نرخی زیو بۆ بەرزترین ئاستی شەش مانگی رابردووی بەرزدەبێتەوە

بە رێژەی 7.4% بۆ بەرزترین بووەتەوە

زیو
زیو

K24 - ھەولێر

نرخی زیو لە میانی مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممە، بە رێژەی 7.4% بۆ بەرزترین ئاستی شەش مانگی رابردووی بەرزبووەوە.

نرخی زیو لە مامەڵە خێراکان بۆ بەرزترین ئاستی لە دوای 11ـی مانگی ئابی ساڵی رابردووی بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە 28.99 دۆلار.

ئەو کانزایە بە هەمان شێوە لە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووش رێژەی 15% بەرزبووە، هۆکارەکەشی بۆ بڵاوکراوەیەک لە پێگەی ریدیت دەگەڕێتەوە، کە داوای لە وەبەرهێنەران کردبوو پشکی کۆمپانیاکانی کانزاگەری زیو و ئەو سندووقانەی مامەڵەی پێوەدەکەن بکڕن.

برایان لان، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گۆڵد سیلڤەر سێنتراڵ رایگەیاند، ئەوە بۆ پەرچەکرداری ئاسیا دەگەڕێتەوە، کە تاکەکان بە خێرایی روویان لە کڕینی زیو کردووە، سەرەڕای ئەو بازرگانانەش کە دەیانەوێت سوود لە دۆخەکە وەربگرن.

سەرەڕای زیو، نرخی زێڕ بە رێژەی 0.8% بۆ سەرووی 1860 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە، لە گرێبەستە داهاتووەکانیشی بە رێژەی 0.7% بۆ 1863.40 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە.

 

 

Fly Erbil Advertisment