یاسای پشتیوانی کارگەکان لە بەرژەوەندی خاوەنەکانیان هەموار دەکرێتەوە
"لە هەرێمی کوردستان (3) ھەزار و (600) كارگە هەن"

K24 - ههولێر:
بڕیارە یاسای پشتیوانی لە کارگەکان، لە بەرژەوەندی خاوەن کارگەکان هەموار بکرێتەوە، گۆتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگهیاند، لە هەرێمی کوردستان (3) ھەزار و (600) كارگە هەن، لە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، (13) کارگەی دیکە داواکارییان بۆ کارکردن پێشکەش کردوە، بۆ پشتیوانی لە بووژاندنەوەی کارگەکان، بە ئامانجی گرنگیدان بە بواری بەرهەمی ناوخۆ، كە یەكێكە لە كارنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆ زیاد بكات و كەرتی ئابووری ببووژێنێتەوە.
یەکێک لە کارنامەکانی کابینەی نۆیەم، گرنگیدانە بە بەرهەمی ناوخۆ، بە جۆرێک تا هەناردەی دەرەوەش زیاد بکات، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی ئاسانکاری بۆ بووژانەوەی کارگەکان دەدرێت، بڕیاریشە ئەو یاسایهی پشتیوانی کارگەکان دهكات، کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کراوە. لە هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە، بەگوێرەی داتایەکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە (3) ههزار و (600) کارگە هەیە، بەشێکی زۆری ئەم کارگانە لە کارکردندان، لە مانگی یەکەمی ساڵی (2021)دا، (13) کارگەی دیکە داواکاری كاركردنیان پێشكەشكردووە.
بەگوێرەی ئەو داتایانهی وەزارەتی پیشەسازی، ئەم کارگانە ساڵی (2019) زیاتر لە (49) هەزار هەلی کاریان رەخساندوە، جگە لەوەی بەشێکیش لە بەرهەمەکانیان بۆ دەرەوە و بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش هەناردە کردووە، پسپۆڕێکی ئابووری پێوایە بووژاندنەوەی ئەم کارگانە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، چونكە جگە لە رەخساندنی ھەلی كار بۆ هەزاران کەس، وادەكات هەرێمی کوردستان لە بەکارهێنەرەوە بکاتە بەرهەمهێنەر.
گۆرانکاری لە بەهای دراو و دینار، کاریگەری لەسەر بەرهەمی ناوخۆ ھەیە و کاریكردووەتە سەر کۆمپانیاکان، تا ئێستا ئەو گۆڕانکارییە، سەقامگیری بۆ بازار درووست نەکردوە، بووژاندنەوەی کارگەکان و گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ، یەکێکە لە کارنامەکانی کابینەی نۆییەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەم کارنامەیەش لە بواری جێبەجێکردندایە.
د.ی