"نرخی نەوت بۆ 65 دۆلار بەرزدەبێتەوە"
گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکات نرخی نەوت تا مانگی تەمموز بۆ 65 دۆلار بەرزبێتەوە
K24 - ھەولێر
بانکی گۆڵدمان ساکس پێشبینییەکانی لەبارەی بازاڕی وزەی بڵاوکردەوە و پێیوایە نرخی نەوت تا مانگی تەمموز بۆ 65 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزدەبێتەوە.
ئەو بانکە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردووەتەوە، کە بە گوێرەی داتاکان 2 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت، لە سێ مانگی كۆتایی 2020 لە بازاڕەکان کەمبووە، هۆکارەکەشی بۆ زۆربوونی خواست و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە لایەن ئۆپێک پڵەس دەگەڕێنێتەوە.
گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکات، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ 900 هەزار بەرمیل نەوت لە بازاڕەکاندا کورتهێنان هەبێت، لە کاتێکدا پێشووتر پێشبینی دەکرد 500 هەزار بەرمیل نەوت لە بازاڕەکان کورتهێنان هەبێت.
ئەو بانکە راشیگەیاند، کەمبوونەوەی خستنەڕوو لە بازاڕەکاندا هاوکار دەبێت، تاوەکو مانگی تەمموز نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ 65 دۆلار بەرزبێتەوە. کەمبوونەوەی وەبەرهێنانیش لە کەرتەکانی دابینکردن، هاوکار دەبێت لە بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە 2022.
ئەو بانکە پێشبینی دەکات، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ خواست بۆ نەوت بۆ 5 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبێتەوە.