ئاستەنگەکانی بەردەم کریستیانۆ رۆناڵدۆ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ

 

K24-هەولێر

ئەمڕۆ هەینی 12 ئاداری 2021 سەردێری زۆربەی رۆژنامە وەرزشیەکانی جیهان باس لە گەڕانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری یانەی یۆڤێنتۆس بۆ ریال مەدرید دەکەن.

کەناڵی El Chiringuitoـی ئیسپانی یەکەم سەرچاوە بوو کە دەنگۆی گەڕانەوەی رۆناڵدۆی بۆ ریال مەدرید بڵاوکردووە، ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات خۆرخێ مێندێز بەرێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە پەیوەندی بە کارگێری مێرنگی کردووە و هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو یاریزانە دەکات.

کریس دوای ئەوەی بۆ ساڵی سێیەم لەسەر یەک نەیتوانی لەگەڵ یانەی یۆڤێنتۆس ناسناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست بێنێت، بە کاتێکی سەختدا تێدەپەرێت و هاندەرانی ئەو یانەیە و بەشێک لە یاریزانەکانی پێشووی ئەو یانەیە پەنجەی تۆمەت بۆ ئەو یاریزانە پۆرتوگاڵیە درێژ دەکەن.

دوای دەرکردنی یانە ئیتاڵیەکە هەر لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ، چوار بژاردە باس دەکرێن بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو دۆن پەیوەندی پێوە بکات، کە دیارترینیان یانەی ریال مەدریدە.

گەورەترین کێشە بۆ ئەو یانەیە بیەوێت یاریزانەکەی خانمە پیرەکە بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە، تێچووی گواستنەوەکەیەتی، یانە ئیتاڵیەکە لە پێناو دەستبەرداربوون لەو یاریزانە داوای 60 ملیۆن یۆرۆ دەکات.

خەرج کردنی ئەو هەموو پارەیە لە کاتێکدا بە هۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کارێکی قورسە، چونکە یانەکان تووشی قەیرانێکی قول بونەتەوە، هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە ئەو یاریزانە لە تەمەنی 36 ساڵیدایە و ئەستەمە بتوانێت ئەو ئاستەی چاوەڕێ لێدەکرێت پێشکەشی بکات.

Fly Erbil Advertisment