هێڤیدار ئەحمەد: لە بودجەی ھەرێمی كوردستان ئەولەویەت بۆ مووچەخۆرانە

"ئامانج لە داڕشتنی بودجە رێکخستنی داهات و خەرجییەکانە"

K24 – ھەولێر

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، كۆبوونەوەكان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی ھەرێمی كوردستان تەواو بوونە و تەنیا وەزارەتێك ماوە، كە ئامانج لێی رێکخستنەوەی داهات و خەرجییەکانە.

هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 گوتی: "سەرجەم کۆبوونەوەکان تەواو بوونە تەنیا یەک وەزارەت نەبێت، بەگوتەی وەزیری دارایی 15ی ئەم مانگە بودجەكە ئامادە دەكرێت و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت و لەوێ پەسند دەكرێت و دەنێردرێتە پەرلەمانی كوردستان".

گوتیشی: "لە بودجەدا ئەولەویەت بۆ مووچەخۆرانە، ھەروەھا چۆن جارێكی دیكە جوڵەی ئابووری لە ھەرێمی كوردستان دروست ببێتەوە، لە بودجەدا بۆ ھەموو خەڵك دیاردەبێت كە ئەمساڵ حكومەتی ھەرێمی كوردستان گرنگی بە كام كەرت دەدات".

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشدا: "وەزارەتەکان داوای 30 ملیار دۆلاریان کردووە، بەڵام وەزیری دارایی پێی گوتوون کە توانای ئەو قەبارەیان نییە و کەمکراوەتەوە بۆ 14 ترلیۆن دینار".

Fly Erbil Advertisment