبەرھێنان بەكارخستنی خەڵك ئامانجی سەرەكی دەستەی وەبەرھێنانە كە بە چڕی ئیشی لەسەر دەكەین، مەرجی سەرەكی بۆ پڕۆژەكانی وەبەرھێنان ئەوەیە كە دەبێ 75%ی ئەو كەسانەی ئیش لە پڕۆژەكان دەكەن دانیشتووی ھەرێمی كوردستان بن و سوود لە توانای گەنجان و دەرچووانی خۆمان وەربگیرێت".