وەزیری سامانە سرووشتییەکان دەچێتە پەرلەمان

"گفتوگۆ لەبارەی فرۆشتن و دەرھێنان و داھاتی نەوت دەكەن"

کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سرووشتییەکان
کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سرووشتییەکان

K24 - ھەولێر

بڕیارە رۆژی سێشەممەی ھەفتەی داھاتوو کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بچێتە پەرلەمان و لەگەڵ لیژنەی وزەو سامانە سرووشتییەکان  کۆببێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری کوردستان24: "بڕیارە رۆژی 2/2/2021 کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، میوانداری کۆبوونەوەیەکی لیژنەی  وزەو سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بکرێت".

 پێشەوا ھەورامانی  ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی كوردستان بە کوردستان24ی گوت: "شەوی رابردوو لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە رێگەی ئۆنلاین کۆبووینەوە گفتوگۆ لەبارەی راپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت کرا لە بارەی  فرۆشتن و دەرھێنان و داھاتی نەوت کە پێشتر بڵاوکراوەتەوە".

گوتیشی: "ئەندامانی لیژنەکە تێبینی و پرسیاریان لەبارەی کەرتی نەوت و فرۆشتن و دەرھێنانی نەوت چەند پرسێکی دیکە ھەیە، بە پێوستمان زانی میوانداری وەزیر بکرێت، بۆ وەڵامدانەوە و لێکتێگەشتنی زیاتر لەسەر ئەو راپۆرت و پرسیارانە".

ماڵپەری پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، کۆبونەوەکەی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان و  وەزیری سامانە سرووشتییەکان كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی 2ی شوبات بەرێوەدەچێت. کۆبوونەوەکەش بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر كەمكردنەوەی خەرجیی دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتە لە هەرێمی كوردستان.

Fly Erbil Advertisment