مۆنالیزا ڤاكسینی دژه كۆرۆنا وه‌رده‌گرێت
له پڕۆژه‌یه‌كی هونه‌ریدا ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی جیهانی ڤاكسین وه‌رده‌گرن

K24 - هه‌ولێر:
دوای ته‌شه‌نه‌كردنی كۆرۆنا و خۆپارێزی و مشتومڕی وه‌رگرتنی ڤاكسینی دژه كۆرۆنا و هه‌واڵی ناڕاست له‌سه‌ر كاریگه‌رییه لاوه‌كییه‌كانی ڤاكسینه‌كه، هونه‌رمه‌ندێك له پڕۆژه‌یه‌كی هونه‌ریدا كاری له‌سه‌ر تابلۆی كه‌سایه‌تییه به‌ناوبانگه‌كانی جیهانی له‌سه‌رده‌می جیاواز كردووه و وه‌ك هاندانێك به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری تێكهه‌ڵكێشی پڕۆسه‌ی كوتان و خۆپارێزی كردووه.
محه‌مه‌د جابر، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری میسری، له پڕۆژه هونه‌رییه‌كه‌ی پڕۆسه‌ی خۆپارێزی و كوتان به ڤاكسینی كۆرۆنای له‌سه‌ر تابلۆ جیهانییه به‌ناوبانگه‌كان تێكهه‌ڵكێشكردووه.
جابر روونیكرده‌وه، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ترسێك له په‌تای كۆرۆنا و به‌كارهێنانی ڤاكسینه‌كه هه‌بووه و ئێستاش ئه‌و ترسه‌یه به‌رده‌وامه.
جابر، له ئیمارات داده‌نیشێت و پڕۆژه هونه‌رییه‌كه‌ی وه‌ك هه‌ڵمه‌تی پڕۆسه‌ی كوتان به ڤاكسینی دژه كۆرۆنا ناساند و گوتی: "له رێگه‌ی نه‌خشاندنم له‌سه‌ر تابلۆ جیهانییه به‌ناوبانگه‌گان، مه‌به‌ستمه رۆڵێكم له هوشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی ڤاكسینه‌كه هه‌بێت، بۆئه‌وه‌ی ببێته په‌یامێكی ساده بۆ خۆپارێزی و به‌كارهێنانی ڤاكسینه‌كه".
به‌بۆچوونی جابر، كۆتان به ڤاكسینی دژه كۆرۆنا گرنگه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاكه رێگایه بۆ ده‌ربازبوون له‌و په‌تا جیهانییه.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی ئه‌و تابلۆیانه، جابر ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "ناوبانگی ئه‌و تابلۆ جیهانییانه، ده‌رفه‌تێكی باشه بۆئه‌وه‌ی په‌یامه‌كه‌م ئاراسته‌ی هه‌موو گه‌لانی جیهان بكه‌م، كه كوتان به ڤاكسینه‌كه چه‌ند گرنكه، له "مۆنالیزا"وه بۆ " كچه‌ی خاوه‌ن گواره‌ی مرواری"، ژماره‌یه‌ك تابلۆی كه‌سایه‌تی دیار له پڕۆژه‌كه‌م به ناوی "تابلۆكانی ڤاكسینی كۆڤید- 19" نیشانداوه، كه ڤاكسینی كۆرۆنا وه‌رده‌گرن، یان پێشنیازی وه‌رگرتنی ده‌كه‌ن".
جابر ئه‌و كاره هونه‌رییه‌ی به‌م شێوه‌یه هه‌ڵبژارد، تا به زمانێك په‌یوه‌ندی ئاراسته بكات؛ تا هه‌موو كه‌سێك بتوانن په‌یامه‌كه به ئاسانی و ساده‌یی وه‌ربگرن.
سه‌رچاوه: سی ئێن ئێن
د.ی




