مەسروور بارزانی: دەبێت گەلەکەمان بەرە و سەربەخۆیی هەنگاو بنێ

"با چیتر رێگە نەدەین بە بیانووی جیاواز، کە کاتی ئەوە نییە یاخوود بارودۆخ گونجاو نییە، هەر بە پاشکۆ بمێنینەوە. کاتی ئەوەیە خۆمان بڕیاری خۆمان بدەین"

K24-هەولێر

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند دەبێت گەلەکەمان بەرە و سەربەخۆیی هەنگاو بنێ و با چیتر رێگە نەدەین بە بیانووی جیاواز، کە کاتی ئەوە نییە یاخوود بارودۆخ گونجاو نییە، هەر بە پاشکۆ بمێنینەوە. کاتی ئەوەیە خۆمان بڕیاری خۆمان بدەین.

مەسروور بارزانی بە بوونەی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر واژۆکردنی رێککەوتنامەی سایکس پیکۆ کە نەخشەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داڕشتەوە و دۆخی کوردی بەجارێک گۆڕی، لە پەیامێکدا راشیگەیاند: "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەک دان بەم هەڵە کارەساتبارەدا بنێن. بۆ راستکردنەوەی ئەم ستەم و نادادپەروەرییە پێویستە رێگە بە خەڵکی ناوچەکە بدرێت بڕیار لە سەر ماف و چارەنووسی خۆیان بدەن".

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستان دەشڵێ: "هیوادارم چی دیکە گەلی کوردستان رێگە نەدات لە ژێر هیچ بیانوویەک و هیچ فشارێک هێز یان لایەنێک یاریی بە چارەنووسیان بکات و ئەم دەرفەتەی هاتووەتە پێش لە دەستبچێت. دەبێت گەلەکەمان خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بەرە و سەربەخۆیی هەنگاو بنێت".

مەسروور بارزانی  ئاماژەش دەکات:"سەربەخۆیی لە ناخەوە دەستپێدەکات. دەبێت بمانەوێت سەر بە خۆمان بین تاکوو سەربەخۆ بین. نابێت رێگە بدەین یارییە سیاسییەکان و بەرژەوەندیی تەسکی حزبی یان ویستی کەسیی بەربەست بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دروست بکات. ئەگەر خۆمان ژێردەستی قبووڵ نەکەین هیچ هێزێک ناتوانێت بمانچەوسێنێتەوە. با خۆمان بڕیار بدەین و رێگە نەدەین هیچ کەس و لایەنێک لە جیاتی ئێمە بڕیار بدات. با چیتر رێگە نەدەین بە بیانووی جیاواز کە کاتی ئەوە نییە یاخوود بارودۆخ گونجاو نییە، هەر بە پاشکۆ بمێنینەوە. کاتی ئەوەیە خۆمان بڕیاری خۆمان بدەین".

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستان داوایەک دەخاتەڕوو و دەڵێ: "لەم بوونەیەدا داوا دەکەین هەموو جیهان و بەتایبەت گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێز لە قوربانییەکانی گەلەکەمان و بڕیارەکەی بگرن و ئەم هەڵوێستەی ئێمە بە دەستپێشخەرییەکی ئاشتییانە و چارەسەری بنەڕەتی وەربگرن و بە دۆست و دراوسێی هاوتا و یەکسان یەکتر قبووڵ بکەین".

ئەمەش دەقی پەیامەکەی مەسروور بارزانییە:

ئەمرۆ سەد ساڵ بەسەر رێککەوتنی سایکس_پیکۆ تێدەپەرێت کە، بۆ بەشێکی زۆری خەلکی ناوچەکە و بە تایبەتی کورد پڕ بووە لە وێرانکاری و ژێردەستی و نادادپەروەری. رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەو کاتەوە ئاشتی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە، چونکە دانانی سنوورەکان و دابەشکردنی ناوچەکە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گەورە هێزەکانی ئەوسا بووە، بە بێ ڕەچاوکردنی ویستی نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکە بۆ بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان.

لە ئەنجامی ئەم چەوتیە مێژووییە، ناوچەکەمان دوچاری قەیران و شەر و وێرانکاریی زۆر بووە و گەلەکەمان قوربانیی زۆری داوە لە پێناو پاراستنی ناسنامەی خۆی.

ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەک دان بەم هەڵە کارەساتبارە دابنێن. بۆ راستکردنەوەی ئەم ستەم و نادادپەروەریە پێویستە رێگە بە خەلکی ناوچەکە بدرێت بڕیار لە سەر ماف و چارەنووسی خۆیان بدەن.

هیوادارم چیی دیکە گەلی کوردستان رێگە نەدات لە ژێر هیچ بیانووەک و هیچ فشارێک، هێز یان لایەنێک یاری بە چارەنووسیان بکات و ئەم دەرفەتەی هاتۆتە پێش لە دەست بچێت. دەبێت گەلەکەمان خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بەرەو و سەربەخۆیی هەنگاو بنێت.

سەربەخۆیی لە ناخەوە دەست پێ دەکات. دەبێت بمانەوێت سەر بە خۆمان بین تاکو سەربەخۆ بین. نابێت رێگا بدەین یارییە سیاسییەکان و بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی یان ویستی کەسی بەربەست بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دروست بکات. ئەگەر خۆمان ژێردەستی قبول نەکەین هیچ هێزێک ناتوانێت بمانچەوسێنێتەوە. با خۆمان بڕیار بدەین و رێگە نەدەین هیچ کەس و لایەنێک لە جیاتی ئێمە بڕیار بدات. با چیتر رێگە نەدەین بە بیانووی جیاواز کە کاتی ئەوە نیە یاخود بارودۆخ گونجاو نیە، هەر بە پاشکۆ بمێنینەوە. کاتی ئەوەیە خۆمان بڕیاری خۆمان بدەین.

لەم بۆنەیەدا داوا دەکەین هەموو جیهان و بە تایبەت گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێز لە قوربانییەکانی گەلەکەمان و بڕیارەکەی بگرن و ئەم هەڵوێستەی ئێمە بە دەستپێشخەرییەکی ئاشتیانە و چارەسەری بنەڕەتی وەربگرن و بە دۆست و دراوسێی هاوتا و یەکسان یەکتر قبول بکەین.

16 مانگی ئایاری ساڵی 1916 بریتانیا و فەرەنسا لە سەر داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێکەوتن و دوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانییەکان، ناوچەکەیان لەنێوان خۆیاندا لە چوارچێوەی رێکەوتنامەی ناسراو بە سایکس پیکۆ دابەشکرد.

دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم و لە ساڵی 1920 بە کرداریی نەخشەکە جێبەجێکراو سووریا و لوبنان بۆ فەرەنسا، عێراق و فەڵەستین و ئوردنیش خرانە ژێر دەسەڵاتی بریتانیا و دەرئەنجام گەلی کورد و کوردستانیش بەسەر وڵاتانی تورکیا و عێراق و سووریا و ئێران دابەشبوون.

ئا: ئا ، ف

Fly Erbil Advertisment