شکاندنی دیواری جوگرافیا

شکاندنی دیواری جوگرافیا
شکاندنی دیواری جوگرافیا

سەدان ساڵ، وەک چارەنووسێکی نەگۆڕ و هەمیشەیی، سەیری جواگرافیا دەکرا. نەتەوەکان ببوونە دوو بەش؛ یان کەوتبوونە سەر کەناراوەکان و گەرووە گرنگ و ستراتیژییەکان و بەمەیش نەتەوەی بەختەوەر بوون، یانیش نەتەوەی ژێردەست و بەندکراو لە نێوان چیا بەرزەکان و سنوورە وشکانییەکاندا. لەو نێوەدا "جوگرافیا" بۆ نەتەوەی کورد تەنیا چەمکێکی زەویناسی نەبوو، بەڵکوو دیوارێکی بەرز و ئەستوور بوو کە رێگەی نەدەدا پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ جیهاندا هەبێت، گەشەی ئابووری بکات و لەو رێگەیەوە سەربەخۆیی فکری و سیاسی هەبێت. ئەمە تا سەدەی بیست و یەکەم درێژەی کێشا، بەڵام لەو سەدەیەدا، پێناسەی "ناوچە" و "سنوور" بە تەواوی گۆڕان. ئەم گۆڕانەش، بە هۆی شۆڕشی دیجیتاڵی و ئابووریی مەعریفەوە (زانیاری و داهێنان، سەرچاوەی داهاتن نەک سەرچاوە سروشتییەکان) بوو کە سەلماندیان جوگرافیا چیتر بەربەستێکی هەمیشەیی و نەگۆڕ نییە. مەعریفە، توانی بێچەک و بەبێ بەزاندنی ئەو سنوورانەی زلهێزەکان کێشاویانە، دیواری پۆڵایینی جوگرافیا تێکبشکێنێ و رێگەی چوونی نەتەوەپەراوێزخراوەکان بۆ ناوەندەکانی بڕیاردانی جیهانی، خۆش بکات. 

جەبری جوگرافیا لە بەرامبەر ئازادیی دیجیتاڵیدا

ناپلیۆن بۆناپارت کە سیمبولی بیری ژیۆپۆلەتیکی کلاسیک بوو (سیاسەتی پشت بەستوو بە جەبری جوگرافیا)، قسەیەکی بەناوبانگی هەیە. ئەو دەڵێت: سیاسەتی هەر دەوڵەتێک، لە جوگرافیاکەیدا شاراوەتەوە. 

ئەو بۆچوونەی پۆناپارت، لە ئابووری کلاسیکیشدا بە جۆرێک رەنگی داوەتەوە؛ خاوەندارێتی ئاوی کراوە، رێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی و گەرووی ستراتیژی، بنەمای دیاریکردنی دەستەڵاتی ئابووری وڵاتان بوو. 

ئەم بۆچوونانە لەگەڵ پێشکەوتنی خێرای جیهان، گۆڕانکاریان بەسەردا هات. جۆزێف ستیگلتز، ئابووریناسی ناوداری جیهانی و براوەی خەڵاتی نۆبڵ، گەشەی ئابووری بە "مەعریفە"وە دەبەستێتەوە. ئەو لە کتێبی (دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی فێرخواز ) ئاماژە بەوە دەکات، گەشەی ئابووری لە جیهانی هاوچەرخدا بە پلەی یەکەم، بە "سامانی مەعریفە و فێربوونەوە" بەستراوەتەوە نەک "سامانی سروشتی و جوگرافیا". 

ئەم نموونانە، پرسەکە روونتر دەکەنەوە. ئەو کاتەی وڵاتێکی وەک سەنگاپوور لە ژێر رەحمەتی گەرووی "مالاکا" بوو بە ناوەندێکی بازرگانی، ئەو وڵاتانەی رێگەیان بەرەو ئاوەئازادەکان نەبوو، تووشی بنبەستی ئابووری و سیاسی دەبوونەوە. هەڵبەت دواتر چیرۆکەکە گۆڕا. 

لەگەڵ شۆڕشی ئینتەرنێت و تۆڕە دیجیتاڵییەکان، پێگەکان گۆڕان؛ بارەکان لە هەزاران تۆنەوە، بوون بە بارێک بە سووکی پەڕ، واتا باری "داتا و بیت". ئێستا بەرنامەیەکی سۆفتوێر یان شیکارییەک کە پشتی بە ژیریی دەستکرد بەستووە، لە نێو ژووێکی بچووکی شارێکی دوورەدەستەوە دروست دەکرێ و بە کۆمپانیایەک لە نیۆیۆرک یان ستۆکهۆڵم دەفرۆشترێ، بە بێ ئەوەی بە بەندەر یان سنوورێکی جوگرافیاییدا تێپەڕێت و تەنانەت گومرکیش نادات. 

تیۆریی گەشەی دەروونی

پۆل رۆمەر، ئابووریناسی بەناوبانگ، لە تیۆریەکدا سەلماندی کە گەشەی ئابووری تەنیا لە رێگەی زۆربوونی ژمارەی هێزی کار و سەرمایەوە بەدی نایەت، بەڵکوو ئەوە "داهێنان و بیرۆکەی نوێن" کە بزووێنەری سەرەکی گەشەن. ئەو تیۆرییە، بە تیۆری "گەشەی ناوەکی" ناسرا و ساڵی 2018 خەڵاتی نۆبلی ئابووری پێبەخشرا. 

رۆمەر، لەو تیۆرییەدا دەڵێ: سەرچاوە سروشتییەکان سنووردارن، بەکاردەهێندرێن و تەواو دەبن، بەڵام بیرۆکەکان، مەعریفەی بێسنوورن و بەبەکارهێنانیان لەبن نایەن، بەڵکوو بەهێزتر دەبن. 

کاتێک ئاراستەی کۆمەڵگەیەک لە "بەکارهێنەر"ی تەکنەلۆژیاوە بۆ "بەرهەمهێنەر"ی مەعریفە دەگۆڕدرێت، هاوکێشەی هێز بە تەواوی دەگۆڕدرێت. ئەو کات خاک و جوگرافیا بەهای خۆیان لە بەرامبەر "سەرمایەی مرۆیی"دا لەدەست دەدەن. 

ئەو بۆچوون و تیۆریانە دەکرێ بە پشتەبەستن بە ئامارەکان، بسەلمێندرێن. پێوەرە جیهانییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە ئەو وڵاتانەی لە رووی جوگرافیاییەوە گۆشەگیربوونە و سەرچاوەی نەوتیان نەبووە، توانیویانە لە رێگەی وەبەرهێنان لە عەقڵدا، پێش وڵاتانی دیکە بکەون. 

ئیستۆنیا، یەک لە نموونە بەرچاوەکانی ئەو وڵاتانەیە. کاتێک ئیستۆنیا ساڵی 1991 لە یەکێتی سۆفییەت جیا بووەوە، تووشی گۆشەگیری بوو، چونکە هیچ سەرچاوەیەکی دارایی نەبوو. دواتر دەستەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، سیاسەتێکیان بە ناو e-Estonia داڕشت. پوختەی سیاسەتەکە ئەمە بوو، "ئاراستەی تەواوی پەروەردە، بەرەو کۆدنووسین و تەکنەلۆژیا." ئەوان لە رێگەی ئەم سیاستەوە توانیان چەند کۆمپانیای ملیار دۆلاری وەک Skype، Playtech، وWise و دەیانی دیکە، دابمەزرێنن.  بە هۆی ئەم سیاسەتانە و بە پێی راپۆرتی بانکی جیهانی، داهاتی ساڵانەی هەر تاکێک لەو وڵاتە (بە شێوەی مامناوەند)، لە سێ هەزار دۆلارەوە لە ساڵی 1995 بۆ 30 هەزار دۆلار بەرز بووەتەوە. 

لەلایەکی دیکەوە بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکانی پلاتفۆرمی زانیاری و ئاماری ستاتیستا (Statista)  بەهای پێنج کۆمپانیای گەورەی تەکنەلۆژیا (Microsoft, Apple, Nvidia, Alphabet, Amazon) لە ساڵی 2024، لە 12 تریلیۆن دۆلار تێپەڕیوە. ئەم ژمارەیە زیاترە لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا. 

رزگاربوون لە داوی کۆیلایەتی

کاتێک ئابووری وڵات یان نەتەوەیەک بە تەواوی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان بێ، کۆیلایەتی جوگرافیایی روو دەدات. هاوکات ئەو وڵاتە لە رووی سیاسییەوە سەربەخۆ نییە، ئەگەر وڵاتێکی دراوسێی بتوانێ بە داخستنی دەروازەیەکی سنووری یان بۆڕیی نەوت، ئابووریی ئەو وڵاتە ئیفلیج بکات. 

کۆیلایەتی جوگرافی کاتێک روودەدات کە ئابووریی نەتەوە یان وڵاتێک بۆ بژێوی ژیان، بە تەواوی پەیوەست بە رێرەوە فیزیکییەکان بێت. کاتێک وڵاتانی دراوسێ دەتوانن بە داخستنی دەروازەیەکی سنووری یان شادەمارێکی نەوت، ئابووریی وڵاتێک ئیفلیج بکەن، بێگومان ئەو وڵاتە لە رووی سیاسییەوە ئازاد نییە.

کۆمەڵناس و ئابووریناسی ئیسپانی، مانوێل کاستێڵس، لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، چەمکی "کۆمەڵگەی تۆڕی" خستەڕوو. ئەو، لەو چەمکەدا روونی دەکاتەوە کە هێز لە جیهانی نوێدا، لە دەست ئەو لایەنانەدا نییە کە خاوەنی خاک و جوگرافیان، بەڵکوو لە دەست ئەو کەس و لایەنانە دایە کە تۆڕەکان و گواستنەوەی زانیاری کۆنتڕۆڵ دەکەن. 

هەر وڵات یان کۆمەڵگەیەک دەتوانێ بە جێبەجێکردنی سیاسەتی تایبەت لەو کۆیلایەتییە رزگاری بێت. کاتێک لە رێگەی شۆڕشێکی پەروەردەییەوە، عەقلییەتی کۆمەڵگە لە "بەکارهێنەرە"وە بۆ "بەرهەمهێنەر" دەگۆڕدرێت و "کۆد و مەعریفە" دەبێتە سەرمایەی مرۆیی، ئەو کات ئازادی ئابووریی مسۆگەرە و کۆیلایەتی جواگرافیایی نامێنێ.

سەدەی بیست و یەکەم؛ هەلی نوێ

لە نێو هەناوی هەر کێشەیەکدا، هەلێکی نوێ بۆ هەستانەوە و بەهێزبوون هەیە. لەو سەردەمەدا کە گۆڕانکارییەکان زۆر خێران، شکست و سەرکەوتنیش هەر بەو رادەیە خێرایە.

سەدەی بیست و یەکەم، سەدەی کۆد و داهێنانی نێو دەمارەکانی مێشکی تاکە، نەک نەوتی نێو شادەماری ئابووریی زۆربەی وڵاتانی ناوچەیی. ئەو سەدەیە، سەدەی داماڵینی ئابوورییە لە کێش.

کاڵاکانی سەدەی بیستەم (نەوت، ئاسن، گەنم) قورس و گەورەن، هەر بۆیە پێویستیان بە بۆڕی، کەشتی و شەمەندەفەرە، بەڵام کاڵاکانی سەدەی بیست و یەکەم (کۆد، بیت و …)، سووک و قەبارە بچووکن، ئەوان پێویستیان بە مۆڵەتی گومرگی وڵاتانی دراوسێ نییە.

ئەو سەدەیە، سەدەی بەزاندنی سنوورەکانە. کاتێک گەنجێکی کورد لە سۆران، سلێمانی یان دهۆک وەک فریلانسەرێک بۆ کۆمپانیایەکی کەنەدی کار دەکات و داهات بەدەست دێنێ، ئەو گەنجە دیواری جواگرفیا و سنوورەکانی بەرزاندووە. ئەو، چیتر چاوەڕێی دەوڵەت یان رێککەوتنە سیاسییەکان ناکات بۆ ئەوەی بژێوی خۆی دابین بکات. 

وڵاتێک کە خاوەنی هەزاران کۆدنووس، پسپۆڕانی ژیریی دەستکرد و ئابووریی دیجیتاڵی بێت، تووشی گەمارۆی ئابووری نابێت؛ پێش لە زانیاری ناگیرێت و ناوەستێندرێت.

لەو سەدەیەدا ئەمە زۆر روونە کە دیواری جواگرافیا بە بڕیاری سیاسی یان دروشم ناشکێندرێ، بەڵکوو ئەمە پرۆسەیەکی درێژخایەنی عەقڵییەتە.

پێویستە ئەو باوەڕە هەڵەیە راست بکەینەوە کە "جوگرافیامان، چارەنووسی تەهەتایەمان دیاری دەکات". ئەلبێرت ئانیشتاین، زانای گەورە، دەڵێ: ناتوانین کێشەکانمان بە هەمان ئەو عەقڵییەتە چارە بکەین کە کێشەکانمان پێ دروست کردوون.

لەو روانگەیەوە، پشتبەستن بە نەوت و زەوی و سنوورە وشکانییەکان، بەردەوامکردنی هەمان عەقڵییەتی کۆنە کە ئێمەی کردووەتە پاشکۆی بریاری وڵاتانی دەوروبەر.

مەعریفە (بە شێوەی کۆد، زانست، داهێنان و بیری سەربەخۆ) تاکە هێزە کە دەتوانێ سنوورە دەستکردەکان ببەزێنێ و چیا بەرزەکان ببڕێ. کاتێک مێشکی کورد دەبێتە ناوەندی بەرهەمهێنانی فیکر و تەکنەلۆژیا، جوگرافیا ناچارە بە چۆکدادان و ناوچەکە دەبێتە بەشێک لە ئابووریی جیهانیی کراوە.