سەدر: هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر بۆ رێگرییە لە سەردانەکەی پاپای ڤاتیكان
"گەمارۆدانی فڕۆكەخانەكانی باشووری عێراق ھۆكارێكی دیكەیە"
K24 - ھەولێر
رێبەری رەوتی سەدر پێوایە هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر و هەڕەشەکانی تورکیا لە شنگال، بۆ رێگرییە لە سەردانەکەی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق.
لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر نوسیوویەتی "هێرشە بێ پاساوەكەی سەر هەولێر و ئەوەی لە شنگال روودەدات لەگەڵ گەمارۆدانی فڕۆكەخانەكانی باشووری عێراق سەرەتایەکە بۆ دواخستنی سەردانی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق، یان دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە".
هەروەها رێبەری رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەداوە، بەهیچ شێوەیەک دەستێوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات.
بڕیارە سەرەتای مانگی داھاتوو پاپای ڤاتیكان سەردانی ھەرێمی كوردستان و عێراق بكات.
بەگوێرەی بەرنامەی راگەیەندراو پاپا فرانسیس، لە 5/3/2021 دەگاتە بەغدا. بڕیاریشە رۆژی دواتر پاپای ڤاتیكان سەردانی نەجەف بكات و لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان كۆببێتەوە، لەوێوە سەردانی شاری شوێنەواری ئوور بكات.
پاپای ڤاتیكان رۆژی 7ی ئازار سەردانی هەولێر دەكات و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و پیاوانی ئایینی پێشوازی لێدهكرێت.