ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی: ھیچ زیادبوونێك لە ژمارەی ھێز و بنكە سەربازییەكان لە سووریا نییە 

ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی: ئەركی ھاوپەیمانی لە باكووری رۆژھەڵاتی سووریا نەگۆڕاوە

گوتەبێژ بەناوی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، واین مارۆتۆ
گوتەبێژ بەناوی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، واین مارۆتۆ

K24 – ھەولێر:

ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سووریا رایگەیاند، لەوێ ھیچ زیادبوونێك لە قەبارەی ھێزەكان و بنكەكانی ئەمەریكا نییە، ئەم قسانەش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ھەندێك لەو راپۆرتانەی ئاژانسی "سانا"ی فەرمی ھات.

گوتەبێژ بەناوی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی واشنتن، واین مارۆتۆ لە تویتێكدا لە سەر پێگەی تویتەر گوتی: "ئەركی ھاوپەیمانی لە باكووری رۆژھەڵاتی سووریا نەگۆڕاوە، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ ھاوبەشەكانمان لە ھێزەكانی سووریای دیموكرات كار دەكات لەپێناو شكستپێھێنانی داعش".

ھەروەھا گوتی: "ھاوپەیمانی بەشێوەیەكی رێكخراوە گەڕی ئەمنی ئەنجامدەدات بەمەبەستی دووبارە گەیاندنی كەلوپەلی لۆجستی كاروانەكان لە ناوچەی ئەمنی لە رۆژھەڵاتی سووریا و پشتیوانیكردن و بەھێزكردنی بنكەكان".

لە كۆتایی تویتەكەدا گووتی: "ھیچ زیادبوونێك لە قەبارە و بنكەكاندا نییە".

تت

"سانا" پێش سێ رۆژ رایگەیاندبوو، ھێزەكانی ئەمەریكا دەستیانكردووە بە درووستكردنی بنكەیەكی نوێ لە ناوچەی ئەلمالكییە لە ئەو پەڕی باكووری رۆژھەڵاتی حەسەكە.

پێش مانگێكیش، "سانا" رایگەیاندبوو، ھێزەكانی ئەمەریكا دەستیانكردووە بە درووستكردنی بنكەیەكی نوێ لە ناوچەی ئەلیەعروبیە لە ناوچە گوندنشینەكانی رۆژھەڵاتی حەسەكە.

سەرچاوە: RT