"ئەڵوەنی" لە تەعجیلەوە پیتەكان دەدوێنێت

"پەیامێكە، چیدیكه‌ ئەم شوێنەوارە كوردییانە نەكرێنە گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێل و جێگای زبڵ"

عه‌لی ئه‌ڵوه‌نی، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار
عه‌لی ئه‌ڵوه‌نی، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار

K24 - هه‌ولێر:

بە ناونیشانی (پیتەكان دەدوێن)، لە ژێر چاودێریی "هێمن قادر" پارێزگاری هەولێر بە وەكالەت و بە هەماهەنگیی "كۆمسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر"، پێشانگایەكی تایبەتی هونەرمەندی شێوەكار "عەلی ئەڵوەنی"، سبەی سێشەممە (9ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021)، كاتژمێر 10 و نیوی بەیانی، لە گەڕەكی تەعجیلی كۆن لە هەولێر دەكرێتەوە، كە رۆژی دواتریش لە هۆڵی "سەنتەری رۆشنبیریی قەڵای هەولێر" بەردەوام دەبێت.

تابلۆكان بریتین لە (23) تابلۆی رەنگاوڕەنگ و لە نێوان پیت و رەنگەكاندا تێكەڵكێشیيەكی هونەری كراوە، ئەم كارە هونەرییەش، وەكو كارێكی هونەریی تازە لە كوردستان هەژمار دەكرێت، چونكە لە رووی كەرەستە و تەكنیكییەوە لەگەڵ تابلۆیەكی خۆشنووسی تەقلیدی جیاوازە، كە تەنیا لەسەر كاغەز و بە مەرەكەب نووسرابێت، بەڵكو زۆربەی كارەكانی ئەم پێشانگایە كانفاس و فڵچەی وێنەكێشان و رەنگی پۆستەر و روونی بەكارهێنراوە، مەبەست لە شوێنی نمایشی پێشانگاكەش، لە یەكێك لە گەڕەكە كۆنەكانی هەولێرە، یەكەمیان دەرچوونە لەو كارە تەقلیدییەی، كە لە هۆڵەكان نمایش دەكرێت و دووەمیش نیشاندانە بە خەڵكی بیانی، كە هەولێر یەكێك لە شارە كۆنەكانی جیهانە.

گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل، له‌ شاری هه‌ولێر
گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل، له‌ شاری هه‌ولێر

ئەڵوەنی گوتی: "ئێمە هەوڵمان داوە، لە كارەكانماندا رابردوو و داهاتوو بە یەكەوە ببەستینەوە و هەروەها پەیامێكیشە بۆ كاربەدەستانی شاری هەولێر، كە چیدیكه‌ ئەم شوێنەوارە كوردییانە نەكرێنە گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێل و جێگای زبڵ، بەڵكو بە خەڵكی بیانی پیشان بدرێت، كە مێژووی ئەم شوێنە چۆن بووە و چەند كەسایەتیی گەورە لەناویدا ژیاون".

د.ی

Fly Erbil Advertisment