شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەفتەی داهاتوو بۆ دواکۆبوونەوە دەچێتەوە بەغدا

K24 - بەغدا
شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو کارتەکانی خۆی بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا خستە بەردەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمان، بڕیاریشە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ دواکۆبوونەوە بچێتەوە بەغدا.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو دەقەیە کە تایبەتکراوە بە پشکی ھەرێم لەنێو رەشنووسی بودجەی 2021، لەوە بترازێ ھەر دەقێکی دیکە کە لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور نەبێت، رەتی دەکەنەوە. لایەنە شیعەکانیش بە فرەبۆچوونیی خۆیانەوە، داوای تەواوی دۆسیەی نەوتی ھەرێم دەکەن، ئەمەش خاڵی ناکۆکیی شاندی ھەرێم و بەغدایە.
دیار بەرواری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ "بابەتی رادەستکردنی هەموو فایلەکان، بابەتێکی نادەستووری و نایاساییە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی رازی نابێت، ئەگەر نا چ بەدیلێکی دیکە هەبێت، ئێمە رازین گفتوگۆی لەسەر بکەین".
ئەو گوتانەی دیار بەرواری تەنیا رای پارتی نییە، حوسێن نەرمۆ پەرلەمانتاری یەکێتیی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێ "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک ئەمەی قبوڵ نییە، چونکە تائێستا لە عێراق یاسای نەوت و گاز نییە، بۆیە هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی نەوت دەربهێنێت و بیفرۆشێت لەڕێگەی کۆمپانیاکانەوە".
پێشتر شاندەکەی حکومەتی ھەرێم لە سەرجەم کۆبوونەوەکانیاندا جەختیان لەوە کردبووەوە: ئەوان پابەندی ھەموو رێککەوتنێکن و ھەوڵی ئەوەیان داوە ھیچ بەھانەیەکی یاسایی بۆ حکومەتی عێراق نەھێڵنەوە. حەسەن کەعەبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش لە وەڵامی کوردستان24ـدا ئەوەی نەشاردەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئامادەییەکی خۆی نیشانداوە لە بارەی ئاشکراکردنی داھاتی دەروازە سنوورییەکان و دۆسیەی نەوتی و تەواوی داھاتە نانەوتییەکانیش.
حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی "خاڵە ناکۆکەکان لەسەر کێشەی تەکنیکی و ژمارەکانە، ئەوەش پەیوەستن بە ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێم کوردستان، چاودێریکردنی دیوانی چاودێریی فیدراڵی و دەستەی نەزاھەی ناوەندی لەسەر چەند کەرتێک لەنێو ھەرێمی کوردستاندا. ھەرێمی کوردستانیش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ شەفافیەت لەو دۆسیانە".
شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بەغدا و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دواکۆبوونەوە بۆ رێککەوتن بکات، چونکە ھەر لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو، بڕیارە پەرلەمانی عێراق رەشنووسی پڕۆژەبودجەی ساڵی 2021ـی عێراق بخاتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندکردنی.
هـ.ر.