پاراستنی سامانی ئاو بە یاسایی دەکرێت

لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیاسایەك ئامادە دەکەن

یاسای تۆڕی پاراستنی ئاوی نیشتیمانی ئاماده‌ ده‌كرێت
یاسای تۆڕی پاراستنی ئاوی نیشتیمانی ئاماده‌ ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:

یاسای تۆڕی پاراستنی ئاوی نیشتمانی، ھەوڵێکە بۆ پاراستنی ئاوی ھەرێمی کوردستان و بەفیڕۆنه‌دانى، لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانيش لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکانی ئاو و ئاوەڕۆدا ره‌شنووسی پڕۆژەکە دابڕێژنەوە.

لوقمان وەردیی، سەرۆکی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئامانجمانە لەو پڕۆژەیە مافی حکومەت و ھاووڵاتیش نەفەوتێت، سزاش بۆ ئەو کەسانە دادەنرێن، کە زێدەڕۆيی دەکەنە سەر ئاوی نیشتیمانى و بەفیڕۆی دەدەن.

ئاری ئه‌حمه‌د، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان نایشارێتەوە، گەورەترین گرفتی ئێستایان نەبوونی یاسایه‌كه بۆ پاراستنی تۆڕی ئاو، روونیكرده‌وه‌، ھەموو کارەکان بەپێی رێنمايی رێکخراوە، ئەگەر یاسایەک ھەبێت؛ دەتوانن گرفتەکانی بەردەم پێوەری زیرەک و رێگرییەکانی فراوانکردنی تۆڕی ئاوی ھەرێم چارەسەر بکەن.

لیژنەکانی کشتوکاڵ و شارەوانی پەرلەمانی کوردستان، ره‌شنووسی یاساكه‌یان ئامادەکردووه‌، لیژنه‌ی یاسایی خه‌ریكی داڕشتنه‌وه‌ی رەشنووسی یاساکه‌ن، وەکو خۆشیان باسی دەکەن، بابه‌تى پێوەری ئاو ئێستا گرفتێکی گەورەیە، کە پێویستە لە یاساکە گرنگی پێ بدرێت، کاری بەڕێوه‌بەرایەتییەکانی ئاو و سیستەمی تۆڕی ئاوی نیشتیمانیش بە کواليتییه‌کی باشتر دابڕێژرێته‌وه‌.

د.ی