ملیۆنان ئەمهریکی چاوەڕێن سەرۆکی نوێ کرێی کارکردنیان بۆ بەرزبکاتەوە
بڕیارە کرێی کارکردن لە ئەمهریکا لە (7.25) بۆ (15) دۆلار بۆ هەر کاتژمێریك بەرزبکرێتەوە
K24 - ههولێر:
بە ملیۆنان ئەمهریكی لە چاوەڕوانی ئەوەدان، ئەم ھەفتەیە لەسەر دەستپێشخەری سەرۆكی نوێی ئەمهریكا رەزامەندی لهسهرزیادكردنی كرێی كاركردن بدرێت، كە بڕیارە تاوەكو ساڵی (2025)، لە ھەر كاتژمێرێكدا لە (7.25) دۆلارەوە بۆ (15) دۆلار بەرزبێتەوە، چاوەڕوانی ئەمهریكییەكان ھاوكاتە لەگەڵ ئەو داكەوتنە گەورەیەی بەرۆكی ئابووریی ئەمهریكای گرتووە، بەو پێیەی لە ساڵی رابردوودا، بە رێژەی (3.5%) دابەزیوە.
بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی بازرگانی ئەمهریكا، ئابووری وڵاتەكە لە ماوەی ساڵی رابردوودا و بەھۆی لێكەوتەكانی كۆرۆناوە، بە رێژەی(3.5%) داكەوتنی تۆماركردووە، لە (1946)ـەوە تاوەكو ئێستا ئەوە بە گەورەترین دابەزینی ساڵانە دادەنرێت.
ھاوكات سەرەڕای ئەوەی لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردوو، ئابووری بەشێكی بووژانەوەی بەخۆوە بینی، بەڵام تیشك خرایە سەر ئەو كەرتانەی، كە بەھۆی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا و زیادبوونی دووری مەودای كۆمەڵایەتییەوە، زۆرترین زیانیان بەركەوتووە.
لەلایەكی دیكەوه، بە ملیۆنان ئەمهریكی لەم ھەفتەیەدا چاوەڕێن تا لەسەر دەستپێشخەرییەكەی جۆ بایدن، سەرۆكی نوێی ئەمهریكا رەزامەندی لهسهر زیادكرنهكه بدرێت، كە ھەوڵدەدات كرێی کارکردن زیادبكرێت، بەجۆرێك تا ساڵی (2025) كرێی ھەر كاتژمێرێك كاركردن لە (7.25) دۆلارەوە بۆ (15) دۆلار بەرزبكرێتەوە، كە ئەوەش ھاوكاتە لەگەڵ ئەو داكەوتنە گەورەیەی بەرۆكی وڵاتەكەی گرتووە.
ئابووری ئەمهریکا، کە زلهێزترینی جیهانە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە داکەوتنی گەورەی تۆمارکرد، کۆمپانیا بچووکەکان و ئەوانەی لە رێستۆرانتەکاندا کار دەکەن، بە یەکێک لە گەورەترین زیانمەندەکان هەژمار دەکرێن، هەر ئەوەشە وایکردووە، کە بە ئەرێنی سەیری پلانی هاوکارییە ئابوورییەکەی بایدن نەکەن، کە بڕەکەی نزیکەی (2) ترلیۆن دۆلارە.
جانێت یەلن، وەزیری نوێی گەنجینەی ئەمهریکا رایگەیاند، بەرزکردنەوەی کرێ، دەبێتە هۆکاری ئهوهی بە دەیان ملیۆن ئەمهریکی لەهەژاری رزگاریان ببێت، هەلی زۆریش بۆ کۆمپانیاکان دروستدەکات، هەموو بابەتەکەش لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە وەستاوە.
نووسینگەی بودجە لە کۆنگرێسی ئەمهریکا پێشبینی دەکات، پێدانی كرێیەک بە بڕی (15) دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک، تا (2025)، رهنگه کرێی (2) ههزار و (703) ملیۆن کەس زیادبکات، هەروەها (1.3) ملیۆن خێزان لە هەژاری دەرباز بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێشبینی دەکرێت، زیان بە (1.3) ملیۆن هەلیکار بگات.
ئەوەش لە كاتێكدایە، ساڵی (2009) دەسەڵاتدارانی ئەمهریكا كرێی كاریان بە (7.25) دۆلار بۆ ھەر كاتژمێرێك دەستنیشانكرد، لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا ئەو بڕە وەك خۆی ماوەتەوە.
د.ی