ئاستی بەرهەمهێنانی دانەگاز لە هەرێمی کوردستان زیاد دەكات

کۆمپانیای دانەگاز ئاماری کار و چالاکییەکانی 2020ـی بڵاوکردەوە

كێڵگەی نەوتی
كێڵگەی نەوتی

K24 - ھەولێر

كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی رابردووی بڵاوکردەوە، کە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆمپانیاکە زیانیکردووە، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنان و قازانجەکانییان لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، بەجۆرێك بۆ 32 هەزار و 250 بەرمیلی هاوتای نەوتی رۆژانە بەرزبووەتەوە. لە سێ مانگی کۆتایی ساڵیشدا ئاستی بەرهەمهێنانیان 9% بەرزبووەتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتی کۆمپانیای دانەگاز، پوختەی قازانجیان لە تەواوی ساڵی رابردوو 36 ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2019 بڕه‌كه‌ی 88 ملیۆن دۆلار بووە، ئەوەش بێ ئەژمارکردنی شایستە نا نەختینەیی و سەرچاوەکانی دیکەی داهاتە، بە ئەژمارکردنیان پوختەی زیانەکانی کۆمپانیای دانەگاز 376 ملیۆن دۆلارە، بەراورد بە ساڵی 2019 پوختەی قازانجیان 157 ملیۆن دۆلار بووە.

زۆربەی پشکەکانی کۆمپانیاکە، کە قەبارەیان 412 ملیۆن دۆلارە بۆ فرۆشتنی گرێبەستە وشکانییەکانیان لە میسر دەگەڕێتەوە.

لە راپۆرتی ئەو کۆمپانیا ئیماراتییەدا هاتووە، لە کارکردنیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بوونە، کە وایکردووە 32 ملیۆن دۆلار لە پوختەی داهاتیان زیاد بکەن، ئەوەش رەنگدانەوەی قازانجی کۆمپانیاکەیە کە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەڵام لە کارکردنیان بەردەوامبوون.

لە بارەی پڕۆسەی بەرهەمهینانەوە، تێکڕای ئاستی بەرهەمهێنانیان لە ساڵی رابردوو 63 هەزار و 200 بەرمیلی هاوتای نەوتی رۆژانە بووە، بەراورد بە ساڵی 2019 بە رێژەی 5% دابەزیوە، کە 66 هەزار و 200 بەرمیلی هاوتای نەوتی رۆژانە بووە.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان، ئاستی بەرهەمهێنانیان بە رێژەی 2% بۆ 32 هەزار و 250 بەرمیلی هاوتای نەوتی رۆژانە بەرزبووەتەوە، ئەوەش توانیویەتی تا رادەیەک قەرەبووی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانیان لە میسر بکاتەوە، کە بە رێژەی 8% بۆ 30 هەزار و 300 بەرمیلی هاوتای نەوتی رۆژانە دابەزیوە لە کاتێکدا لە ساڵی 2019 ئاستی بەرهەمهێنانیان 33 هەزار بەرمیلی هاوتای نەوتی رۆژانە بووە.

هەروەها ناوەندی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە چارەکی کۆتایی ساڵی رابردوو بە رێژەی 2% بۆ 63 هەزار و 600 بەرمیلی هاوتای نەوتی رۆژانە بەرزبووەتەوە. بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، دوای فراوانکردنی وێستگەی کۆرۆمۆر، ئاستی بەرهەمهێنانیان بە رێژەی 9% بۆ 33 هەزار 250 بەرمیلی هاوتای نەوتی رۆژانە بەرزبووەتەوە.

لە راپۆرتەکەی دانەگازدا هاتووە، لە ساڵی 2021 کۆمپانیاکە پێنج بیری پەرەپێدان لە هەرێمی کوردستان هەڵدەکۆڵێت، کە بڕیاربوو ساڵی داهاتوو دەست بەکارکردنیان بکات.

د. پاتریک ئاڵمان، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، تەواوی ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە رووبەڕووی چەندین تەحەدا و دۆخی تایبەت بوونەوە، کە دەرهاویشتەی لەسەر بازاڕ و کەرتی نەوت و گاز هەبوو، بەهۆیەوە نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاستی 20 ساڵی رابردووی دابەزی.

لە راپۆرتەکەی دانەگازدا هاتووە، سەرەڕای ئاڵنگارییە داراییەکان بە درێژایی ساڵی رابردوو، بەڵام لە مانگی ئاداری 2020ـەوە کۆمپانیاکە بە رێکوپێکی شایستەکانی لە هەرێمی کوردستان لە بەرواری دیاریکراودا وەرگرتووە.