وەزارەتی گواستنەوە (6) مانگی دیکە مۆڵەت بە شۆفێرانی تاکسی دەدات
تاوەکو مانگی ئاب شۆفێران کاتیان هەیە رێکارەکانیان تەواو بکەن

K24 - ههولێر:
وەزارهتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، مۆڵەتی شەش مانگی دیكه بە خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی تەکسی دەدەن تا لۆگۆی و شریتی کارکردن درووست بکەن.
بەڕێوهبەری گشتی گواستنەوەی ھەرێم رایگهیاند، لەبەر بارودۆخی دارایی لە مانگی ئاداری ساڵی رابردووەوە پڕۆژەکە بە سستی تێپەڕێوە و ھەتا سەرەتای مانگی ئابی ئهمساڵ مۆڵەت بە شۆفێران دەدەن تا رێکارەکان تەواو بکەن.
(4) ساڵە شۆفێری تەکسییە و تا ئێستا لۆگۆ و شریتی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی نەکردووە، محەمەد فاتیح، ھیچ موچەیەکی نییە، کاتێك پرسیاری لێكرا، بۆ تائێستا لۆگۆی تایبەتی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی نەکردووە؟، ئاماژهی بهوه كرد، "لەبەر ئەوەی دەبێت لە دەرەوەی شار، یان لە ناو شاردا کار بکەم، ئێستاش ئیش کەم بووهتەوە"، ئەو گوتیشی: "لەبەر زۆربوونی ئۆتۆمبێلی تەکسی، ئیشی کەم بووە و پێوەری تایبەت بە شۆفێری تەکسیش تا ئێستا وەک پێویست رێکنەخراوە".
رێکخستنی کاری تەکسی لە ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکی وەزارەتی گواستنەوە و وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانە، لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوو، بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خراپی بارودۆخی دارایی، پڕۆژەکە سستی تێکەوت، ئێستا بڕیار دراوە (6) مانگی دیكه بۆ ئەو کەسانەی، کە تا ئێستا لۆگۆیان لێنهداوه، درێژ بکرێتەوە".
جەوھەر ساڵح، بەڕێوبەری گشتی گواستنەوەی ھەرێمی کوردستان ئاماژهی بهوه كرد، ھەر شۆفێرێك لۆگۆی نەکردووە، پێویستە تا ئەو بەروارە لۆگۆی بکات، ئەگەر نا سزادەدرێن.
لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، زۆرترین ئهو تەکسییانهی بەشداری سیستەمەکەیان کردووە، له پارێزگای ھەولێره، بەپێی ئامارى بەڕێوبەرايهتى گواستنەوەی ھەولێریش (35) ھەزار تەکسی لە سنووری پارێزگای ھەولێر تا ئێستا تۆمار کراون.
بەپێی ئەو ئامارەی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان ھەیە، لە ھەرێمی کوردستان (77) ھەزار و (781) تەکسی ھەیە، (7) ھەزار و (292) تەکسی شریت و لۆگۆی تەواو بووە، پارێزگای ھەولێر (5) ھەزار (400) تەکسی لۆگۆی بۆ کراوە، لە پارێزگای سلێمانی ھەزار و (115) تەکسی کاریان تەواو بووە، لە پارێزگای دھۆکيش (777) تەکسی تەواو بووە، ئەم بەرنامەیە بەردەوام دەبێت تا کاری ھەموو تەکسییەکان لە ھەرێمی کوردستان رێکدەخرێتەوە و ھەر شۆفێرێکيش پابەند نەبێت، لە قۆناغی یەکەمدا به (500) ھەزار دینار سزا دەدرێت و بۆ جاری دووەم ئۆتۆمبێلەکەی لێ وەردەگیرێتەوە.
د.ی